ئێران چۆن خۆی بۆ شەڕی ئیسرائیل ئامادە دەكات؟

:: PM:09:43:27/11/2025 ‌

راپۆرتەكانی هەواڵ و شارەزایانی سەربازی پێیان وایە لە سایەی ئەو زانیارییانەی هەن گەڕێكی تری شەڕی ئیسرائیل و ئێران بەڕێگەوەیە، بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئێران بە چوار ئاراستە كار بۆ خۆسازدان بۆ ئەگەری هەر شەڕێكی تر لە ناوچەكە دەكات.

بەپێی سەرچاوەكان ئێستە ئێران بە ئاراستەكانی دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ حزبوڵای لبنان و میلیشیاكانی لە عێراق و یەمەن دەكات، هەروەها دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی بنیات دەنێتەوە، جیا لە فرەوانكردنی بازنەی سیخوڕیكردن بەسەر ئیسرائیل، بەدەر لەوانەش ئامادەسازی بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەكان لە دەرەوە. 

بەپێی سەرچاوەكان بڕیاردەری ئێرانی درك بەوە دەكەن كە هەر پاشەكشەكردنێكی تواناكانی بەرەی موقاوەمەت لە دوای گورزەكانی ئیسرائیل، بە دەستكەوتی سیاسی و تەناهی بۆ تەلئەبیب و واشنتن لەقەڵەم دەدرێت، تا گەیشتن بە هەوڵی دووبارە دانانەوەی بنەماكانی یارییەكان لە ناوچەكە، بۆیەش ئێران بە كردەنی دەستی بە گواستنەوەی چەكی پێشكەوتوو بۆ لبنان و یەمەن و عێراق كردووە، بۆ قەرەبووكردنەوەیان و ئامادەكردنیان بۆ شەڕ. 

جیا لەوانە راپۆرتەكان ئاماژە بۆ بنیاتنانەوەی ئێران بۆ ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەكییەكەی دەكەن، لە رێگەی كڕینی كەرەستەكانی لە چین و رووسیا، جیا لە كڕینی چەكی پێشكەوتووی وەك فڕۆكە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هیتریش، راپۆرتە تەناهییە ئیسرائیلییەكانیش ئاماژە بۆ فرەوانكردنی تۆڕەكانی سیخوڕی ئێرانی لە ناو ئیسرائیل و دەرەوەی دەكەن، جیا لە پلاندانان و هەوڵەكان بۆ كردنەئامانج و هێرشكردنە سەر بەرژەوەندی و كەسایەتییەكانی جوو و ئیسرائیل لە دەرەوە وەك لە ئەوروپا و ئوسترالیا و وڵاتانی تر.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل