داعش بەرووبوومی كشتوكاڵی گوندێكی سنووری داقووق دەسووتێنێت

:: PM:11:32:20/05/2020 ‌

لە سایەی لاوازی و كەمتەرخەمی هێزە تەناهییەكانی عێراق و نەچوونە ژێر باری بەرپرسیارەتی پاراستنی ئاسایشی ناوچە كێشەلەسەرەكان، دۆخی ئەو ناوچانە روو لە خراپییە و هێرشەكانی داعش زیاتر دەبێت، وەك هەموو جارێك هاووڵاتییانی كورد دەبنە قوربانی، ئەمشەو تیرۆریستانی داعش ئاگریان لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندێكی سنووری شارۆكەی داقووق بەردا.
تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بە بیانووی مەترسی تەناهی درەنگ دەگەن
لویس خزر، قایمقامی شارۆكەی داقووق، بە "وشە"ی راگەیاند، نزیكەی سەعاتێك پێش ئێستە، تیرۆریستانی داعش ئاگریان  لە دەغڵودانی جووتیارانی  گوندی (عەبدوڵا غانم) بەردا، هەر ئەمشەو تیمەكانی بەرگری شارستانی بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، گەیشتوونەتە ئەو گوندە.

ئازاد حەسەن، جووتیارێكی ناوچەكە، بۆ "وشە"ئاشكرای كرد، داعش زیاتر بە شەوان  پەنا بۆ سووتانی زەوییەكانیان دەبات، نیگەرانی خۆی پێشان دا لەوەی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە درەنگ دەگەن یان بیانوو دێننەوە بۆ خامۆش نەكردتی ئاگرەكان، وەك مەترسی تەناهی .

شایەنی باسە وەك ئاماری سەرەتایی، زیاتر لە 10 دۆنم زەوی جووتیاران لەو گوندە سووتێنراوە. 

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل