"ئەوەی میلیشیاكان دەیكەن جموجۆڵێكی شێوەییە بۆ دەربازكردنی عێراق لە سزاكانی ئەمەریكا"

:: PM:08:07:09/06/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو، بەتایبەتی لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان، پرۆسەی داماڵینی چەك لە عێراق دەستی پێ كردووە، پرۆسەكە بە راگەیاندنی چەند گرووپێكی چەكدار بۆ دەستبەرداربوون بە چەك و باڵە سەربازییەكانیان بۆ دەوڵەت دەستی پێ كردووە، لەوانە سرییەكانی سەلام و عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، توێژەرێك پێی وایە ئەو هەڵمەتەی دەستی پێ كراوە ئاسان نییە و رەنگە جموجۆڵێكی شێوەیی میلیشیاكان بێت.

عەبدوڵا روكابی توێژەر لە كاروباری عێراق دەڵێت، ئەو گرووپە چەكدارانەی بەوە ناسراون كە هاوپەیمانی ئێرانن، ئەوانە چەكەكانیان دانانێن، ئەگەر ئەو كارەش بكەن، تەنیا چەكە سووك و ئاساییەكانیان رادەست دەكەن كە كار لە توانا سەربازییەكانیان ناكات، بۆیە ئەو جموجۆڵەی ئێستەی میلیشیاكان لە عێراق دەیكەن زۆر زیرەكانەیە و هەڵوێستەكانیان لە خۆگونجان لەگەڵ دۆخی ناوچەكە سەرچاوەی گرتووە.

روونی كردەوە، لە ماوەی رابردوو گۆڕانكاریمان لە گوتاری ئەو میلیشیایانە بینی، ئەوەی لە عێراق روودەدات زۆر لەوە دەچێت كە لە لبنان دەگوزەرێت، كاتێك حزبوڵای لبنانی رادەستكردنەوەی چەكەكانی رەت كردەوە، ئەوەش وای كرد میایشیاكانی عێراق هەمان شت بكەن، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەوەی لە قۆناغی داهاتوو رووبدات، پرۆسەیەكی شێوەیی و میدیایی داماڵینی چەك بێت بۆ دڵنیاكردنەوەی ئەمەریكییەكان و رێگرتن لە سزادانی ئابوورییانەی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل