سه‌ربه‌ست قادر
كۆمیدیا دنیایه‌كی فراوان له ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵانی له بارودۆخ و ده‌وروبه‌ر، به‌شێوه‌یه‌ك مرۆڤ له‌ڕێی كۆمه‌ڵه جووڵه و وشه و گوته‌یه‌كی پهندئامێزهوه، ده‌وروبه‌ر له ناجۆری و خراپی و نادادی تێده‌گه‌یه‌نێت. په‌یامێك به‌گوێی تاك و كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌دات. ئاگاداریان ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی چی پێویستی به چاره‌سه‌ر و گۆڕانكارییه. واته كۆمیدیا ته‌نیا ڕوویه‌ك نییه بۆ پێكه‌نین و گاڵته‌وگه‌پ و خۆله‌گێلیدان. ته‌خته‌یه‌ك نییه بۆ فریودان و خۆڵ له چاوی بینهركردن و به‌لاڕێدابردنی كۆمه‌ڵگه و نابووتكردنی ئه‌و په‌یامه‌ی ده‌كرێ كۆمیدیا هه‌ڵگری بێت.
كۆمیدیا مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و شانبه‌شانی تراجیدیا كه به شانۆی هه‌ڵگری خه‌م و ئازار و نیشانده‌ری ناڕه‌حه‌تی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ناسراوه، ڕۆیشتووه و ده‌ڕوات له پێناسه‌ی كۆمیدیادا پێویسته له‌وه ئاگادار بین كه كۆمیدیا ته‌نیا ئامرازێك نییه بۆ خۆخافڵاندن و كات به‌سه‌ربردن و له قاقای پێكهنیندان، به‌ڵكو كۆمیدیا ئه‌گه‌ر هێنده‌ی تراجیدیا هه‌ڵگری ئازار و خه‌م و ناڕه‌حه‌تی نه‌بێت، له‌و كه‌متر نییه، به‌ڵام له شێوه و ڕووخسارێكی جیاوازدا پێشكه‌شی ده‌كات و ئه‌و نامه و په‌یامه‌ی هه‌ڵگریه‌تی، ده‌یگه‌یه‌نێته گوێگر و بینه‌ر، بۆیه پێویسته ئه‌وانه‌ی كۆمیدیاكارن و ئه‌وانه‌شی سه‌یری كۆمیدیا ده‌كه‌ن، هه‌ڵگری توانای لێكدانه‌وه‌ی ژماره و كۆد و نهێنییه‌كانی كۆمیدیا بن، بتوانن له كاتی ته‌ماشاكردنی هه‌ر پارچه‌یه‌كی كۆمیدیدا كۆده‌كانی ئه‌ودیو ته‌ختی شانۆ بشكێنن و بچنه ناو ناخی كۆمیدیاكارهكانهوه و ئه‌و په‌یامه‌ی هه‌ڵیانگرتووه لێیان وه‌ربگرن و تێكه‌ڵبوون و هاوئاهه‌نگییه‌ك له نێوان پێشكه‌شكار و بینه‌ر و بیسه‌ردا دروست بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ڕه‌وتی شانۆ و دواتر هاتنه ناوه‌وه‌ی فیلم و دراما، شانۆ له زۆربه‌ی وڵاتاندا تاموچێژ و په‌یامی خۆی له ده‌ست نه‌داوه، بگره به‌رده‌وام بینه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و زۆرن ئه‌وانه‌ی تا ئێسته‌یش به‌رده‌وام له‌و بواره‌دا داهێنان ده‌كه‌ن.
كۆمیدیایش كه یه‌كێكه له لقه سه‌ره‌كییه‌كانی شانۆ، تا ئێسته له دنیادا بینه‌رێكی بێ‌شومار و هه‌وادارێكی زۆری هه‌یه و دنیا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێكی زۆر كاره‌كته‌ری كۆمیدیی ناوداره، كه به كاره‌كانیان سنووره ده‌ستكرده‌كانی وڵاتانیان بڕیوه و ئه‌و په‌یامه‌ی له ناخ و ده‌روونی كۆمیدیاكارهكاندا بووه، گه‌یاندوویانه به دوورترین مرۆڤه‌كانی سه‌ر زه‌وی.
شانۆ له كوردستاندا به‌گشتی و كۆمیدیا به‌تایبه‌تی، ئێسته له دۆخێكی ناله‌بار و پاشاگه‌ردانییه‌كی خراپدایه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵانه له زۆر شار و شارۆكه فێستیڤاڵ و نواندن و چالاكی تایبه‌ت به‌م بواره‌ی هونه‌ر ڕێك ده‌خرێت، به‌ڵام هێشتا له ئاست گه‌وره‌یی و فراوانی پێویستی بابه‌ته‌كه‌دا نییه و به‌گشتی له بوارێكی ته‌سك و به ده‌رامه‌تێكی كه‌م كاره‌كان ئه‌نجام ده‌درێن و به‌ڕێوه ده‌چن، هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن بواری داهێنان هه‌ڵكه‌وتنی ئه‌كته‌ری پسپۆڕ و به‌توانا له بواره جیاجیاكانی شانۆدا نه‌ڕه‌خسێت.
وه‌ك گوترا، شانۆ له ئێسته‌ی كوردستاندا وه‌ك زۆر له بواره‌كانی تر كه پێویست و خواستراوه، به‌ڵام تا ئاستێكی زۆر پشتگوێخستنی پێوه دیاره و ئه‌و گرنگییه‌ی پێ نادرێت كه شایانی بواره‌كه بێت، به‌ڵام له‌ناو لقه‌كانی شانۆگه‌ریدا كۆمیدیا كه لایه‌نێكی سه‌ره‌كی شانۆیه و خاوه‌ن بینه‌ر و هه‌ودارێكی تایبه‌ت و زۆری جیهانییه، له كوردستان له‌ڕێی جیاجیاوه زیاتر به‌رچاو ده‌كه‌وێت، وه‌ك بڵێی گرنگی زیاتری پێ ده‌درێت، بۆیه پرسیار دێته ئاراوه كه ئایا ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ی كۆمیدیا، هه‌مان ئه‌و كۆمیدیایهیه كه زانستی تایبه‌ت به بواره‌كه داوای ده‌كات، یان گه‌ڕه‌لاوژه‌یه و ته‌نیا بابه‌تی سه‌رپێی و گاڵته‌وگه‌پی كاتییه و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی لێی كۆكردنه‌وه‌ی داهاته؟
هه‌رچه‌نده به‌شێكی زۆر و به‌رده‌وامی ئه‌وه‌ی به‌ناوی كۆمیدیاوه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكانی كوردستان دێته نواندن به‌ناوی كۆمیدیاوهیه، به‌ڵام هه‌ڵگری هیچ له لایه‌نه‌كانی كۆمیدیا نییه و هیچ لایه‌نێكی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وشتی تێدا له‌به‌رچاو ناگیرێت.
وه‌ك گوتمان كۆمیدیا خستنه‌ڕووی ئازاری تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه له به‌رگێكی پێكه‌نیناویدا، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه له‌یاد نه‌كه‌ین كه نابێ له‌پێناو گه‌یاندنی په‌یامێكدا پێشێلی چه‌ندان یاسا و ڕێسا و داونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ین و په‌روه‌رده بخه‌ینه ژێر پێ، چونكه ئه‌وكات ئه‌گه‌ر ژوورێك به كۆمیدیا ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه، باڵه‌خانه‌یه‌ك له په‌روه‌رده و خوڕه‌وشت وێران ده‌كه‌ین.
كۆمیدیا پێویسته بینه‌ر و بیسه‌ری تایبه‌ت و خاوه‌ن تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، كه بتوانێ له شانۆ و له‌ناو شانۆشدا له كۆمیدیا تێبگه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه و تاكی كورد بۆ به‌سه‌ربردنی كات و هه‌ندێك خۆبهپشتاخستن و پێكه‌نینی بێ مانا، ده‌چنه دیده‌نی شانۆ كۆمیدییه‌كان، له‌گه‌ڵ خۆیشیاندا خێزان و منداڵ ده‌به‌ن بۆ گۆڕه‌پانه‌كانی نمایش، كه وه‌ك زۆر له‌و زنجیره دراما بیانییانه‌ی ئێسته له شاشه‌ی كه‌ناڵه كوردییه‌كانه‌وه پێشان ده‌درێن و هیچ بنه‌ما و خوڕه‌وشت و داونهریتێكی كوردهواری تێدا له‌به‌رچاو ناگیرێ، به‌رده‌وامیش په‌خشكردنیان فراوانتر و بینه‌ریان زیاتر ده‌بێت، له كاتێكدا به‌پێی نوێترین توێژینه‌وه ده‌روونناسییه‌كان، هۆی زۆرترین پشێوی و كێشه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تین.
ئه‌م كاره كه ناو نراوه كۆمیدیا و له كوردستاندا پێڕه‌وی لێ ده‌كرێت، به‌ده‌ره له هه‌ر بنه‌مایه‌كی په‌روه‌رده‌یی و دژی زۆرینه‌ی بنه‌ما و ڕێسا و یاساكانیشیهتی، چونكه له نمایشه‌كاندا ده‌یان وشه و ڕسته و جووڵه‌ی نه‌شیاو و ناجۆر بڵاو ده‌كرێته‌وه و ده‌كه‌وێته سه‌ر زاری چینی منداڵان، كه كوشته و قوربانی یه‌كه‌می ده‌ستی ڕاگه‌یاندنن به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپییه و خراپی په‌روه‌رده‌ی خێزان و قوتابخانه‌كانیش خستوویه‌تییه به‌رده‌م ڕه‌شه‌بای هه‌موو ئه‌و ده‌رد و په‌تایانه‌ی بڵاو ده‌بنه‌وه و به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌مان ده‌پێكن و جێپه‌نجه‌یان له‌سه‌ر ده‌روون و كه‌سایه‌تی منداڵ كه نه‌وه‌ی داهاتوون جێده‌هێڵن.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه هۆكاری به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدانی ئه‌م جۆره له شانۆ و نمایشی به‌ناو كۆمیدیا، جگه‌له تێنه‌گه‌یشتوویی خه‌ڵك و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری خۆی له دوو خاڵدا ده‌بینێته‌وه ئه‌وانیش:
به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره له نمایش بۆ په‌یداكردنی پاره و پێكه‌وه‌نانی سامانێكی زۆر، چونكه هه‌ریه‌ك له‌و نمایشانه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك به‌رده‌وام ده‌بن و هه‌ر بینه‌رێكیش پێویسته بلیت بكڕێت بۆ ته‌ماشاكردنی و ژماره‌ی ته‌ماشاكه‌رانی ئه‌م جۆره نمایشه‌ش له ئاستێكی باشدایه له‌ڕووی ژماره‌وه، بۆیه ئه‌مه هۆكارێكه بۆ به‌كارهێنانی شانۆ بۆ پێكه‌وه‌نانی سامان و به‌لاوه‌خستنی ئامانجی سه‌ره‌كی كۆمیدیا و ونكردنی په‌یامه‌كانی له خزمه‌ت كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌دا.
هۆكاره‌كه‌ی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌تاڵی و زۆریی كاتی تاكی كورد، كه به‌زۆری تاكی كورد جگه‌له‌و ئیشه‌ی كه ڕۆژانه خۆی پێوه‌سه‌رقاڵ ده‌كات بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك، به‌گشتی بووه‌ته جۆرێك له ڕۆتین، ئیتر هیچ بوارێكی تر نییه تابتوانێ ئاره‌زوو و حه‌ز و خولیاكانی تێدا بدۆزێته‌وه و ئه‌و وزه شاراوه‌ی تێیدایه به‌ڕێیه‌كی ته‌ندروست به‌تاڵ بكاته‌وه، بۆیه ناچاره و ڕوو ده‌كاته ئه‌و شوێنانه‌ی ئه‌م جۆره نمایشانه‌ی تێدا ده‌كرێت، له‌كاتێكدا ڕه‌نگه زۆرینه‌ی خه‌ڵك ئاگاداری كاریگه‌ری خراپی ئه‌و جۆره نمایشانهبن له‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌ڕووی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه به‌تایبه‌ت منداڵان.
ئه‌وه‌ی باس كرا ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌دۆخی خراپی شانۆ و خراپ به‌كارهێنانی شانۆ له كوردستاندا، ئه‌وا پێویسته ددان به‌و ڕاستییه‌دا بنێین كه ئه‌وه‌ی به‌ناوی شانۆوه و به‌تایبه‌ت كۆمیدیا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، شتێك نییه جگه له گه‌ڕه‌لاوژه و ئامرازێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره و به‌لاڕێدابردنی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه و ناشیرینكردنی په‌یامی پیرۆزی كۆمیدیا.
بۆیه جێی خۆیه‌تی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری چیتر وه‌ك ئه‌و هه‌موو به‌ڕه‌ڵاییه‌ی كه له ڕاگه‌یاندنی كوردیدا ده‌ستی دراوه‌تێ، سنوورێك بۆ ئه‌م جۆره خراپ به‌كارهێنانه دابنێت و ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌كان و به‌رنامه‌كانیان بخه‌ته ژێر چاودێرییه‌كی واوه كه هه‌ر به‌رنامه و به‌رهه‌مێك له‌گه‌ڵ دابونه‌ریت و خوڕه‌وشت و باری ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌گونجا، ڕێ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌درێت.