زەیدی سەردانی وەزارەتی دارایی دەكات و چەند بڕیارێك دەردەكات

:: PM:05:18:23/05/2026 ‌

دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە لە پەرلەمان كابینەی حكوومەتەكەی متمانەی پێ درا و لە 16ی ئەم مانگەش یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی ساز كرد، ئەمڕۆ شەموو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی كرد و چەند بڕیارێكی پێوەندیداری بە دۆخی ئابووری دەركرد.

بەپێی نووسینگەی راگەیاندن، ئەمڕۆ شەموو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقی كرد سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی باڵا و كادرە پێشكەوتووەكانی وەزارەتەكەی كرد، چاوی بە راپۆرتەكانی دارایی و ئابووری پێوەست بە بودجە و داهاتی گشتی كەوت، دووپاتی كردەوە كە بەهۆی دۆخی ناوچەكە و دنیا، عێراق بە قۆناغێكی دارایی و ئابووریی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، كەمبوونەوەی داهاتی نەوت پێویست بە جموجۆڵێكی خێرا بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهات و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت دەكات.

زەیدی دووپاتی لە پێویستیی دانانی سیاسەتێكی نوێی دارایی بۆ عێراق لە چوارچێوەی پلانێك تا 2035 كردەوە، بەشێوەیەك بودجە بكرێتە نەخشەیەكی پەرەسەندن و كار بۆ زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی و وەبەرهێنان بكرێت، زەیدی فەرمانی بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە وادەی دیاریكراوی خۆی كرد، جیا لە پەلەكردن لە خەرجكردنی پارەی جووتیار و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران.

زەیدی داوای رێكخستنەوەی رۆڵی ئابوورییانەی دەوڵەتی كرد، دووپاتی لەوە كردەوە كە دەبێت رۆڵی حكوومەت سەرنج بخاتە سەر رێكخستن و چاودێریكردن و پاڵپشتیی كەرتی تایبەت بۆ رابەرایەتیكردنی پرۆسەی پەرەپێدان، لەگەڵ دەستگرتنەوە لە خەرجییە گشتییەكان و دووركەوتنەوە لە شێوازە كۆنەكانی بەڕێوەبردنی دۆسیەی دارایی، داوای ئامادەكردنی راپۆرتێكی گشتیی شەش مانگی رابردووی گومرگەكان كرد، بەتایبەتی پێوەست بە مادەكانی رسوومانی بەرزیان هەبووە، داوای چارەسەركردنی دۆخی پزیشكانی گرێبەستی وەزارەتی تەندروستی كرد، لەگەڵ قەدەغەی دانانی وێنەی بەرپرسان لەناو دامەزراوە حكوومەتییەكان و گرنگیدانی زیاتر بە دەستكەوت و خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل