سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، هیچ ڕێگرییەك بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نییە و هەوڵ دەدەین لە دانیشتنەكاندا گفتوگۆ لەسەر گرنگترین بابەتەكان بكەین.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە هیچ ڕێگرییەك بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نییە، هەوڵ دەدەین گرنگترین بابەتەكانی ئێستە كە پێویستن گفتوگۆیان لەسەر بكەین.
چاوەڕوانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم دەكەین ڕاپۆرتمان بۆ بنێرن
سەرۆكی پەرلەمان گوتی، بابەتی قەرزەكان و چەند بابەتێكی تر زۆر گرنگن باس بكرێت و گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، چاوەڕوانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم دەكەین ڕاپۆرتمان بۆ بنێرن تا لە گفتوگۆی پەرلەمان و لیژنەكان باس بكرێت.
لەبارەی پشووی پەرلەمان كە حەوت رۆژی تر دەست پێ دەكات سەرۆكی پەرلەمان گوتی، ئەگەر پێویستی كرد و بابەتی گرنگ هەبوو، دەتوانین پشووەكان كورت بكرێنەوە و كۆبوونەوەكان درێژەیان پێ بدرێت، چونكە بەهۆی ئەو ماوەیەی كەرەنتین بوو و پشوو بوو و كاتێكی زۆرمان لە دەست چووە.