بەرپرسێكی هەولێر ڕوونی دەكاتەوە، تەنیا لە مانگی ڕەمەزاندا بڕی 75 تۆن خۆراك و كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێكی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵكە، ئەمڕۆیش بڕی 33 تۆن دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تیمەكانی چاودێریی بازاڕ، ئەمڕۆ توانیان دەست بگرن بەسەر بڕی 33 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچوو و نەشیاو.
ئەو خۆراكانە پێكهاتبوون لە خورما و قەیسی و چەند پێداویستییەكی تر كە هاووڵاتییان ڕۆژانە بەكاریان دەهێنن
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی هەولێر گوتی، ئەو خۆراكانە پێكهاتبوون لە خورما و قەیسی و چەند پێداویستییەكی تر كە هاووڵاتییان ڕۆژانە بەكاریان دەهێنن.
باسی لەوەش كرد، ئەو خۆراكانە پێش بەسەرچوونیان هێنراونەتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە كۆگاكان ماونەتەوە و هەوڵ دراوە ساغ بكرێنەوە. بەهاوكاری هۆبەی ئابووری ئاسایش توانرا دەستیان بەسەردا بگیرێت پێش گەیشتن بە هاووڵاتییان.
ڕوونی كردەوە، تیمەكانمان تەنیا لە مانگی رەمەزاندا توانیویانە دەست بەسەر بڕی 75 تۆن كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بگرن و لەناویان ببەن.
دەستگرتن بەسەر ئەو خۆراكانە لە كاتێكدایە، ئێستە خورما و قەیسی داخوازی زۆری لەسەرە بەهۆی مانگی رەمەزان و نزیكبوونەوەی جەژن.