یەكێتی لە هەوڵی ڕازیكردنی گۆڕاندایە و وەڵامی نەدراوەتەوە

:: AM:09:43:24/06/2020 ‌
هەفتەی ڕابردوو، شاندێكی مەڵبەندی یەكی یەكێتی لەسەر داوای هاوسەرۆكەکانی و دوور لە چاوی میدیاكان، بەمەبەستی ڕازیكردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر حكوومەت لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە کۆبوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، هەفتەی ڕابردوو شاندێكی یەكێتی لە بەرپرسانی یەكەمی مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی دوور لە چاوی میدیاكان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆ بوونەتەوە، بۆ ئەوەی گوشار لەسەر حكوومەت دروست بكرێت.

یەكێتی سێ‌ كەسی دیاری كردووە بۆ لیژنەكە، بەڵام تا ئێستە گۆڕان هیچ وەڵامێكی نەداونەتەوە
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری دروستكردنی لیژنەی هاوبەش دراوە و یەكێتی سێ‌ كەسی دیاری كردووە بۆ لیژنەكە، بەڵام تا ئێستە گۆڕان هیچ وەڵامێكی نەداونەتەوە و لیژنەی خۆی پێك نەهێناوە.

"وشە" زانیویەتی دروستكردنی ئەو لیژنەیە لەسەر داوای هاوسەرۆكەکانی یەكێتی بووە، زیاتر كار لەسەر گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا بكەن لەگەڵ دروستكردنی گوشار لەسەر حكوومەت لەبارەی مووچەوە.

ئەو هەڵوێستەی یەكێـتی لە كاتێكدایە باڵەكانی ئەو حزبە جارێكی تر دژی یەكتر وەستاونەتەوە و بەیاننامەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكتر ڕەت دەكەنەوە، لە میدیاكاندا بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان ڕادەگەیەنن.





وشە - رامیار جەواد