مەترسيی كۆرۆنا لە هەڵەبجە ڕاگەیەنرا

:: AM:09:03:24/06/2020 ‌
بەرپرسێكی پارێزگای هەڵەبجە ڕای دەگەیەنێت، ئێستە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە زۆر بەخێرایی بەرز دەبێتەوە، ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 121 تووشبوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجەدا هاتووە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی رۆژانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو داتایانە بكات كە رای دەگەیەنێت، بزانێت لە كوێ پێویستی بەدەمەوەچوون هەیە پلانی بۆ دابنێت، ئێستە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە زۆر بەخێرایی بەرز دەبێتەوە، گەیشتووەتە 121 تووشبوو.

بە داخەوە ئێستە مادەی پشكنین لە تاقیگەی هەڵەبجە تەواو دەبێت
جێگری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، كارمەندانی تەندروستی ڕۆژانە بەردەوام خەریكی پشكنینن و بە داخەوە ئێستە مادەی پشكنین لە تاقیگەی هەڵەبجە تەواو دەبێت، تەنیا 918 پشكنین كراوە، واتە لە هەزار پشكنین حەوت پشكنینی بەردەكەوێت، بەڵام شوێنی تر هەیە 46.8% پشكنینەكانی بەردەكەوێت.

باسی لەوەش كردووە، هەڵەبجە لەو ژمارە پشكنینە 121 حاڵەتی پۆزەتیڤی هەبووە، واتە 13%ی پشكنین پۆزەتیڤ بووە، بەڵام شوێنی تر هەیە لە هەزار پشكنین 18 حاڵەتی پۆزەتیڤی هەیە.

ڕوونی كردووەتەوە، ئێستە مادەی پشكنین بەرەو كۆتایی دەڕوات، واتە ڕۆژانی داهاتوو ئەگەر "كیت" دابین نەكرێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، توانای پشكنین  نامێنێت.




وشە - رامیار جەواد