ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: دەبێت پەرلەمانتار لە رەخنەگرتندا هاوسەنگی رابگرێت

:: PM:09:45:20/05/2020 ‌

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، فراكسیۆنەكەیان لە سەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە بووەتە ئۆپۆزسیۆن، كە دەستخۆشی لە كاری باش بكات و رەخنەیش لە كاری خراپ بگرێت، دووپاتی كردەوە، دەبێت پەرلەمانتار لە رەخنەگرتندا هاوسەنگی رابگرێت.
پەرلەمانتار موڵكی خەڵكە و نابێت لە خزمەتی لایەنێك و دژی لایەنێك بێت
ماوەیەكە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، رەخنەكانیان لە دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قەوارەی هەرێم چڕ كردووەتەوە، ئەمەیش لای چاودێران گومانی دروست كردووە، بەوەی ئەوان تەنیا چاویان لەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەكاتێكدا یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیش لە حكوومەتدان و بەشێكی بەرپرسیاریەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان.

موسلیم عەبدوڵا قەسرێ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار، بە "وشە"ی راگەیاند، فراكسیۆنەكەمان لە سەرەتاوە كە ئۆپۆزسیۆنبوونی هەڵبژارد، بڕیاری دا ئۆپۆزسیۆنێكی ئەرێنی بێت، واتە بۆ كاری باشە دەستخۆشی بكات و رەخنەیش لە كاری خراپ بگرێت، بە ئامانجی باشكردن.

زیاتر گوتی، دەبێت پەرلەمانتار لە لێدوان و قسە و رەخنەكانیدا هاوسەنگی رابگرێت، نەك تەنیا رەخنە لە لایەنێكی پێكهێنەری حكوومەتی هەرێم بگرێت، چونكە ئەو لایەنانەی تریش كە بەشدارن لە حكوومەتی هەرێمدا، بە پێی پێگە و قوڕسایی و ئەو پۆستانەی وەردەگرن، بەرپرسیاریەتییان لەسەر شانە.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵ، پەرلەمانتاران موڵكی خەڵكن و نابێت كارەكانیان بە جۆرێك بێت لە خزمەتی لایەنێك و دژی لایەنێك بێت، چونكە پەرلەمانتار دەبێت بە گشتی كار بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بكات.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل