بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق:ژمارەی باڵوێزە كوردەكان لە وڵاتانی دەرەوە كەمتر دەبێتەوە
بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق رای دەگەیەنێت، پێویستە باڵوێزە كوردەكانی عێراق لە پاڵ عێراقچێتی، كوردچێتی بكەن و كوردبوونی خۆیان بسەلمێنن. عومەر بەرزنجی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "وشە"، داوا دەكات لە دامەزراندنی باڵوێزە نوێیەكانی عێراق لە ئایندەدا، كورد پشكی خۆی بپارێزێت. هاوكات پێشنیازیش دەكات، ئەو بۆشایییانەی لە دیپلۆماسیی كورد لە هەر وڵاتێك لە دوای نەمانی باڵوێزە كوردەكە دروست دەبێت، حكوومەتی هەرێم بۆشایییەكان پڕ بكاتەوە.

بڕیار وایە لەم نزیكانە وەك باڵوێزی عێراق لە ڤاتیكان دەستبەكار ببن، بۆ كورد گرنگی بە باڵوێزبوونی ئێوە لە كوێدایە؟
بەندە ماوەی 12 ساڵە لە بواری دیپلۆماسی كار دەكەم، دیپلۆماسییحەوت پلەی هەیە كە بەرزترینیان باڵوێزە، دەكرێ باڵوێز سێ بەرپرسیارێتی هەبێ‌، پێویستە بریكاری وەزیر یان باڵوێز بێت یاخۆ بەرپرسی فەرمانگەیەك بێت لە یەكێك لە فەرمانگەكانی ناو وەزارەتی دەرەوە لە وڵات، بەندە هەر سێ پلە وەزیفییەكەم بینیوە و ئەو سێ قۆناغەم تێپەڕاندووە.

بەرنامە و پڕۆژەتان چییە بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ڤاتیكان؟
عێراق بەو پێیەی عەرەب و كورد و نەتەوەكانی تر تێیدا دەژین، هەروەها لە كوردستاندا هاونیشتمانییەكی مەسیحی بچووكترین بێڕێزی بەرامبەر نەكراوە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان موسڵمان و مەسیحییەك لە كوردستان نەكراوە، كەنیسەیەك هێرشی نەكراوەتەسەر، ئەمانە هێزێكی گەورەن بەوەی بەندە باسی كورد و كوردستان بكەم لە ڤاتیكان و شانازی پێوە بكەم، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكەم لە ئایندەدا بۆچوون و تێڕوانین و بینینی كورد لای ڤاتیكان بە بەراورد بە ئێستە، جیاوازی زۆرتری هەبێت، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە ڤاتیكان بەڕێزەوە سەیری گەلی كورد و كوردستانیان كردووە، بەرلەوەی لە ڤاتیكان دەستبەكار ببم، سەردانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكەم بۆ ئەوەی بزانم بۆچوون و تێڕوانینی ئەوان بۆ كاركردن و بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و ڤاتیكان لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی خۆم هەمە كاری لەسەر بكەم، دووپات لەوە دەكەمەوە لە پاڵ ئەركە فەرمییە عێراقییەكەم خزمەتی نەتەوەكەشم دەكەم.

بەڵام دەگوترێ گواستنەوەی ئێوە بۆ ڤاتیكان و وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری بریكاری وەزیری دەرەوە، لە چوارچێوەی ئەو پیلانەیە دژی كورد لە بەغدا كە كورد لە ناوەندەكانی بڕیار و وەزارەتە سیادییەكان دوور بخرێتەوە؟
من وای نابینم، چونكە خۆم داوای گواستنەوەم بۆ ڤاتیكان كردووە، ماڵباتەكەم لە رۆما دەژین و باری تەندروستیم باش نییە، بۆیە داوای ڤاتیكانم كردووە.

لە دوای تۆ پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق بە كورد دەدرێتەوە؟
دەبێت كورد وەری بگرێتەوە، چونكە ئەوە مافی خۆیەتی.

تۆ كوردی بەڵام باڵوێزی عێراقی، جگە لە ئەركە فەرمییەكەت وەك كوردێك چیت كردووە؟
رەنگە بە شاهێدی ئەوانەی لەگەڵم كاریان كردووە، سەركەوتوو بووبووم لەو ئەركەدا، رەنگە هەقی كوردبوون و پاشان عێراقچێتیشم دابێت كە جیاوازیم لە نێوان نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان نەكردووە، وەك كوردێك بۆنە نەتەوەیییەكانی كوردم بە بەرزو پیرۆزی راگرتووە، بۆ نموونە لەوكاتەی باڵوێزی عێراق بوومە لە لبنان، لەو بۆنانە خۆم و هاوسەرەكەشم بە جلوبەرگی كوردی بەشداریمان كردووە و گوتارمان بە كوردی و عەرەبی پێشكەش كردووە.

باشە رۆڵی ئێوە وەك باڵوێز بۆ كورد چی بووە، توانیوتانە چی بكەن؟
لە پاڵ كاك وشیار زێباری كە وەزیرێكی دەرەوەی كوردی سەركەوتوو بووە، لە پاڵ گەیاندنی دەنگی عێراقی، دەنگی كوردیشمان گەیاندووەتە دنیا، هەروەها كاریگەریمان لەسەر باڵوێزە عەرەبەكانیش هەبووە بەوەی بە باشی باسی هەرێمی كوردستان بكەن، بە جوانی وێنەی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ناوەندەكانی دیپلۆماسیی دنیا.

بەڵام ئێوە تا ئێستە بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراقن، كەچی لە دوو مانگی رابردوو وەزیری دەرەوەی عێراق رێگری لە كورد كرد بەشداری لە بۆنەی گرنگ بكات لە دەرەوە، بۆ لەسەر ئەو رێگرییانەی جەعفەری بە دەنگ نەهاتن؟
زانیارییەكان بەمشێوەیە نییە كە لە میدیادا باس كراوە، لە یەكێك لەو دوو بۆنەیەدا بەڵگەم لایە كە نوێنەری كوردستان بەشدار بووە، لە بۆنەی دووەمدا كە تایبەت بوو بە پرسێكی مافی مرۆڤ، باڵوێزێكی كورد لە ناو شاندی عێراقدا هەبووە.

دەبێ كورد پشكی 17%ی لە ناو وەزارەتی دەرەوە و باڵوێزخانەكان هەبێت، بەڵكو ئەگەر ئێستە سەیری رێژەكە بكەین كەمترە لەو پشكە، بۆ نەتانتوانیوە پشكی كورد بپارێزن؟
لە ناو وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا، دووجار باڵوێز بۆ باڵوێزخانەكان دەستنیشان كراون، كاتێك ورد بووینەتەوە بۆمان دەركەوتووە رێژەكە 25%ی باڵوێزەكان كورد بوون نەك رێژەی 17%، لە دوای دەستبەكاربوونی جەعفەری لە بری زێباری لە پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ كەسێكی تر دانەمەزراوە، ئەگەر سەیری ئەو رێژەیەش بكەین كەم بووەتەوە، هۆكارەكەی بریتی بووە لەوەی باڵوێزە كوردەكان ماوەی یاسایی تەمەنیان تەواو بووە و خانەنشین كراون، بەهۆی ئەوەی باڵوێزی نوێ نەك بۆ كورد بەڵكو بۆ عەرەب دانەمەزراوە، شوێنی ئەو باڵوێزە كوردانە چۆڵە، هەر كەسێكیش خانەنشین بكرێ قەرەبوو ناكرێتەوە جا لە هەر پێكهاتە و نەتەوەیەك بێت، دەبێ لە دامەزراندنی باڵوێزە نوێیەكان ئەگەر لە ئایندە ئەنجام درا، كورد وەك جاران پشكی خۆی بەركەوێت.

كەموكوڕی كورد لە بواری دیپلۆماسیی لە بەغدا لە چی دەبینی و پێویستە بۆ ئایندە چ بكات؟
پێشنیاز دەكەم لە ئایندەدا سەركردایەتی سیاسیی و حزبە كوردستانییەكان، هەر كەسێك بۆ باڵوێزی عێراق دەستنیشان دەكەن، تەمەنی 45 ساڵ بێت بۆ ئەوەی دوای دوو ساڵ ناچار بە خانەنشینی نەكرێت، تا سوود لە ئەزموونی وەربگیرێت نەك كەسێك تەمەنی 55 ساڵ بێت وەك باڵوێزدەستنیشان بكرێ، هەروەها كەسی بە تواناش بێت، جارێكیان لە لبنان لە خزمەتی سەرۆكی هەرێم بووم، گوتم من بە باشی خزمەتی كورد دەكەم بێ ئەوەی عەرەب نیگەران و تووڕە بكەم، بە لایەوە تەعبیرێكی جوان بوو.

لە بواری دیپلۆماسیدا كورد كەموكوڕیی لە كوێدا هەیە؟
باسی باڵوێزە كوردەكان دەكەم لە عێراق، بەهۆی ئەوەی خەڵكانێكی زۆر سەردانت دەكەن و تۆش دەبێ قسەیان بۆ بكەیت، گرنگە شارەزا بیت لەوەی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردیان پێ بناسێنی، بۆیە ئەو وێنەیەی پێویستە لەبارەی كوردەوە بگاتە بیانییەكان، دەبێ خودی باڵوێزەكە بێت نەك چاوەڕێ بكەیت خەڵكی تر لە بری تۆدا ئەمە بكات.

كورد لەوەدا سەركەوتوو بووە؟
بۆ نموونە لە ماڵەكەی خۆمدا لەپاڵ كۆمەڵێك وێنە، وێنەی مەلا مستەفای بارزانیم هەڵواسیبوو، كاتێك دیپلۆماتەكان سەردانیان دەكردم، پرسیاریان لەبارەی وێنەكەی بارزانی دەكرد، ئەمە دەبوو بە دەرفەتێك باسی بارزانی و تەواوی كورد و كوردستان بكەم، لە هونەری دیپلۆماسیدا كردنەوەی دەرگەیە بە رووی خۆتدا لە لایەن بەرامبەرەكەت.

زۆرجار رەخنە لە كورد دەگیرێت بەوەی لەسەر بنەمای عاتیفی دیپلۆماسییەت دەكات؟
ئەو رەخنەگرتنانە رێژەیییە، لە كەسێك بۆ كەسێكی تر جیاوازی هەیە، ئەوەی لەسەر تۆیە كاتێك باڵوێز دەبیت لە وڵاتێك، بۆ نموونە كاتێك من لە لبنان بووم، كورد بووم، بەڵام ئێستە باڵوێزەكە عەرەبە، بۆیە جیاوازی لەوەی ئێستە لەگەڵ سەردەمی من وەك باڵوێز هەیە لە مەسەلەی گەیاندنی دەنگی كورد یان كاركردن لەسەر پرسی كورد، بۆیە ئەوكات من كوردبوونەكەم زەقتر بوو، رەنگە ئێستە عەرەببوونی باڵوێزی ئێستە بەرچاوتر بووبێت.

بەم جۆرە بێت لەگەڵ نەمانی وەزیر یان باڵوێزە كوردەكە، پاشەكشێ لە دیپلۆماسیی كورد دروست دەبێت، روونیشە تا كۆتا وەزیر یاخۆ باڵوێز كورد نابن، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشایییە، حكوومەت چ ئەركێكی دەكەوێتە ئەستۆ؟
بێگومان حكوومەتی هەرێم لە رێگەی ئەو نوێنەرایەتییانەی لە وڵاتان هەیانە، ئەو بۆشایییەی دروست دەبێت پڕی بكاتەوە، ئەو نوێنەرانەی حكوومەتی هەرێم تەواوكەری ئەو ئەركە بكەن كە باڵوێزە كوردەكان لەوكاتەی باڵوێزی عێراق بوونە لە دەرەوە تەواو بكەن.

بەو پێیەی پۆستی كارگێڕیتان لە بەغدا هەیە شارەزای دۆخی ئێستەی عێراقن، دەگوترێ كورد لاواز بووە، هۆكاری ئەو لاوازبوونە لە چیدا دەبینن؟
پێشتر لە بەغدا كورد بە بەراورد بە ئێستە یەكڕیزتر و یەكهەڵوێست تر دەبینرا، ئێستە ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەی جاران نابینرێ، رەنگە ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكانی لاواز دەركەوتنی كورد بێت.

بەمشێوەیە ئایندەی كورد لە بەغدا چیی بەسەر دێ؟
ئەم خولەی ئێستەی بەغدا كە كورد وای لێهاتووە، پێشتر وا نەبوو، وا خەریكە ئەو خولە تەواو دەبێت و مەرج نییە وەك ئێستە بەردەوام بێت، رەنگە باشتر ببێت یانیش خراپتر، بەڵام ئەوەی گرنگە شێوازی ئێستەی كورد، پرسی یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی ئێستەیان بۆ خولی ئایندە لە بەغدا ببێتە ئەزموونێك.

دیمانە/فریاد محەمەد


PM:12:59:26/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 3349 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...