لقی دووی پارتی بۆ مەڵبەندی یەکێتی: بەرد مەگرنە ماڵی کەس، چونکە ماڵتان لە شووشەیە

:: PM:07:36:01/12/2025 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم، یەكی کانوونی یەکەمی 2025 ، لقی دووی پارتی لە هەولێر وەڵامێکی زۆر توندی مەڵبەندی سێی یەکێتیی دایەوە و ڕایگەیاند "کە ماڵتان لە شووشەیە، بەرد لە ماڵی کەسی تر مەگرن".


دەقی تەواوی پەیامەکەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بۆ مەڵبەندی سێی یەکێتی: بەرد مەگرنە ماڵی کەس چونکە ماڵتان لە شووشەیە

ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆڕ کە بووە هۆی وەستانی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک و پاشان پەلاماردانی پاڵاوگەی لاناز، هەوڵێکی دوژمنکارانەیە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی بۆ ئەوەی ببێتە فشار لە سەر حكوومەتی هەرێمی کوردستان و زیان بە خەڵکی کوردستان و دامەزراوەکان بگەیەنن لە پێناوی تاکە ئافەرینێکی هاوئاواز و هاوپەیمانەکانیان کە ئامانجیان نەمانی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەیەتی.

ئەمڕۆ بەداخەوە نووسینێک بە دەست و خەتێکی پڕ لە قین و دوژمنکارانە لەلایەن مەڵبەندی هەولێری یەکێتییەوە بڵاوکرایەوە و وەک ئەوەی هەنگوینییان لە دار دۆزیبێتەوە، دەیانەوێت شکستییان لە دواین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حكوومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە. دیارە وەک قوباد تاڵەبانی گوتەنی هێشتا (لە جەوی هەڵبژاردن ماون).

بەڵام مەڵبەندی یەکێتی دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەی دەبابە و کۆپتەر و چەکی قورس لە شەقامەکانی شاری ئازیزی سلێمانی خرانە بەرژەوەندیی کەسی و یەکلاییکردنەوەی هەژموونی دوو ئامۆزا، ئەوەشیان ئازادی بوو؟!

ئەی کاتێک گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی حزبەکەی خۆیان خەڵتانی خوێن کرد و قەتل و عامیان لە لالەزار بەرپاکرد، ئەوکات ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو؟!

ئەی ئێستا کە سێ سەرۆکی حزبی ئۆپۆزیسیۆنتان لە زیندانەکانی سلێمانی ئاخنیوە، ئەوەیان ناوی چی لێ دەنێن؟

ئەی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ نەمانی کارەبا و تەقاندنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆڕ و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمەکەمان چ مانایەکی هەیە، ئەو دڵخۆشییەتان لە پای چی؟!

بۆیە واباشترە ئیتر مەڵبەندی یەکێتی و کەناڵ و سێبەر و دەست و پێوەندەکانیان بێ دەنگ بن و دڵنیابن ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکی تری نییە و مێژوو شاهیدە و چەند ڕۆژێکە ئەنجامی هەڵبژاردنتان بینیوە و خەڵکی کوردستان هۆشیارە.

بۆیە وا باشترە کە ماڵتان لە شووشەیە، بەرد لە ماڵی کەسی تر نەگرن.


وشە - پۆڵا مەحموود