پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق زیاتر دوا دەكەوێ

:: PM:05:05:25/07/2018 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشبینی دەكات گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، زیاتر دوا بكەوێت و چەند رووداوێكیش بۆ ئەوە بەهۆكار دەزانێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی تەمووز/ یۆلیۆ، شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە گۆڕانكاریی لە پێوەندی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی بەغدا دروست نەبووە و بەهۆی خۆپێشاندانەكانیشەوە زیاتر لێك دوور كەوتوونەتەوە.

بەرپرسەكەی پارتی زیاتر گوتی، خۆپێشاندانەكان كاریگەری لەسەر دۆخی سیاسیی كردووە و تا بەردەوامیش بێت لایەنەكان زیاتر لە یەكتر دوور دەكەنەوە.
 
لەبارەی سەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا شوان محەمەد گوتی، تا ئێستە هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ سەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا و چاوەڕوانی هێوربوونەوەی دۆخەكە دەكەن تا گفتوگۆكان دەست پێ بكات.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی پێشبینی كرد گفتوگۆ و پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق زیاتر دوا بكەوێت بەهۆی ئەوەی داواكاری خۆپیشاندەران تا ئێستە جێبەجێ‌ نەكراوە. هەروەك دووپاتی لەوەیش كردەوە دواكەوتنی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردنەكان كێشەیەكی ترە.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایار ئەنجام دراوە و ناڕەزایی چەندان لایەنی سیاسیی لێ كەوتەوە بەوهۆیەوە گفتوگۆكان دوا كەوتن، بەڵام ئێستە سەرباری ناڕەزایی لایەنەكان لە چەندان شاری خوارووی عێراق خۆپێشاندان بەڕێوە دەچێت و سبەیش خۆپێشاندانەكان پێ دەنێتە سێیەمین هەینی كە هاووڵاتییان لەوێ‌ داوای خزمەتگوزاری سەرەتایی دەكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم