پرسەیەك نەخۆشخانەیەكی سلێمانی بەتەواوەتی كەرەنتین دەكات

:: PM:01:12:20/05/2020 ‌
بەهۆی بەشداریکردنی کارمەندێکی نەخۆشخانەی شۆڕش لە پرسەیەکدا کە تێیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و دوو کارمەندی تریشی تووش کردووە، تەواوی نەخۆشخانەکەیان کەرەنتین دەکرێت.

لە ئەنجامی پشكنینەكان دەركەوتووە حەوت كەسیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان كە چوار كەسیان كارمەندی نەخۆشخانەی شۆڕشن 
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، شەماڵ جەبار بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی بە میدیاكانی راگەیاند، گومان لە نەخۆشخانەی شۆڕش هەبوو و هەشت كەسمان كەرەنتین كردبوو، لە ئەنجامی پشكنینەكان دەركەوتووە حەوت كەسیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان كە چوار كەسیان كارمەندی نەخۆشخانەی شۆڕشن و ئەوانی تر هاووڵاتیی ئاسایین.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش گوتی، ئەو نەخۆشخانەیە بەتەواوی كەرەنتین كراوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین بۆ ماوەی 48 سەعات سەردانمان نەكەن تا پشكنین بۆ سەرجەم كارمەند و پزیشكەكانمان دەكەین.

باسی لەوەش كرد، ئەو چوار كارمەندەی نەخۆشخانەی شۆڕش، سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن، پێشتر یەكێكیان بەشداریی لە پرسەیەكدا كردووە و لەوێ تووش بووبوو، بۆیە بووەتە هۆی تووشبوونی ئەوانی تریش.

لە دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هاتووە، كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 431 كەس، لە ناویاندا پێنج مردن هەیە و 383 نەخۆشیش چاك بوونەتەوە، ئێستە تەنیا 43 نەخۆش لەژێر چاودێریی پزیشكدان.



وشە - رامیار جەواد