نووری بێخاڵی
هێمنی موكریانی ده‌ڵێ:
(چۆن نه‌به‌م بۆ مه‌ی و مه‌یخانه په‌نا تێ گه‌ییوم
له‌و وڵاته هه‌موو شت زۆره، به‌نی ئاده‌م كه‌م)
ئینجا تۆ بۆی زیاد بكه و بڵێ: هه‌ر له‌م وڵاته نا، به‌ڵكو له‌م دنیایه‌دا مرۆڤ كه‌م!
بیرم نه‌ماوه كێ ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه، له‌ژێر ڕووپۆش و قه‌ڵغانی پێست و ئێسك و مێشكماندا، هه‌موومان یه‌ك ڕه‌نگمان هه‌یه، وه‌لێ قسه‌یه‌كی واتاداره. له‌گه‌ڵ ئه‌م واتادارییهیش، مرۆڤ به خوێندنه‌وه و ژنه‌وتنی ئه‌و قسانه، خه‌فه‌ت ده‌خوات.
ده‌ی ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی له دهسپێكیهوه تا ئه‌مڕۆ، تۆ بڵێ هه‌ر نا ئێمه، مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه، هه‌ر یه‌كێكمان له گۆشه‌یه‌كی بچووكه‌وه بچووینایه‌ته ژێرباری ڕاپه‌ڕاندنی به‌رپرسیارێتیی ویژدانی و ئه‌خلاقیی یه‌كێك له‌و به‌ها و په‌ند و حیكمه‌تی ئه‌و قسه و گوزارشتانه، كوا كه‌س كه‌سی ده‌كوشت؟
كوا وه‌ك مێژووی دوور و نزیك و ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی، له‌سه‌ر جیاوازییه‌ك، جا ئه‌و جیاوازییه هه‌رچی بێت، هه‌ریه‌كه‌مان بێ سڵه‌مینه‌وه، ئێسكی ئه‌وی تری هاوڕه‌گه‌زی ده‌شكاند، یان (پێست نا!)، به‌ڵكو بێ‌باك، شكۆی ئه‌وی تری ده‌ڕووشاند؟
به‌هه‌رحاڵ له‌وه‌ته‌ی نووسین هه‌یه، بۆ مرۆڤ ده‌نووسرێ، كه‌چی هێشتا هه‌ر بوونه‌وه‌ره خراپه‌كه‌یه، هێشتا هه‌ر گیانداره زیاندار و هێشتا هه‌ر كائینه وێرانكارهكهیه.
ئه‌گه‌ر له‌م گه‌ردوونه پان و پۆڕهدا بوونه‌وه‌رێك هه‌بێت دڕنده، ئه‌وا له دڕنده خۆی و دڕندهییش دڕنده‌تر، مرۆڤه.
كه‌وی لێ بترازێ (كه ئه‌و به‌سته‌زمانه‌ش به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی ژیانكوژیی مرۆڤه‌وه، ڕه‌گه‌زی خۆی ده‌خاته دا‌و!)، له‌ناو هه‌زاران ئاژه‌ڵی هاوجۆری تردا بگه‌ڕێ، بزانه جگه له مرۆڤ، چه‌ندیان ده‌بینی له‌سه‌ر خوێنی هاوڕه‌گه‌زی خۆیان بژیێن؟ چه‌ندیان له‌سه‌ر كه‌لاكی ڕه‌وه‌ی خۆیان كاوێژ ده‌كه‌ن؟ چه‌ندیان ته‌ڵه بۆ هاوچه‌شنی خۆیان داده‌نێنه‌وه؟ له مرۆڤ بترازێ، چ گیاندا‌رێك چێژ له خوێنی هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێ؟
مرۆڤ خراپه‌كاره، به‌رگی ئۆزۆن له خۆیه‌وه و له بۆشاییه‌وه كون نه‌بووه. ژینگه بێ ده‌ستیی خۆی خه‌ریكی گیانه‌ڵا نییه، ئه‌وه مرۆڤه به‌م ده‌رده‌ی بردوون. له‌ناو شوێنكاتدا هیچ شتێك، هیچ بوونه‌وه‌رێك هێنده‌ی مرۆڤ كاولكار و به‌دڕه‌فتار نه‌بووه و نییه و نابێت.
هیچ بوونه‌وه‌رێك هێنده‌ی مرۆڤ عاشقه خوێنڕێژی نه‌بووه و نییه. هه‌ر 100 ساڵ و یادی قه‌سابخانه‌یه‌كی جیهانیی ده‌ستی خۆی ده‌كاته‌وه و لێیه‌وه هونه‌ری قه‌سابخانه‌یه‌كی تر داده‌هێنێت. له نێوان هه‌ر ده‌یه و چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كی چه‌ندان جه‌نگی ناوخۆییدا، زه‌وینه‌ی شهڕگهلێكی هه‌رێمی خۆش ده‌كات. هونه‌ری برسیكردن و ئاواره‌كردنی مرۆڤ، داهێنانی مرۆڤه. ته‌كنیكی ئه‌شكه‌نجه‌دان و له‌مرۆڤخستنی مرۆڤ، به‌رهه‌می فیكری مرۆڤه. مرۆڤ له هه‌موو شت بڕستی ده‌بڕێت، ته‌نیا له ڕق و كوشتن نه‌بێ. ئه‌وه مرۆڤه جگه‌ره‌ی جه‌نگێك به ئاگری جگه‌ره‌ی شه‌ڕێكی تر داده‌گیرسێنێت. داهێنان دوای داهێنان له ته‌كنیكی وێرانكاریی ژیان و ژینگه و سروشت ده‌كات. ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ره‌كانیش دواجار خوێنیان كرده مه‌رجی گه‌یاندن و سه‌رخستن و هێشتنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانیان، ده‌ی خۆ جه‌نگه ئاینییه‌كان كه‌م مرۆڤیان نه‌كوشت و ماڵ‌وێران و سه‌رگه‌ردان نه‌كرد!
سه‌یره، هیچ سیمبۆلێكی ئاشتی، هێنده‌ی ژه‌نه‌ڕاڵێكی جه‌نگ، ناوی له مێژوودا زیندوو نه‌ماوه‌ته‌وه. وێنه‌ی هیتلهرهكان له‌ناو یاده‌وه‌ریی مرۆڤه‌كاندا زیاتر زیندووه، تا گاندییهكان. مێژووی مرۆڤایه‌تی له دۆزینه‌وه‌ی ئاگر و ئاوه‌دانییه‌وه بگره تا ئه‌مڕۆ، سێ به‌ش و زیاتری كوشتاره و كه‌متر له به‌شێكی، ئاشتی. هه‌تا تیۆر و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ناتوندوتیژی ئامانجی خۆی ده‌پێكێ، ده‌یان تێز و تیۆری ڕق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه تاقی ده‌كرێنه‌وه و جێ ده‌گرن.
دڵتان به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كلك و گوێیه‌كانی، به پاپا و فاتیكان، به كنێست و حاخام، به یه‌كێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلام، به ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ئاشتیپارێز و ئه‌و تایتڵه فریوده‌رانه و زۆر ناونیشانی تر، خۆش مه‌كه‌ن. چونكه له ناوه‌ڕۆكدا هه‌ر هه‌موویان ئامرازێكی تری شه‌ڕانگێزین، فۆڕمێكی تری كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڕق و ڕه‌وایه‌تیدان به جه‌نگن!
دنیا كه‌ڵكی ژیانی نه‌ماوه، خودی ژیان له مانای خۆی به‌تاڵ كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی كه‌ڵكی دنیایشی نه‌هێشتووه و ژیانی له به‌ها و مانا به‌تاڵ كردووه‌ته‌وه، مرۆڤ خۆیه‌تی. بۆیه سه‌یر نییه زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕێیه‌كانی به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختكردنی مرۆڤ نووسیویانه، له كه‌له‌ڕه‌قی و ده‌مارگرژیی مرۆڤ بێهووده بوونه و خۆیان كوشتووه!