دوێنێ هاتە راگەیاندن كە هەردوو لایەنی ئێران و ئەمەریكا زۆر لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ وەستانی شەڕ نزیك بوونەتەوە، بابەتەكە لەسەر رەزامەندیی سەركردایەتیی هەردوو وڵات ماوەتەوە، بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئەگەر نییە ئەمڕۆ رێككەوتنەكە بێتە راگەیاندن، بەڵام موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران رەزامەندی لەسەر رێككەوتنەكە داوە.
بەرپرسە ئەمەریكییەكە بە ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی گوت، تا ئێستە چەند دۆسیە و داڕشتن ماوە و پێویست بە یەكلاكردنەوە دەكەن، هەندێك لە دەستەواژەكانی ناو یاداشتەكە بۆ ئەمەریكا زۆر گرنگن، لەوكاتەی ئێران دەستی بە هەندێك دەستەواژە و داڕشتنی تر گرتووە، بۆیە ناكۆكییەكان لەبارەی دەقی كۆتایی یاداشتەكەیە، رژێمی ئێران بەپەلە جموجۆڵ ناكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت رازیبوونی بە یاداشتەكە چەند رۆژێك بخایەنێت.
ئاماژەی كرد، وەك تێی گەیشتووین موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران رەزامەندی لەسەر چوارچێوەی گشتی رێككەوتنەكە داوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ئەو یاداشتە دەبێتە رێككەوتنێكی كۆتایی پابەند بۆ هەردوولا، لەوكاتەی بەرپرسێكی تری ئەمەریكی بە "فۆكس نیوز"ی راگەیاند، تێبینی سازشكردنی رژدی ئێرانمان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی كردووە، هاوكات سەپاندنی رسوومات لە گەرووی هورمز رەت دەكەینەوە.