سەفین دزەیی: ناتوانین پێشبینی بكەین كەی مووچە ئاسایی دەبێتەوە
سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە"، هۆی سەرەكیی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و بەردەوامی جێبەجێنەكردنی سیستەمی پاشەكەوتكردن، بۆ كەمیی بڕی داهاتی حكوومەت دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، 95%ی داهاتی كوردستان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و پارەی نەوتەكەش بەشی مووچەی نەكردووە.

ئەو دەڵێت چەندان جار كێشە بۆ ئەو سەرچاوە داراییە دروست بووە و چەندان جار هەناردەی نەوت وەستاوە و لە مانگی ئادار/مارسی رابردوو كە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووكەوە هەناردە دەكرا، سەرووی پێنج مانگ وەستا و كاریگەریی خستە سەر دابەزاندنی داهات.

 بەگوتەی سەفین دزەیی، كێشە تەنیا لە پرۆسەی هەناردەكردن نەبووە، بەڵكو لە پرۆسەی فرۆشتنیش كێشەیان هەبووە و فرۆشتنەكە بەو شێوەیە نییە حكوومەت راستەوخۆ پارەكە وەربگرێت، بەڵكو دوای فرۆشتنی نەوت، گەڕاندنەوەی پارەكە چەندان هەفتەی پێ دەچێت. دزەیی دەڵێت، "نەوتەكە تا دەگاتە بەرندەری جەیهان لانی كەم سێ هەفتەی پێ دەچێت، دواتر تا كۆنترۆڵی نەوتەكە لەڕووی كەمی و كوالێتی لە جەیهان دەكرێت، ماوەیەكی تر دەخایەنێت و گەڕانەوەی پارەكەش بە یەكجار نییە، هەندێك جار 10 ملیۆن و هەندێك جار 15 ملیۆن دۆلار دەگاتە دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە دابەش دەكات كە لە بەردەستیدایە و هەروەك دزەیی ئاماژەی پێ كرد، هەندێك وەزارەتیش وەك وەزارەتی پێشمەرگە، پێویستییان بە بڕێكی زۆری پارە هەیە، بۆیە مووچەكە دوا دەكەوێت.

لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سەفین دزەیی دەڵێت، كاتێك نرخی نەوت نزم بوو، رۆژانە 650 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرا، بەڵام دوای راوەستانی نەوتی كەركووك هەناردە بۆ سەرووی 450 هەزار بەرمیل دابەزی، ئەوەش وای كرد بەرزبوونەوەی نرخ كاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی داهات نەبێت. جگەلەمە دوای سیستەمی پاشەكەوت پێویستییان بە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی دابەشی بكەن.



بەگوێرەی رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستە نەوتەكە بە هاوبەشی دەفرۆشن كە 50 هەزار بەرمیلی بۆ هەرێمی كوردستان و داهاتی 50 هەزار بەرمیلەكەی تر بۆ عێراقە. دزەیی پێشبینی دەكات لە داهاتوودا ئاستی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ 130 هەزار بەرمیل بەرز بكەنەوە.

لەبارەی باشتركردنی مووچەی فەرمانبەران دەڵێت، ناتوانن پێشبینی لەم شێوەیە بكەین و گەورەترین ئابووریی جیهانیش ناتوانێ پێشبینی ئەوە بكات چ كاتێك دۆخەكە چاك دەبێت.

لایەنە سیاسییەكان متمانەیان بە حكوومەت نییە و هەندێك بۆچوون هەیە دەڵێت، ئێستە داهاتی حكوومەت سەرووی 600 ملیۆن دۆلارە. بەڵام سەفین دزەیی دەڵێت، "قسە زۆر دەكرێ و یەكێك لە مەبەستەكانی حكوومەتیش لە دانیشتن و بانگهێشتكردنی لایەنەكان، ئەوەیە ئەو دۆخەیان تێبگەیەنێت و بۆیان روون بكاتەوە، پرسەكە ئەوە نییە كێ بڕوا بە كێ دێنێت، بەڵام دەكرێت واقیعەكە بخرێتە روو و مادام ئامانجی هەردوولا باشتركردنی باری گوزەرانی خەڵكە، دەكرێ گفتوگۆ بكەن و سوود لە بۆچوونی یەكتر وەربگرن".

ئەو لەبارەی راگەیاندنی هەندێك ژمارە روونی كردەوە، هەندێك لایەن شەش مانگ كاریان لەسەر ئەوە كرد بڵێن حكوومەت قەرزدارە و پارەی نییە بیداتەوە، دواتر گێڕیان گۆڕی و گوتیان حكوومەت پارەی هەیە و نایدات. دزەیی پێی وایە ئەو جۆرە لێدوانانە دۆخەكەی شێواندووە لەكاتێكدا لێكدانەوەكان ئاشكران، خۆ ئەگەر رۆژانە 500 هەزار بەرمیل بڕوات  و نەوتی برێنت بە 45 دۆلار بێ، هی هەرێم بە 35 دۆلارە و ئەگەر لێك بدرێتەوە، بە داهاتەكەی ناتوانرێت ئەو ئاستەی مووچەی پێ دابین بكرێت. پرسی داهاتی ناوخۆش راستە زیاد كراوە، بەڵام ئەویش گرێ دراوە بە مووچەی فەرمانبەر و ئەگەر فەرمانبەر مووچەی وەرنەگرتووە، تواناشی نەبووە پارەی كارەبا و ئاو بدات.

سەفین دزەیی باسی لەوەش كرد كە "جۆرێك بێ متمانەیی دروست بووە و راستە یاسای بودجە نەبووە، بەڵام حكوومەت داهاتەكانی ئاشكرایە و دەزانێ چۆن خەرجی كردووە". زیاتر گوتی "بۆ نموونە پێنج كۆمپانیای نێودەوڵەتیی تایبەت بە وردبینی هەن كە دوویان گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەتی كوردستان هەیە و وردبینی لە داهاتی نەوت دەكەن، بێ مۆری ئەوان راپۆرتەكە بایەخی نییە و ئەو كۆمپانیایانە بۆ چاوی رەشی ئەم و ئەو باوبانگی خۆیان ناشێوێنن".

وشە/ سلێمان تاشان


AM:10:01:24/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 3493 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...