ئەمشەو چوارشەم تیرۆیستانی داعش دەوروبەری شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقینیان هاونباران كرد، خەڵكی ناوچەكەیش لە بری هێزە عێراقییەكان، خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی داعش ئامادە كردووە.
خەڵكی ناوچەكە بەرگری لە خۆیان دەكەن
مەحموود دەلۆ، كارگێڕی لیژنەی ناوچەی كوڵاڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو گوندی "ئوم حونتە"ی نێوان شێخ باوە و شارەدێی گوڵاڵە، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە هاوەنباران كرا.
زیاتر گوتی، هاوەنبارانەكە زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە، چونكە هاوەنەكان دوور لە ماڵەكان كەوتنەوە، بەڵام دەغڵودانی جووتیارانی ناوچەكە سووتا.
لوقمان محەمەد پاڵانی، وەك كەسایەتییەكی سنووری شێخ باوە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، چەند گولە هاوەنێك لە دەرەوەی ئەو گوندە بە ئاراستەی شێخ باوە، كەوتوونەتەوە، روونی كردەوە، بۆ بەرگرتن لە هێرشی داعش خەڵكی گوندەكانی سنووری گولاڵە، بە چەكەوە خۆیان بۆ وەڵامی هەر هێرشێكی تیرۆریستانی داعش ئامادە كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆیش بە گوتەی نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، كارمەندێكی كارەبا لە كاتی چاككردنەوەی تاوەرە كارەباییەكانی دیالە كە داعش خستبوونی، بۆمبێكی پێدا تەقییەوە و گیانی لەدەست دا.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی