نیهاد جامی- پۆڵه‌ندا
گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری، بیركردنه‌وه‌یه له ساته‌وه‌ختێكی زه‌مه‌نی تێیدا خه‌ون به گه‌وره‌بوون و وێنای دنیای داهاتوو ده‌كات، پرسیار له داهاتوو هه‌وڵێكه بۆ گه‌وره‌بوون تا بتوانین خه‌ونه‌كانمان بێنینه دی، كاتێكیش گه‌وره ده‌بین تێده‌گه‌ین هێشتا منداڵ بووین خه‌ونمان كوژرابوو، بۆیه ئه‌و زه‌مه‌نه قڵپ ده‌بێته‌وه، ئه‌مجاره چێژی ژیان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ منداڵی و ماناكانی پاكیزه‌یی.
پاكیزه‌یی له‌ناو یاده‌وه‌ریدا بوونی هه‌یه، ده‌نا ئه‌ویش وه‌ك خه‌ون كوژراوه، ئه‌وه پاكیزه‌یی یاده‌وه‌ریی منداڵییه مانایه‌كی هه‌ڵگیراوه له‌ڕێی نووسینه‌وه ده‌مانه‌وێ یاده‌وه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی مانا بێت بۆ خه‌ون.
هیچ شتێك له منداڵی‌دا هێنده‌ی جه‌ژن مانای ئه‌فسوونی نییه، بۆیه ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كه له‌ناو چاوه‌ڕوانیدایه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه‌ك بێ مانا نییه، وه‌ك له گه‌وره‌بوون چاوه‌ڕوانی ده‌بێته ئه‌وپه‌ڕی بێ مانایی، له منداڵی‌دا چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی هه‌یه، ئه‌ویش هاتنه‌دی زه‌مه‌نییه، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی به جه‌ژن بگه‌ین تا چێژ له ساته‌كانی وه‌ربگرین، خۆمانی بۆ ئاماده ده‌كه‌ین له ڕێی داخیلهوه.
داخیله ئه‌و قوتووه‌ی منداڵ پاره‌كانی تێدا پاشكه‌وت ده‌كات، تا بۆ ماوه‌یه‌كی تر بڕێك پاره‌ی ده‌ست كه‌وتبێت، ئه‌وه‌ی له جه‌ژندا خولیایه‌تی بتوانێت بیكڕێت، له‌وانه‌یه هیچ شتێك هێنده‌ی شكاندنی داخیله چێژی تایبه‌تی خۆی نه‌بێت، تا ئاستی ئه‌وه‌ی له جه‌ژنه‌كه خۆیشی خۆشتر بێت.
هه‌موومان چیرۆكی تایبه‌تی خۆمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌دا. چیرۆكی داخیله باغه‌كان، چیرۆكی داخیله‌ی گۆزه، هه‌ر نه‌بێت ئه‌و قوتووه شیره كیكۆزانهی له قوڕمان ده‌گرتن و له سووچێك یان ده‌لاقه‌یه‌كی ماڵ چهسپمان ده‌كرد، په‌رده‌یه‌كی بچووك یان هه‌ندێك جلوبه‌رگمان به‌سه‌ردا ده‌دا تا ئه‌وانی تر نه‌یبینن، نه‌بادا بچنه سه‌ر خه‌زنه بچووكهكهمانهوه.
داخۆ چ شتێك له‌وه به‌ئازارتره كاتێك جه‌ژن دێت و ده‌ست بۆ داخیلهكهمان ده‌به‌ین. ده‌بینن هه‌ڵكه‌نراوه، یان له‌ژێر دره‌ختی باخه‌كه‌ی ماڵ پارچه شكاوی داخیله گۆزهكهمان ده‌بینین. ئای چ شادییهكیشه ئه‌و ده‌مه‌ی داخیلهكهمان به‌ده‌ستی خۆمان ده‌شكێنین، ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی تێیدا كۆمان كردووه‌ته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین گهنجینهكهمان به‌رهه‌می ماندووبوون و لێهاتوویی خۆمانه.
هه‌ر هێنده‌ی گه‌وره ده‌بین، شتێكمان نامێنێت ناوی داخیله بێت، ئێمه گه‌وره‌بوون خێرا هه‌ستی ئه‌و چێژه‌ی لێ سه‌ندینه‌وه، چێژی داخیله و جه‌ژن و خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌و بۆنه‌یه، گه‌وره‌بوون وه‌ك چۆن شته‌كانی لێ سه‌ندینه‌وه.. به‌هه‌مانشێوه‌یش نه‌یتوانیوه ئه‌وانه‌ی به‌ره‌و ڕووی ده‌چین پارێزگاری‌یان لێ بكه‌ین، ئێسته كه بیر له خه‌ونه بچكۆله‌كانی سه‌رده‌می منداڵی ده‌كه‌ینه‌وه تێده‌گه‌ین له‌و ڕۆژه‌ی داخیلهكانمان بۆ یه‌كجاری شكاند، خه‌ونه‌كانمان كۆتایان هات.
خه‌ونی بیركردنه‌وه له رۆژانی باشتر و له دنیایه‌كی جوانتر، ئیتر خه‌ون جگه له بیركردنه‌وه له ڕابردوو له هه‌مانكاتدا له یادكردنی داهاتوو، شتیكی تر نییه. چونكه ئێسته‌مان ساته‌وه‌ختی مرۆڤێكی به‌تاڵه كه هیچی تێدا نییه له خه‌ون.
ده‌بێت ڕازی بین به‌وه‌ی هه‌یه، بیر له چێژی جه‌ژنانه‌ی منداڵێك بكه‌ینه‌وه كه ئه‌م ئێواره‌یه داخیلهكهی ده‌شكینێت، سبه‌ینێ له مۆڵه‌كان به پاره‌ی خۆی شته تایبه‌ته‌كانی ده‌كڕێت، ئێمه بۆ هێنده زوو گه‌وره بووین؟ بۆ هێنده زوو هه‌موو شتێكمان له ده‌ست دا؟ داخۆ ئێسته نووسین دوایه‌مین ساتی به‌خته‌وه‌ری نییه، كاتێك ده‌یه‌وێت به‌ره‌و ناو ئه‌و یاده‌وه‌رییه پاكیزهمان به‌رێته‌وه كه له هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون بیپارێزێت؟ ئه‌و ده‌مه ده‌بێت بزانین ئێمه جگه له نووسینه‌وه‌ی ئه‌و زه‌مانه شتێكی ترمان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، نووسینه‌وه‌ی چیرۆكی داخیلهكان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی مرۆڤێكه هیچی ئێسته نییه، جگه له‌وه‌ی چیرۆك له‌باره‌ی خه‌ونی ڕابردوو بگیڕێته‌وه. كه‌وابێت نووسین هه‌وڵێكه بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شكاندنی داخیله‌ی سه‌رده‌می منداڵیمان.
چیرۆكێك وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندێكی بچكۆله ده‌مانخاته گۆڕه‌پانی جه‌ژنه‌وه، ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لای جۆلانهكان، بۆیه جه‌ژن وێنه‌یه‌كی فانتازیی له خه‌یاڵی ئێمه دروست كرد، ئه‌وه فانتازیاكانی ته‌مه‌نی منداڵی بوو، هه‌ر هێنده‌ی بیرمان له جه‌ژن ده‌كرده‌وه، به‌مانای ئه‌وه‌ی گۆڕه‌پانێك كه پڕه له جۆلانه، ئێمه هه‌موومان له‌وێ كۆ ده‌بینه‌وه، ئه‌وێ به‌هه‌شتی ڕاسته‌قینه‌ی ئێمه بوو، چه‌ند رۆژێك و چه‌ند سه‌عاتێك ده‌بووه یاده‌وه‌ری ده‌مانتوانی تا جه‌ژنی داهاتوو به یاده‌كانی بژین، كه‌س بیری لای عه‌شق نه‌بوو. خه‌ونی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له لامان چه‌كه‌ره‌ی نه‌ده‌كرد.
ده‌وڵه‌مه‌ندێك بووین تا ته‌واوی سامانه‌كه‌مان بۆ خۆشییه‌كانی ئه‌و سێ ڕۆژه خه‌رج بكه‌ین، ماڵ و زێڕ دنیای كه‌س نه‌بوو، ئه‌وه‌ی هه‌بوو شادی ئه‌و چركه‌ساته‌ی جۆلانهكان بوو، كه‌سمان دیوارمان له نێوان نه‌بوو، له جۆلانهكان كچ و كوڕ به‌یه‌كه‌وه بووین. له‌و زه‌مانی منداڵییه‌دا هێشتا نه‌مانده‌زانی گه‌وره‌بوون چ به‌ڵایه‌كی كوشنده‌یه، هه‌ر هێنده‌ی نانی جه‌ژنمان ده‌خوارد. خێرا خۆمان ده‌گۆڕی ڕووه و جۆلانهكان ده‌ڕۆیشتین، ئێوارانیش له هۆڵه‌كانی سینه‌ما خه‌ون و ژیان ده‌بوونه تابلۆیه‌كی نایابی داهاتوو.
ئه‌مێستا نه داهاتوو بوونی هه‌یه و نه كه‌سێك ده‌توانێ ڕابردووم بداته‌وه، ئیتر جه‌ژن بیركردنه‌وه‌یه له چێژی منداڵی، خه‌ونیش درۆیه‌ك بوو بۆ گه‌وره‌بوون، ڕێك له سه‌ربازێكی دۆڕاوی به‌ره‌كانی جه‌نگ ده‌چین كه هیچ نه‌ماوه دڵمان خۆش بكات، جگه له تێگه‌یشتن له‌وه‌ی دنیا وێران بووه، تاكه بۆنیش بۆنی لاشه‌ی سووتاوی مردووه‌كانه، نه‌ك بۆنی خه‌ونی درۆزنانه‌ی باخ و قژی یار.
ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌مێنێته‌وه ته‌نیا پاشماوه‌ی سووتاوی ئه‌و خه‌ونانه‌یه كه وه‌ك كاغه‌زی سووتاو له‌پێش خۆمان ده‌یبینین، له به‌رده‌م سووتووی خه‌وندا به‌چاوی گریان له جه‌ژندا حیكایه‌تێك ده‌گێڕینه‌وه: هه‌بوو نه‌بوو جه‌ژن هه‌بوو. جه‌ژن بیانوویه‌ك بوو بۆ چوونه سینه‌ما و ئاشتبوونه‌وه و گه‌یشتنی نامه‌یه‌ك كه ئیتر به‌هه‌موو جه‌ژنی دنیا ناگات.
ئه‌مێستا عه‌شق وێرانی كردین، دیوار‌یان بۆ دروست كردووین، خه‌ونی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون رۆحی هه‌ندێكی هه‌لا هه‌لا كرد. جۆلانه‌یه‌ك شك نابه‌ین تا به‌ره‌و چێژی شادی بمانگه‌ڕێنێته‌وه. هه‌موو چێژێك له گۆڕه‌پانی جۆلانهكان كۆتایی هات. وه‌ك كۆتاهاتنی چیرۆكی عه‌شقێك وه‌ك مردنی په‌پووله‌یه‌ك له سپێده‌یه‌كی به‌رهه‌تاودا، وه‌ك منداڵی كوژراوی من به‌ده‌ستی گهورهبوونمهوه. تازه نه جه‌ژن و نه جۆلانه و نه شادی ئه‌وه‌ی هه‌یه، جگه له یاده‌وه‌رییه‌كی ئهرشیڤكراو كه ده‌كرێ بیگه‌ڕێنینه‌وه زهن، خاوه‌نی هیچی تر نین. چونكه ویسته‌كانی ئێمه ئیتر ئه‌وه نییه كه له منداڵی هه‌مانبوو. حه‌زی منداڵی بۆ جه‌ژن، وێناكردنی فانتازی دوو وێنه بوو، یه‌كێكیان كاتێ جه‌ژن نزیك ده‌بووه‌وه داخیلهكهمان ده‌شكاند و پێمان وابوو ئه‌و هه‌موو پاره ورده‌یه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه بمانكات به ده‌وڵه‌مه‌ندترین پیاوی دنیا، هه‌ر هه‌مووی بخه‌ینه ده‌ستی دووكانداره‌كان و جلوبه‌رگی جه‌ژن و سه‌یاره‌یه‌ك یا ده‌مانچه‌یه‌كیشی پێ بكڕین.
كه خۆمان موفلیس ده‌كرد، به‌یانی جه‌ژن به‌ر له خۆرهه‌ڵاتن ئێمه به ئاگا بووین، هه‌ر ناشزانین چۆن برنج و قه‌یسیمان ده‌خوارد. په‌له‌ی خۆگۆڕینمان بوو تا سه‌رله‌نوێ ده‌سته‌كانمان پڕ بكه‌نه‌وه له‌و پاره وردانه، به‌ره‌و شوێنی جۆلانهكان بڕۆین.
ئه‌مێستا كاتێك ده‌بیستین فڵانه ڕۆژ جه‌ژنه، چی ڕوو ده‌دات؟ نه داخیله هه‌یه بیشكێنین، نه سبه‌ینێ باوكێك ماوه دوای جه‌ژنانه دینارێكی كاغه‌ز وه‌ك زیاده بخاته گیرفانی پانتۆڵهكهمانهوه، كاتێك یادی یه‌كه‌م ساته‌وه‌ختی جه‌ژنی منداڵی و له رۆژگارێك بیرمان ده‌كرده‌وه كه‌ی گه‌وره ده‌بین، ئێسته ده‌ڵێین خۆزگه قه‌ت گه‌وره نه‌بووینایه، تا چێژی داخیله شكاندن و جه‌ژنانه‌ی سبه‌ینێی جه‌ژنمان نهدۆڕاندایه، كاتێك جه‌ژن دێت، دڵ خاڵییه، نه خه‌ون بوونی هه‌یه و نه شادی له خۆماندا به‌دی ده‌كه‌ین.