"هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەی حكوومەتی زەیدییە"

:: PM:07:55:09/06/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە لە 14ی مانگی رابردوو لە پەرلەمان متمانە بە بەشی زۆری كابینەكەی درا، دەستی بە جێبەجێكردنی چەند بڕگەیەكی كارنامەكەی كردووە، لەوانە داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گۆڕانكاریی ئیداری و هیتریش، توێژەرێك ئاماژە دەكات كە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەی حكوومەتی ئێستەی عێراقە.

محەمەد تەمیمی توێژەری سیاسی دووپاتی كردەوە كە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەیە بۆ حكوومەتی ئێستەی عێراق، سەركەوتنی هەڵمەتەكە پێویست بە دوورخستنەوەی لە ململانێ سیاسی و حزبییەكان دەكات، دووپاتی كردەوە كە رەنگە لە قۆناغی داهاتوو بەو هۆیەوە ئاڵۆزییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاد بكات، بەتایبەتی ئەگەر لێكۆڵینەوەكان بگەنە ئەو كەسایەتی و لایەنەنانەی باڵادەستیی سیاسییان لەناو چوارچێوەكەدا هەیە.

روونی كردەوە، شەقامی عێراقی پاڵپشتی لە هەر رێوشوێنێكی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكات، بەڵام مەترسییەكان لە سوودبینین لە هەندێك لە دۆسیەكانی لە چوارچێوەی بەربەرەكانیی سیاسی و یەكلاكردنەوەی حیساباتی نێوان لایەنە جیاوازەكان هەیە، ئەوە لەوكاتەی پێوەری راستەقینەی سەركەوتنی هەڵمەتەكە بریتییە لە جێبەجێكردنی یاسا لەسەر هەمووان بێ جیاوازی و دوور لە گوێپێدانی سیاسی.   

شایەنی باسە عێراق لەو وڵاتانەیە كە ساڵانێكە بەدەست گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە دەناڵێنێت، بەپێی خەمڵاندن و راپۆرتە چاودێرییەكان، تا ئێستە سەتان ملیار دۆلار بەهۆی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و گرێبەستی خەیاڵی و پڕۆژەی پەككەوتوو و تۆڕەكانی گەندەڵی، كە رووچوونەتە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت بەفیڕۆ چووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل