گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ھۆكاری ئه‌وه‌ی كه نرخی به‌رھه‌مه كشتوكاڵییه‌كان له ھه‌رێمی كوردستان هه‌رزان بووه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوو ڕۆژه به‌غدا ڕێگری ده‌كات بۆ ئه‌وان بچێت، ئێمه‌ش له‌ھه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌داین.
به‌رھه‌می ناوخۆی كشتوكاڵی كوردستان زۆر به هه‌رزان ده‌فرۆشرێن
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 24ی حوزه‌یران، حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان پلانێكی باشی بۆ جووتیارانی ھه‌رێمی كوردستان ھه‌یه تا ھاوكاری بكرێن له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رھه‌مه‌كانیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێسته به‌رھه‌می ناوخۆی كشتوكاڵی ھه‌رێمی كوردستان ھاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، زۆر به هه‌رزان ده‌فرۆشرێن.
حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم گوتی، ھۆكاری هه‌رزانیی نرخی به‌رھه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوو ڕۆژه حكوومه‌تی عێراق بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ره‌وانه‌كردنی به‌رھه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی ھه‌رێمی بۆ عێراق داوه، بۆیه به‌رهه‌مه‌كان هه‌رزان بوون.
حه‌مه‌كه‌ریم باسی له‌وه‌یش كرد، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له ھه‌وڵی به‌رده‌وامداین تا ڕازییان بكه‌ین به‌رھه‌مه كشتوكاڵییه‌كانمان ڕه‌وانه‌ی عێراق بكرێن كه ئه‌وكات نرخه‌كه هه‌رزان نابێت، بۆیه به‌رده‌وام ده‌بین تا ده‌گه‌ینه ڕێككه‌وتن.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پێشتر بڵاوی كرده‌وه، "به‌پێی به‌یانی ژماره 21ی ساڵی 2020 تایبه‌ت به ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له خاڵی 12یه‌مدا به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، ده‌بنه ئه‌ندام له ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان به‌مه‌به‌ستی هاوئاهه‌نگی و ڕێكخستنی كاروباره‌كانی وه‌رزی كشتوكاڵی له هه‌رێمی كوردستان." به‌ڵام تا ئێسته حكوومه‌تی عێراق بڕیارێكی بۆ ئاسانكاریی كاره‌كانی جووتیارانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی نه‌داوه، به‌وهۆیه‌وه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه هیچ به‌رهه‌مێك ناچێته پارێزگاكانی عێراق.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم