دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە بڵاوکردنەوەی دوو بەڵگەنامەی فەرمی، ئاشکرای کرد کە بڕیارێکی وەزارەتی کارەبا بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای چەند ناوچەیەکی کوردنشین بۆ سەر حەویجە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ناوبراو ڕای گەیاند، پێشتر هۆشداریی لەم "فێڵە" دابوو، بەڵام بەدرۆخرابووەوە.
ئەمڕۆ شەموو، یەکی تشرینی دووەمی 2025، شاخەوان عەبدوڵا لە پۆستێکدا بەیانێکی فەرمیی وەزارەتی کارەبای عێراقی بڵاوکردەوە کە بە ژمارە 32058 لە ڕێکەوتی 28ی تشرینی یەکەمی 2025 دەرچووە. بەپێی بڕیارەکە، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای دوبز و داقووق و شوان، بە فەرمی لە کەرکووکەوە دەگوازرێنەوە و دەخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای حەویجە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە لەمەودوا دانیشتووانی ئەو ناوچانە، دەبێت بۆ ڕاییکردنی کاروباری کارەباکانیان سەردانی حەویجە بکەن.
سەرۆکی لیستی پارتی لە کەرکووک نووسیویەتی، لە 19ی ئاب، نووسراوێکم بڵاوکردەوە کە فێڵێک لە پارێزگاری کەرکووک کراوە. ئاماژەی بەوەش داوە کە لەو کاتەدا داوای کردووە پارێزگار کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بکات، بەڵام لە وەڵامدا "دەیان میدیای بە پارەی حەرام گەورەکراو و خەڵکی بەکرێگیراو" هێرشیان کردووەتە سەری و وتوویانە بابەتەکە ڕاگیراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا دووپاتی کردەوە، فەرموون ببینن قسەی من ڕاست دەرچوو... هیچ کات بەڵگەم نەبووبێت قسەم لەسەر هیچ بابەتێک نەکردووە. بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە نوێیە، ڕاستیی هۆشدارییەکانی پێشووی پشتڕاست دەکاتەوە.