ئێران لە سووریا 30 ملیار دۆلاری خەرج كردووە

:: PM:04:33:20/05/2020 ‌

لەگەڵ ئەگەری پاشەكشە پێكردنی هێزەكانی ئێران لە سووریا، بەرپرسانی ئەو وڵاتە باس لە خەرجییەكانیان دەكەن و پێیان وایە تا قەرەبووی ئەو هەمووە خەرجییە نەكەنەوە نابێت بكشێنەوە. خەرجییەك كە دەگاتە 30 ملیار دۆلار.

حیشمەتوڵا  فەلاحەت پیشە ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران بە فەرمی رای گەیاندووە، 20 تا  30 ملیار دۆلاریان لە سووریا خەرج كردووە و دەبێت ئەو پارەیە لە حكوومەتی سووریا وەربگرنەوە.
ئێران و حكوومەتی سووریا دوو هاوپەیمانی ستراتیجی یەكترن

ئەو گوتوویەتی ئەو بڕە بودجە زۆرەی لە سووریا خەرج كراوە، هی خەڵكی ئێرانە و دەبێت بۆ خەڵكی ئێران بگەڕێنرێتەوە.

پێویستە بگوترێ ئێران و حكوومەتی سووریا دوو هاوپەیمانی ستراتیجی یەكترن و ئێران سووریا بە هێڵی بەرگری بەرانبەر ئیسرائیل و پردی پێوەندی لەگەڵ حزبوڵای لبنانی هەژمار دەكات.

پێوەندییەكانی نێوان ئێران و سووریا نەك ئێستە بۆ سەردمی رژێمی پاشایەتی ئێران دەگەڕێتەوە، ساڵی 1975  كاتێك حافز ئەسەدی باوكی بەشار ئەسەد سەردانی تارانی كرد یارمەتییەكی 300 ملیۆن دۆلاری لە ئێران وەرگرت و لە ماوەی جەنگی ئێران و عێراقیشدا سووریا پشتیوانی لە ئێران كرد.

بەگوێرەی سپوتنیك، لەدوای سەرهەڵدانی ناكۆكییەكان لە سووریا و جەنگی ناوخۆیی، ئێران پشتی حكوومەتی ئەسەدی گرت و بە گرنگترین هاوپەیمانی ستراتیژیی پاراستنی ئەسەد هەژمار دەكرێت.

ئەم رۆژانە بەشار ئەسەد خۆی بە هۆی ناوكۆییەكانی ناوخۆی لاوازتر بووە و رووسیاش ئەو گوشارەی  دروست كردووە ئێران هێزەكانی بكشێنێتەوە، بۆیەش ئێران كێچی كەوتووەتە جەستەی و باس لە خەرجییەكانی دەكات.

ئێران ئەگەر ئەو بودجەیەی لە ناوخۆی وڵاتەكەی خەرج بكردایە، دۆخی ئێران لە رووی بێكاری و هەژاریی بەم رۆژە رەشە نەدەگەیشت.



وشە - سلێمان تاشان