رۆژنامەنووسێكی بنكۆڵكاری، زانیاریی وردی لەبارەی گوندی لاجان بڵاو كردەوە و رای گەیاند، زیاتر لە 400 پارچە چەك هێنراوەتە گوندەکە و پشكنینی گوندەكەیش بە رەزامەندی خەڵكەكەی بووە.
هانا چۆمانی، رۆژنامەنووس، لە واڵی خۆی لە فەیسبووك كۆمەڵێك زانیاریی نهێنێ لەبارەی ئاڵۆزییەكانی لاجان بڵاو كردەوە كە ئێستە هەندێك میدیای یەكێتی وەك قەوانی سواو بەردەوام دەیڵێنەوە و دروشمبازی پێ دەكەن. هانا دەڵێ، دانیشتووانی گوندی لاجان دەبێت بۆ ماوەی 10 سەعات خەڵكەكەی بەبێ چەك بڕۆنە دەرەوە و بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە داماڵینی چەكی هاوردەكراو لەناو گوندەكە كە بە گەنجەكان دراوە، دوای ئەوە هەموویان دەگەڕێنەوە و 150 كەسیش لە گوندەكە دادەمەزرێنرێن.
چەكی چی؟
دوای خۆپیشاندانە رێكخراوەكەی گوندی لاجان، كە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری دروست بوو و كوژراو و برینداربوونی لێكەوتەوە، ئەوەی بۆ هێزە تەناهییەكان جێگای نیگەرانی بوو ئەو ژمارە زۆرەی چەك بوو بە دەستی بەشێك لەو كەسانەی كە لەناو خۆپیشاندەران بوون، ئەوەی گومانی دروستكرد، هێزەكان چەكی ئێم فۆڕ، دۆشكە، بیكەیسی، ئاڕ بی جی، روومانە، كلاشینكۆف، دووربین و جلوبەرگی سەربازی تایبەت و گولەنەبڕیان بە كۆمەڵێك لەو كەسانەوە بینیووە كە ئەو رۆژە تەقەیان كردووە، لەلایەن كۆمەڵێك لە خۆپێشاندەرانەوە بەكارهاتووە، بۆیە بە بڕیار لیژنەیەكیان دروستكرد لە ئاسایش و پۆلیس بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو چەكانە و سەرچاوەكەی بكرێت، دوێنێ و شەوی رابردوو كۆمەڵێك بەڵگەی نوێ ئاشكرا بووە بۆیە ئەمڕۆ ئەم هەنگاوە گیراوەتە بەر.
گومانەكان چین؟
دوای گرتنی چەند كەسێك و دەستكەوتنی بەڵگە و كۆمەڵێك مەلەف لەلایەن هێزە تەناهییەکان، ئەوەی بەتەواوەتی روون بووەتەوە، گومانەكەی راست بوو، زانی كە چی دەگوزەرێت و ئامانج و پیلانەكە چی بووە؟ كێی لەپشت بووە؟ پارتی دیموکراتى کوردستان، هێزە سیاسییەكان و بەتایبەتی یەكێتی ئاگەدار كردووەتەوە، بەڵگەكانی بۆ ناردوون كە چی دەگوزەرێت، پێی گوتوون كە هێزە تەناهییەکان پشكنین بۆ تاك بە تاكی ماڵ و خانووەكانی ناو گوندی لاجان دەكەن، دەست بەسەر هەموو ئەو چەكانە دادەگرن كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو و بەتایبەت لە بانگەشەی هەڵبژاردن هێنراونەتە ناو گوندەكە، كە ژمارەیان 400 پارچە چەكی جۆراوجۆرە.
بەبینینی بەڵگەكان كە بۆ لایەنە سیاسییەكان و یەكێتیش نێردراون، هەموویان شۆك بوون بەو زانیاری و بەڵگانە، بۆیە بەبێ هیچ مناقەشەیەك ئۆكەیان داوەتە هێزە تەناهییەکان بۆ ئەو هەنگاوە.
چۆن هەركی و خەڵكەكەیان ئەوەی قبوڵ كرد؟
دوای بانگهێشت كردن و كۆبوونەوە لەگەڵ دەیان كەس لە كەسایەتی و ریش سپیی عەشیرەتی هەركی و پێدانی بەڵگە و زانیاری بە وێنە و ڤیدیۆ، كە چۆن چەك هێنراوەتە ناو گوندی لاجان، ئیدی ئەوانیش شۆك بوون و بۆیە رەزامەندییان داوە، تەنانەت بەشێكیان پشتگیری خۆشیان دەربڕیووە بۆ هێزە تەناهییەکان و وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەڵگەكان چین کە ئاوا هەمووان شۆك بوون؟
بەگوێرەی ئەو بەڵگانە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەكو رۆژی بۆردمانی سەر كێلگەی غازی كۆرمۆر، نزیكەی 400 پارچە چەكی جۆراوجۆر و چوار ملیۆن دۆلار هێنراوەتە ناو گوندی لاجان، بۆ ئەوەی وەك هێزێكی شانەی نوستوو لە بەشێك لەو گەنجانە دروست بكرێت، كە وەلائیان بۆ كەسایەتییەكی دیاری هەركی هەیە، كۆی پارەكەش بە شەش وەجبە هاتووە.
هێزە تەناهییەکان، بە دەستگیركردنی كەسی یەكەم، سەرچاوەی پارەكە و چەكەكانیان ئاشكرا كردووە، كە لە كوێ كۆبوونەوەكراوە؟، كێ لەپشتییەتی؟ كێیان دیووە و چۆن پارە و چەكەکانیان وەرگرتووە؟.
ئەو چەك و پارەیە بۆ ئەوەیە هەندێك گەنجی ناڕازی، بە هۆكارێك هێرش بكەنە سەر بنكەی لاناز و بنكەكە بتەقێنەوە و ئاگری تێبەربدەن، بەوەش هەرێمی كوردستان بخەنە ناو قەیرانێكی ترى گەورەتر و ژێرخانێكی تر وێران بكەن، بۆیە پارتی و حكوومەت زۆر نیگەرانن لەو پیلانە.