هەوڵی باڵەكانی یەكێتی بۆ تێكشكاندنی قوباد تاڵەبانی دەستی پێ‌ كرد

:: PM:03:02:20/05/2020 ‌
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، لەناو یەكێتی هەوڵی تێكشكاندنی قوباد تاڵەبانی دەدرێت و خەڵكی سلێمانیشیان بەهەڵە تێگەیاندووە لە بابەتەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، خۆشەوی خەلیل ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، یەكێتی تەنیا مەبەستی ناسەقامگیری و دروستكردنی تەنگژەیە لە كوردستان.

ئەو تەنگژانانەی لە هەرێم دروست دەبن، یەكێتی بەرپرس بووە و سەرەڕای ئەوەی لە حكوومەتن و بەشدارن
ڕوونی كردووەتەوە، سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكان و داخوازی هاونیشتمانیان بۆ چاكسازی لە هەموو جومگەكانی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان، بەڵام رووی قسەمان هەر لە یەكێتی دەكەین كە كاڵفامەكانیان بەراوردی هەولێر و سلێمانی دەكەن لە رووی خزمەتگوزارییەوە، خەڵكی سلێمانی وا تێدەگەیەنن كە حكوومەت كەمتەرخەم بووە لە جێبەجێنەكردنی پڕوژەكانیان.

باسی لەوەش كردووە، دەبێت خەڵك ئەوە بزانن كە ئەو پارەیەی بۆ هەولێر تەرخان كراوە بۆ سلێمانیش چووە و بە زیاتریشەوە، بەڵام با یەكێتی ئەو وەڵامە بداتەوە كە چی لێ هاتووە و كۆمپانیاكانی یەكێتی بۆ پڕۆژەكانیان جێبەجێ نەكردووە.

خۆشەوی بە پرسیارەوە دەڵێت، ئەرێ كوردستانیان بۆ پرسیار لە یەكێتی ناكەن كە چۆن دەتوانن دیلەكانی داعش رادەستی عێراق بكەنەوە بێ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێی ئاگادار بێت، لە پێش چاوی كامێراكان دەڵێن یەكێتی دیلەكان رادەستی عێراق دەكاتەوە، وەك وا بێت كە هەرێمی یەكێتییە نەك هەرێمی كوردستان، ئەی بۆ یەكێتی بەرپرسی ئەو هەموو گەندەڵییە نەبێت لە زۆنی سەوز و بۆ خەڵكی سلێمانی لێی ناپرسێت كە چۆن خۆت بە حاكم دەزانی لەو ناوچەیە، دەبێت ئەوها بەرپرسیاریەتی جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكانیان هەڵبگرن تا كەسانی وەك ئاراسی جەنگی و نموونەكانی بە قسەكانیان خەڵك چەواشە نەكەن.

ئەوەشی باس كردووە، ئەو تەنگژانانەی لە هەرێم دروست دەبن، یەكێتی بەرپرس بووە و سەرەڕای ئەوەی لە حكوومەتن و بەشدارن، بەڵام باڵباڵێنی ناوخۆیان كاریگەری هەبووە و هەوڵ دەدەن شكست بەیەكتر بێنن و كەس حیساب بۆ ئەویتر ناكات، دەیانەوێت قوباد بشكێنن و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی حكوومەت تووشی تەنگژەی گەورە بكەن.




وشە - رامیار جەواد