ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئێرانی بە خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئەمەریکا لە جۆری "ئاپاچی" لە ئاسمانی گەرووی هورمز تۆمەتبار کرد.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە هەژمارەکەی لە پلاتفۆرمی "تروس" نووسیویەتی، تازە لەلایەن سوپاکەمانەوە ئاگادار کرامەوە کە ئێرانییەکان شەوی ڕابردوو یەکێک لە هێلیکۆپتەرە ئاپاچییەکانمانیان خستووەتە خوارەوە لە کاتی ئەنجامدانی دەورییەک لە ئاسمانی گەرووی هورمز.
سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر گوتی، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە. دووپاتیشی کردەوە، ئێمە وەڵامی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئاپاچییە ئەمەریکییەکە لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هورمز دەدەینەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە دوو فڕۆکەوان لە ناو ئەو هێلیکۆپتەرە ئاپاچییەدا بوون کە ئێران خستییە خوارەوە، هەردووکیشیان سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.
پێشتر لە ئەمڕۆدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە هێزەکانیان دوو ئەندامی تیمی هێلیکۆپتەرێکی هێرشبەری سوپای ئەمەریکایان لە جۆری (AH-64 Apache) ڕزگار کردووە، دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرەکە لە نزیک کەناراوەکانی شانشینی عومان لە کاتی ئەنجامدانی دەورییەک لە ئاوە هەرێمییەکان کەوتە خوارەوە. ئاماژە بەوەش درابوو کە بەلەمێکی بێسەرنشین هەردوو ئەندامەکەی تیمەکەی دۆزیوەتەوە.