عێراق.. سێ حاڵەتی مردن و 113 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كران

:: PM:08:04:20/05/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 36 هەزار حاڵەت و مردنیش بۆ سەرووی 326 هەزار، لە عێراق لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە 11 پارێزگا، سێ حاڵەتی مردن و 113 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كران. 
ئاماری تووشبوون لە هەڵكشانە
وەك لە بەیاننامەی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا هاتووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە تاقیگە تایبەتەكان بە پشكنینی كۆرۆنا لە سەرانسەری عێراق 5947 پشكنین ئەنجام دراوە و 113 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراوە، 61 حاڵەت لە بەغدا و 24 لە بەسڕە و نۆ لە سلێمانی و هەشت لە هەولێر و دوو لە نەجەف و سێ لە زیقاڕ و دوو لە واست و یەكێك لە هەریەكە لە سەڵاحەدین و كەربەلا و كەركووك و بابل.

بەپێی بەیاننامەكە هەروەها 27 حاڵەتی چاكبوونەوە هەبووە، جیا لە سێ حاڵەتی نوێی مردن هەموویان لە بەغدان، بەوەیش كۆی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون گەیشتووەتە 3724 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 2438 حاڵەت و مردنیش 134 حاڵەت و ئەوانەیشی لە نەخۆشخانە ماون 1152 حاڵەتن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل