خۆپێشاندان لە بەسڕە دەستی پێ كردەوە

:: AM:10:26:29/07/2018 ‌
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم دەیان لە گەنجان و هاووڵاتییانی شاری بەسڕە لە بەردەم پێگەی برجسییەی نەوتی لە ڕۆژئاوای پارێزگاكە گرد بوونەوە و داوای خزمەتگوزاری و دەرفەتی كاریان دەكرد.

خۆپێشاندەران جیا لە داوا ڕەواكانیان كە دابینكردنی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكان و داوای دەرفەتی كاریان بۆ گەنجان كردووە، هاوكات داوای سزادانی كۆمپانیاكانی وزەیشیان لە سنوورەكە داوە، بەهۆی پەراوێزخستنی ژینگەی ناوچەكە و بڵاوبوونەوەی گاز و پاشماوەكانی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەكەیان.

زیا‌و توینە ڕێكخەری خۆپێشاندانەكانی بەسڕە بە میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاند، خۆپێشاندان لە بەردەم دەروازەی ناوچەی برجسییەی نەوتی لە ڕۆژئاوای بەسڕە بەردەوام دەبێ، تا داواكانی خۆپێشاندەران دێتە دی، كە خۆی لە ئەنجامدانی پڕۆژەی كۆمەڵایەتی لە شارۆكەی زوبێر و گۆڕینی كرێكارانی بیانی بە كرێكاری ناوخۆی لە كێڵگە نەوتییەكان دەبینێتەوە.

توینە دووپاتی لەوە كردەوە، خۆپێشاندانەكانیان تەواو ئاشتیخوازانەیە و هیچ ڕێیەكمان نەگرتووە و هیچ ناوچەیەكی گرنگیشمان نەشێواندووە، كۆمپانیاكانی نەوت كاری خۆیان دەكەن و كارمەندەكانیشیان بە ئاسایی دەچنە سەر كارەكانیان، بەڵام ئێمە لە شوێنێك دروشمەكانمان دەڵێینەوە و لافیتەكانمان بەرز كردووەتەوە و داخوازیییەكانمان دەگەیەنین.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، هێزەكانی تەناهی عێراق بە چڕی دەوروبەری خۆپێشاندەران كۆنتڕۆڵ كردووە و پۆلیسی نەوت و فەوجی دووی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆیی شارۆكەی زوبێر لە ناوچەكە بە چڕی بڵاوەیان پێ كراوە.

لە هەشتی تەمووزەوە لە بەسڕە خۆپێشاندان دەستی پێ كرد، دواتر هەر نۆ شارەكەی باشووری عێراق و بەغدای پایتەختی گرتەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە و لە ئەنجامی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان 15 كەس كوژراون و هەزار كەس بریندار بوون.



وشە - باز ئه‌حمه‌د