رافائێل گرووسی سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی، به رۆژنامه‌ی فایننشاڵ تایمزی راگه‌یاندووه، له‌وه‌ته‌ی كۆتاهاتنی جه‌نگی 12 رۆژه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیله‌وه، توانیویانه 10 جار پشكنینی دامه‌زراوه جیاوازه‌كانی ئێران بكه‌ن، به‌ڵام رێگه‌یان پێ نه‌دراوه ده‌ستیان به ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی بگات
مه‌به‌ستی گرووسی له‌و وێستگه و دامه‌زراوانه هه‌ریه‌ك له وێستگه‌كانی ئیسفه‌هان، فۆردۆ و نه‌ته‌نزه كه له 22ی مانگی حوزه‌یران له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی B2ی ئه‌مه‌ریكی كرانه ئامانج و وێران كران.
رافائێل گرووسی ئاماژه‌ی داوه كه ئه‌و پشكنینه مه‌یدانییانه، هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به‌و سێ وێستگه‌یه نه‌بووه و نه‌یانتوانیوه به هیچ شێوه‌یه‌ك پشكنین بۆ ئه‌و وێستگانه بكه‌ن، بۆیه‌ش داوای له ئێران كرد ده‌بێت هاوكارییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی به رژدی په‌ره پێ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگریی له ئاڵۆزی و هه‌ر جۆره شه‌ڕێك بكات.
پێشبینی ده‌كرێ 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو له ژێر داروپه‌ردووی ئه‌و وێستگه رووخاوانه‌دا مابن، به‌ڵام ئێران رێگه‌ی نه‌داوه هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی جیهانی لێی نزیك بێته‌وه و خۆیشی هه‌رچه‌نده له نزیك دامه‌زراوه‌كان هه‌ندێك جووڵه‌ی هه‌بووه، به‌ڵام ده‌ستی پێیان رانه‌گه‌یشتووه.
هه‌فته‌ی رابردوو سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتبووی، ئێران ئێسته هیچ چالاكییه‌كی له بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا نییه، به‌ڵام له ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران هه‌ندێك چالاكی هه‌بووه.
دواتر ئیسماعیل به‌قائی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی، رافائێل گرووسی سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی، به‌و لێدوانانه‌ی كاتی خۆی دابووی، رێخۆشكه‌ر بوو بۆ هێرشی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران.
به‌قائی جارێكی تر داوای له رافائێل گرووسی كرد، له‌مه‌ودوا واز له قسه‌ی بێ بنه‌ما و هه‌ر جۆره لێدوانێكی ناڕاست له‌باره‌ی پلانی ئه‌تۆمیی ئێران بهێنێت.