زانایان دۆزینەوەی دەریاچەیەك لە مەریخ رادەگەیەنن

:: AM:11:43:28/07/2018 ‌

مرۆڤ دەمێكە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت شوێنەواری ژیان لە دەرەوەی زەوی بدۆزێتەوە، بەڵام هێشتا نەیدۆزیوەتەوە. گرنگترین هۆكاری ژیان ئاوە و دۆزینەوەی بڕێكی زۆری ئاو لە ژێر مەریخ دووبارە مرۆڤ سوورتر دەكات لەسەر ئەوەی بەدوای ژیاندا بگەڕێت.

بە گوتەی زانایانی گەردوونناسی، ئەو بڕە زۆرە ئاوەی لە مەریخ دۆزیویانەتەوە، كەوتووەتە ژێر سەهۆڵەكانی جەمسەری باشووری مەریخ و نزیكەی 20 كیلۆمەتر دەریاچەكە درێژە.

پێشتیر زانایان ئەوەیان سەلماندبوو كە لە مەریخ ئاو هەیە و هەندێك بەڵگەشیان بۆ ئەمە خستبووە ڕوو، بەڵام ئێستە بۆیان دەركەوتووە بڕی ئەو ئاوەی لە مەریخ هەیە كەم نییە و تەنانەت دەریاچەیەكی گەورە دۆزراوەتەوە كە پێكهاتەكەی ئاوە.

هەروەها هەندێك لێكۆڵینەوەی رابردووش تەنیا بوونی ئاو لە رابردووی مەریخیان سەلماندبوو دوای ئەو بەڵگانەی لەسەر شوێنەواری وشكبوونی ئاو لەسەر مەریخ دۆزیبوویانەوە.

بەگوێرەی "بی بی سی" ئەو دۆزینەوەیە بە پشتبەستن بە تەكنەلۆجیای ئامێرێك بەدەست هاتووە كە بە مارسیس ناسراوە و لە چوارچێوەی رادارێكی تایبەتی كە لەسەر كەشتی "مارس ئێكسپرێس" بەستراوە ئەو زانیارییانەی بۆ زەوی رەوانە كردووە.

ئامێری مارسیس توانای ئەوەی نییە بزانێت قووڵایی ئەو دەریاچەیە چەندە، بەڵام زانایان دەڵێن لانی كەم مەترێك دەبێت.

پڕۆفیسۆر رۆبێرتۆ ئۆروزی لە دامەزراوەی نیشتمانی ئیتاڵیا دەڵێت، "ئەم قەبارەیە لە ئاو دەكرێت بە دەریاچە بناسرێت، چونكە ئاوە و كەوتووەتە نێوان چینێك لە سەهۆڵ و چینێك لە بەردی ژێر مەریخ".

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كاتێك باس لە بوونی ئاوی سروشتی لە مەریخ دەكرێ، ئایا دەكرێ وا لێك بدرێتەوە ئەوا لە مەریخ ژیان هەیە.

دكتۆر مانیش پەتێل زانای بەریتانی دەڵێت، "پێشتر مرۆڤ ئەوەی سەلماندووە كە ژیان لەسەر رووی مەریخ بەو شێوەیەی مرۆڤ بیری لێ دەكاتەوە نییە، بەڵام ئەگەرێك هەیە لەوەی لە ژێر مەریخدا ژیان هەبێت، بۆیە لێكۆڵینەوە زانستییەكان بەو ئاراستەیەن."

ئەو تیشكە زیانبەخشانەی لە مەریخ دەدەن ئەگەری ژیان لەسەر ئەو هەسارەیان گەیاندووەتە سفر، بەڵام خۆ ژێر مەریخ لەو تیشكانە پارێزراوە، بۆیە دەكرێ بیر لە بوونی ژیان لە ژێر مەریخ لە ناو ئەو ئاوەی دۆزراوەتەوە، بكرێتەوە.

یەكێك لە رەگەز و هۆكارە هەرە سەرەكییەكان بۆ ژیان لە هەموو شوێنێك ئاوە و ئەوەی مرۆڤ رێنوێنی دەكات بەرەو ئەوە بڕوات ژیان لە ژێر مەریخ بدۆزێتەوە، دۆزینەوەی ئەو بڕە ئاوەیە لە ژێر هەسارەكە.

یەكەم شوێن كە زانایان پێشنیازیان كرد مرۆڤ بتوانێت لێی نیشتەجێ بێت مانگ بوو، بەڵام مەریخ لە رووی پێكهاتەی كەشەكەیەوە گونجاوتر بووە بۆ نیشتەجێبوون.

ماوەی رۆژی مەریخ لە رۆژی زەوی نزیكە و رۆژێكی مەریخ لەسەر بنەمای رۆژی زەوی بریتییە لە 24 سەعات و 39 خولەك و 35 چركە.

رووبەری ناوچە وشكایییەكانی زەوی كەمێك لە مەریخ فراوانترە. تیرەی مەریخ نیوەی تیرەی زەوییە و قورسایییەكەشی یەك لەسەر دەی قورسایی زەوییە.

بە پێچەوانەی مانگ، مەریخ كەشی هەیە و هاوشێوەی زەوی كۆمەڵێك مادە لە مەریخ هەن كە مرۆڤ دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.

مەریخ 230 ملیۆن كیلۆمەتر لە زەوی دوورە و گەشتی مرۆڤ بەرەو مەریخ هەشت مانگ دەخایەنێت. ئەوانەی گەشتی مەریخ دەكەن دەبێت رۆژانە لە رێدا سێ سەعات وەرزش بكەن و بە خاولی تەڕیش خۆیان بشۆن.

كێشی مەریخ 0.38%ی توانای كێشی زەوییە و مەریخ چوارەم هەسارەیە كە لە خۆر نزیكە و خۆریش ئەستێرەیەكە كە زەوی و مەریخ و هەسارەكانی تری بە دەوریدا دەسووڕێنەوە. خۆر 330 هەزار هێندەی زەوییە و ئەوەی سەیرە خۆریش ئەستێرەیە و خۆی یەكێكە لە 100 ملیار ئەستێرەی كۆمەڵەی خۆر و 25 هەزار ساڵی تیشك لە ناوەندی كۆمەڵەكەوە دوورە. هەر ساڵێكی تیشك بریتییە لەو مەودایەی تیشك لە ماوەی ساڵێكدا دەیبڕێت. خێرایی تیشك بریتییە لە 300 هەزار كیلۆمەتر لە چركەیەكدا.

خاكی مەریخ پێكهاتەیەكی سەیری هەیە و پێشتر هەسارەناسان كۆمەڵێك پاساوی زانستییان هەبوو لەوەی ئەو پێكهاتەیە یارمەتیدەرە لەوەی مرۆڤ لە داهاتوودا بتوانێت لە مەریخ بژیت و لە نوێترین توێژینەوەی هەسارەناسانی زانكۆی ئێدنبێرگ، دەركەوتووە پێكهاتەی خاكی مەریخ كاتێك خۆر لێی دەدات، دەرهاویشتەیەكی ژەهراوی هەیە و رێگرە لە هەر جۆرە زیندووبوونێك لەم هەسارەیە.

مەریخ هەسارەیەكە كە رێژەی خوێ تیایدا بەرزە و ئەگەر هەر جۆرە ئاوێك لەو هەسارەیە هەبێت, سوێرە و ئەگەرەكان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن گونجاوە بۆ ژیان زۆر لاواز بوون.

زانایان هێشتا بەردەوامن لە لێكۆڵینەوەكان و هەموو ئارەزووی مرۆڤ ئەوەیە جگە لە زەوی شوێنێكی تر بۆ ژیان بدۆزێتەوە.





وشە - سلێمان تاشان