لبنان دوایین ئاماری قوربانییەكانی شەڕی راگەیاند

:: PM:05:06:09/06/2026 ‌

ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی تەندروستی لبنان دوایین ئاماری قوربانییەكانی شەڕ و هێرشەكانی ئیسرائیلی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە لە 2ی ئاداری رابردووەوە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە 3666 كەس كوژراون و 11321 كەسی تریش بریندار بوون.

ئەمڕۆ سێشەم سەرەڕای وەستانی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەكتر، بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان و بارەگەكانی حزبوڵا بەردەوامە، بەهۆی ئەو بۆردمانانەوە لە ناوچەی مەساكن لە سوور، نۆ كەس كوژران و 28ی تریش بریندار بوون، تا ئێستەش تیمەكانی فریاكەوتن بەدوای قورانیان لەژێر پاشماوەی رووخاوی بۆردمانەكان دەگەڕێن.  

دوێنێ هاوكات لەگەڵ وەستانی هێرشەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەكتر كە شەوی یەكشەمی رابردوو دەستی پێ كرد، سوپای ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانی و بۆردمانكردنی ناوچەی بەڵات لە شارۆكەی مەرجەعیوون لە باشووری لبنان بە تۆپهاوێژ بەردەوام بوو، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ناوچەكانی دێر قانوون و رەئس عەین و مەنسوورییان لە شارۆكەی سوور لە باشووری لبنان كردە ئامانج، جیا لە بۆردمانی ئاسمانیی ناوچەی دوێر لە شارۆكەی نەبەتییە لە باشووری لبنان كە چوار كەس بەو هۆیەوە لە شارۆی سوور كوژران. 

هەر دوێنێ دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی گواستەوە كە سوپای ئیسرائیل هێرشەكان بۆ سەر ئێران دەوەستێنێت، بەڵام بۆ سەر باشووری لبنان نا و هێرشەكان بەردەوام دەبن، ئێزگەی ئیسرائیلیش لە بەرپرسێكی تری باڵای ئەو وڵاتەی گواستەوە كە ئەگەر حزبوڵا لە بۆردمانكردنی گوند و شارەدێكانی ئیسرائیلی بەردەوام بێت، لە تەواوی لبنان بۆردمانی دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل