با پارتیش بێخەم نەبێ

PM:04:09:24/05/2018 ‌
سەرباز ساڵح

لەم هەڵبژاردنەی تێپەڕی، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و تا ئاستێك خۆی بێخەم كردووە بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوە بچێت. بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە بیركردنەوەی دەنگدەر لەو دوو هەڵبژاردنەدا جیاوازە، لەو روانگەی دەنگدەر دەیەوێت پارتی بەهێز بێت لە بەغدا وەك نوێنەرایەتی كورد، بەڵام ئەم خواستە بۆ كوردستان مەرج نییە بەو شێوەیە بێت. بەهێزیی لیستی پارتیش روونە پێوەندی بە متمانەی دەنگدەر بە بارزانی هەبوو كە رێك وەك رابەری كورد لە لووتكەدا هێشتیانەوە، بۆ ئەوەی پرسە نەتەوەیییەكەمان كە لە ریفراندۆمدا خرایە ڕوو، رووبەڕووی شكست نەبێتەوە بەرانبەر نەیار. 
بۆیە وا راستترە بگوترێ لەو هەڵبژاردنەدا بارزانی سەركەوت نەك پارتی، چونكە پارتی وەك حزب كێشەی زۆرە و پێویستی بە بەخۆداچوونەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە هەیە، بەڵام ئەم ئەزموونە زۆر گرنگ بوو ئەگەر ئەقڵی ئەوە هەبێت سوودی لێ وەربگرێ. بەو پێیەی بەهۆی ریفراندۆمەوە بارزانی گوزارشتی لە ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی كوردستان كردووە نەك تەنیا ئەندامەكانی پارتی، وەڵامەكەیشی وەرگرتەوە. دەنگدەریش نەیویست لیستی پارتی بكەوێ بەرانبەر بەغدا، بەو مانایەی بارزانی نەشكێ بەرانبەر دوژمنانی كورد. ئەمە بۆ ئەندامانی پارتیش لە ئاستێكی چڕتردا رەنگی دایەوە و لێبڕاوانەتر كاریان كرد لەپێناو بەهێزهێشتنەوەی سەرۆك بارزانی. 
بە گشتیی ئێستە دۆخێك دروست بووە متمانەی تێدایە و پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە، رەنگە دوا چانسیش بێت بۆ پارتی كە نزیك بێتەوە لە ژیانی خەڵك و بەرپرسە حزبییەكانی پەروەردە بكاتەوە كەمێك لەو حاڵەتە فیرعەونییە بێنە خوارەوە و نموونەیەكی باشتریش لە ئیدارەدا پێشكەش بكات، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردن بەهۆی ریفراندۆمەوە، زۆر جیاوازە لەو چوار ساڵەی رابردوو كە ژیان زۆر كێشەی تێكەوت و خەڵكی كوردستان تەواو ماندوو بوون، بەڵام ئایا بەرپرسانی پارتی لەو ئاستەدان ئیدارەی ئەم شەپۆلە تازەیەی متمانە بەخشینەوەی خەڵك بدەن؟ بە بۆچوونی من نا، هەڵبەت بە پشتبەستن بەو كەموكورتییانەی دەیخەمە روو. 
پارتی كە خاوەنی بێ داواكاریترین و بە تواناترین و دڵسۆزترین خەڵكە، پێچەوانەی جەماوەرەكەی سەركردایەتییەكی كەمتەرخەم و بێ توانا و دابڕاوی هەیە، تەنانەت ئەو سەركردانە نەك لەناو ژیاندا نین، بۆ پارتییەكان خۆیشیان بینینیان بووە بە خەون و گفتوگۆ ئەوە هەر موكین نییە روو بدات لە نێوانیان، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی زۆر بە روونی ئەوەم دەبینی كە پارتییەكان ئەم هەڵمەتەیان تەنیا بۆ بارزانی كرد، هەرچەندە لە بنەڕەتیشدا هیچ كەس پارتی نییە و پێڕەو و پرۆگرامی حزبەكەیشی نەخوێندووەتەوە، بەڵكو خەڵك دوای بارزانی كەوتووە وەك دەستێكی ئەمین و مێژوویەكی كوردپەروەرانە. بەڵام ئێستە دنیا گۆڕاوە و كاروباری سیاسیی بەرفراوان بووە و خەڵك خواستی زۆری هەیە، ئەوەش راستە كە هەواداری پارتی خواستی زۆریشی نییە، تەنیا گرنگیدان و پێوەندییەكی سادەی دەوێت لەگەڵ سەركردایەتییەكەی، كەچی ئەوەیشی پێ رەوا نابینن، بۆیە هیچ گومانی تیادا نییە ئەم دۆخە ئاوا تا سەر ناچێت و ئەو حزبە پێویستی بە بەخۆداچوونەوەی گرنگ و پەروەردەكردنی بچووكترین تا گەورەترین بەرپرسی هەیە؟.
تۆ ورد ببەوە، لە ساڵی 1992 تا ئێستە پارتی هەزاران بەرپرسی باڵا و وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسی گەورەتریشی خستووەتە ناو بەرپرسیارێتی و دواتریش لە سایەی ئەم حزبە بوون بە خاوەنی خانەنشینی بەرز و ژیانی گەرەنتیكراوی تا هەتا. بەڵام بەهۆی ئەوەی پەروەردە نەكراون، ئێستە هەموویان خۆیان بە زویر دەبینن یان دابڕاون لە حزبەكە، تەنانەت زۆریان پێیان شەرم بوو بە پۆستێكی فەیسبووكیش لایەنگری بۆ پارتی پیشان بدەن لەو هەڵبژاردنە، ئەمە ئەگەر پەروەردەی بكەیت و تێی بگەیەنی كە پۆستەكە هی باوكی نییە، بەڵكو پارتی پێی دەدات و پێویستە دوای چوار یان هەشت ساڵ كە دوور خرایەوە پابەند بێت بە كاروباری حزبییەوە، نەك بەڕەڵا بكرێت و پێی وابێت تا مردن دەبێت بەرپرسیار بێت و كە لادرا خۆی بە زویر بزانێ. زۆرینەی ئەم بەرپرسانە پارتی بە خزمەتكاری خۆیان دەزانن، نەك ئەوەی بیانەوێ لە رێی پارتییەوە خزمەتی خەڵك بكەن و نموونەیەكی جوان بن بۆ سەرنجڕاكێشانی خەڵك بەرانبەر حزبەكەی.
تیمی پارتی لە ئیدارەدا بەڕێوەبەر تا وەزیر كە راستەوخۆ پێوەندارن بە ژیانی خەڵك و كاروباری گشتییەوە، رێك كۆمەڵگەی كوردی بە خزمەتكاری خۆیان تێگەیشتوون، لە كاتێكدا ئەمانە ئەگەر جاران نموونە بوون بۆ شانازی، ئێستە بارێكی زۆر قورس و رەزاگرانن بەسەر خەڵك و داودەزگەوە، بەڵام چونكە بەڕەڵا كراون و لە پۆستەكانیان بەردەوامن، ئێستە وا دەزانن بەدیلیان نییە، لە كاتێكدا بە تواناترین و بەرزترین بڕوانامە و مرۆڤی دڵسۆزی كوردستان لە دەوری پارتی كۆ بوونەتەوە. زۆرینەی بەڕێوەبەرەكانی پارتی سەرووی 10 ساڵە لە ئەركدان، مووچەی بەرز، خانووی شاهانە و ئۆتۆمبێلی گرانبەهایشی بۆ دابین كراوە، كەچی دەمی دەكەیتەوە پڕە لە گلەیی لە حزبەكەی، بێگومان كەسێك لەم جۆرە ژیانەدا بێت ناتوانێ لەگەڵ خەڵك و دەوروبەری خۆیشی لە پێوەندیدا بێت. تكایە ئەو هەموو ئیمتیازاتە كەم بكەنەوە، چونكە هەر ئەو جۆرە لە بەرزكردنەوەی كوایتی ژیانی كەسێك، هۆی یەكەمی بێ ئەدەبكردنیەتی بەرانبەر خەڵك و هاندەریەتی بۆ سووكایەتیكردن بە هەموو پیرۆزییەكمان. هەر ئەوەش وایكردووە ئەمانە ئێستە بێزراوترین خەڵكی ناو ئیدارەن و نەك سوودیان نەماوە بۆ حزبەكەیان، بەڵكو زیانی گەورەیان لێ داوە. پۆستەكانیان ئەوەندە تاپۆ بووە بەسەریانەوە خەریكی داگیركاری زەوی و سووكایەتی بە خەڵكن بەناوی پارتییەوە، ئاخر ئەمە چۆن و بە چ لۆجیكێك رەوایە؟ لەم دنیا كراوە و زۆر خێرایەدا شەرمە ئەم هەموو ناڕێكییە، دەچیتە فەرمانگەیەكەوە جۆرەها دیاردەی دزێو دەبینی، بێگومان ئەمە پارتی بەرپرسیارە لێی، چونكە خەڵك پارتی بە خاوەنی كوردستان دەزانێت و دەیەوێ وڵاتێكی جوانی بۆ دروست بكات. 
لە فەرهەنگی رێبەری نەتەوەیی مستەفا بارزانیدا پارتیبوون و شانازی مرۆڤ لەوەدایە خزمەتكاری میلەت بیت، بەڵام ئەم پارتییەی ئێستە سەد جار پێچەوانەی ئەمە دەجووڵێتەوە، داودەزگەی ئیداری بە روونی پڕە لە واسیتە و بەرتیل و تەنانەت فەرمانبەری پرسگەیش ناز بەسەر خەڵكدا دەكات، ئەمە چییە؟ پێت وابێت خەڵك لە سایەی ئەمانەدا دەنگ بە پارتی دەدات بۆ پەرلەمانی كوردستان، ئەمە جۆرێكە لە خەون. بۆیە گرنگە تێگەیشتن هەبێت بەرانبەر ئەوەی هەڵبژاردنی نوێنەری كوردستان بۆ عێراق جیاوازە لە هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ ناو كوردستان. 
تۆ سەیركە گەیشتن بە هەموو بەرپرسێك لە هەر ئاستێكدا بێت زۆر ئاسانە تەنیا بەرپرسانی پارتی نەبێت كە چوونەتە شوێنێكەوە، چەكووش نەبێ سەریان دانانوێنن بزانن لە خوارەوە چی دەگوزەرێ. بڕوانە لە كاروباری حزبی، سەربازی، كارگێڕی و تیمی وزاری، هەركات میدیایەك بیەوێت بگات بە بەرپرسی هەر حزبێك بۆ لێدوانێك بە چەند خولەكێك دەگات، بەڵام چاوت خوێنی لێ بێت بەرپرسێكی پارتی دەست ناكەوێ لەو هەزارانەی گوایە بەرپرسن، دوو قسەی رێكوپێك بكات، چەند دانەیەكیان نەبێ كە لە بێكەسیدا ئەوانیش زۆر دووبارەن. 
بەو پێیەی دنیای تازە و كاروباری حزبی لە رێی بارەگاوە ناكرێت، بەڵكو دەبێت بە پڕۆژە و پێشڕەویی كۆمەڵگە بۆ پرسە گرنگە كۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئیدارییەكان و دروستكردنی تیمی نموونەیی كە خزمەتكاری خەڵك بن و لە پێوەندی ئاساییدا بن لەگەڵ هاووڵاتییان، نەك پێوەندی ئامر و مەئموور، دەتوانی سەرنجی خەڵك بۆ حزبەكەت رابكێشی، بەپێچەوانەوە لە دنیای تازە بەجێ دەمێنی، بۆیە گرنگە حزب بەگشتیی پێداچوونەوەی پەلە بە خۆیاندا بكەن و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن و كەموكورتییەكان پینە نەكەن لە رەگەوە چارەسەری بكەن و بیگۆڕن بۆ بەرژەوەندی خۆیان. ناكرێ حزبێكی ملیۆن جەماوەری سڵ لە خێزانێك بكاتەوە و سزای نەدات كە دز و گەندەڵی ئاشكران، ماقووڵە بەرپرسێكمان نەبینی دادگایی بكرێت لەسەر گەندەڵی لە كاتێكدا بە ددان پێدانانی هەموویان، كوردستان گەندەڵی خنكاندوویەتی. 
بۆیە گرنگە پارتی بە وریایی ئیدارەی ئەم دۆخە بدات و بەهەموو كاروبارێكی خۆیدا بچێتەوە، ئامرازەكانی پێوەندی نێوان بەرپرسان و خەڵك ئاسایی بكرێنەوە. بەپێچەوانەوە خەڵكی كوردستان هەقی تەواوی بە پارتی داوە و ئێستە مافی خۆیەتی نیازی ئەو ببینێ كە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرانبەری. ناكرێ لەژێر سایەی پارتیدا ستەم لە خەڵك بكرێت و نەوێرێ داوای مافی خۆیشی بكات، بێگومان ئەو جۆرە بەرپرسانە پارتی نین و دوژمنی سەرسەختی پارتین لەناو ماڵەكەی خۆیاندا، ئیتر یان ئێمە هەڵە پارتیمان ناسیوە یان دەبێت ئەم كاروبارانە رێك بكرێنەوە. زۆر گرنگە نەخەون و بیرتان بێت ئەو سەركەوتنە هی بارزانییە و هیچ پێوەندییەكی بە بەرپرسانی پارتی نییە، پێوەندی بە هەڵبژاردنی كوردستانیش نییە چونكە دوو پرۆسەی تەواو جیاوازن.