بەهۆی رژدیی ئەمەریكا لە داماڵینی چەكی حزبوڵا و دیاریكردنی سنوورەكانی نێوان لبنان و ئیسرائیل و نەهێشتنی هەڕەشە تەناهییەكان لە خاكی لبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها هەڵوێستی فەرمی و نافەرمیی لبنانییەكان، كە بێتوانایی خۆیان لە داماڵینی چەكی حزبوڵا پێشان داوە، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ نزیكبوونەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەو وڵاتە دەكەن.
هەفتەی رابردوو ئەمەریكا لە رێگەی چەند بەرپرسێكی، لبنانییەكانی لە مەترسیداریی پابەندنەبوون بە رێككەوتنی ئاگربەست لە لبنان و چەكنەكردنی حزبوڵا و دوورخستنەوەی لە سنوورەكانی ئیسرائیل و دەست پێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل ئاگەدار كردەوە، هاوكات لەشكركێشی و هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل لە لبنان بەردەوامە، ئەوە لە ناو چەقبەستوویی سیاسی لە بەیرووت، هەموو ئەوانە رووچوونی دۆخی لبنان بۆ خراپتر و شەڕ نزیك دەكەنەوە.
وەهبی قاتشا پەرلەمانتاری پێشووی لبنانی وریایی لە بەردەوامبوونی دۆخەكە بەو شێوەیە دەدات و حكوومەتی وڵاتەكەی بە خاوەخاوكردن لە جێبەجێكردنی برشیاری 1701ی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەكات و پێی وایە حكوومەتی لبنان لە ماوەی حەوت مانگ لە چارەسەركردن و داماڵینی چەكی حزبوڵا شكستی هێناوە و تەنیا هەوڵی داوە ئەو حزبە رازی بكات، كەچی نەیتوانیوە وای لێ بكات دەستبەرداری چەكەكەی بێت، لەبری ئەوە حزبوڵا خۆپڕچەككردن و بەهێزبوونەوەی سەربازیی خۆی راگەیاند و ئەوەش بانگهێشتكردنی ئیسرائیلە بۆ هێرشكردنەوە بۆ سەر لبنان.
ئەو پەرلەمانتارە پێشووەی لبنان پێی وایە ئێستە لبنان لە نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل گیری خواردووە، كاتێك حزبەكە بە بڕیارەكانی دەوڵەت و بڕیاری 1701 پابەند نییە و ئیسرائیلیش دەیەوێ بە رێگەی خۆی بڕیارەكە جێبەجێ بكات، واتە شەڕ و هێرش، بۆیە حكوومەتی لبنان بە لاوازییەكی ئاشكرا رەفتار دەكات و ئەركە دەستوورییەكانی بە سەپاندنی دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەت بەسەر خاكەكەی جێبەجێ ناكات و بەردەوامبوونی دۆخەكە بەو ئێوەیە رووچوونی لبنانە بۆ ئاڵۆزییەكی بێ وێنە كە رەنگە دەوڵەت توانای رووبەڕووبوونەوەی نەبێت.