بەڵگە هەیە بەرپرسێكی یەكێتی دەستی لە تێكدانی ئارامیی خەبات هەبووە

:: AM:09:05:02/12/2025 ‌
دوای دەستكەوتنی چەند گرتە ڤیدیۆیەك لەلایەن بەرپرسانی تەناهی، دەركەوت بەرپرسێكی یەكێتی دەستی هەبووە لە تێكدانی ئارامیی قەزای خەبات، بۆیە گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەم دووی كانوونی یەكەم، لیژنەی تەناهیی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، كۆمەڵێك كەسی هاندراو هەوڵی كردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەكانیان لە قەزای خەبات دا.

ئاماژە بەوەش كراوە، هێزە تەناهییەكان بەشێوەیەكی هێمنانە كۆنترۆڵی دۆخەكەیان كرد. لەو چوارچێوەیەشدا سەركێشی ئاژاوەگێڕییەكان كە كەسێك بوو بە ناوی نێچیروان عیسا میرمسو، لە كاتی راكردنی لە رێگەی كەركووك گیرا و راپێچی بەردەم یاسا كرا.

لیژنەكە دەڵێت، ئەو كەسە خەڵكی هان داوە بۆ هەڵگرتنی چەك و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەكان. تەواوی ئەوانەی بوونەتە هۆكاری تێكدانی سەقامگیری و ئاژاوەیان ناوەتەوە، رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە. ئاشكراكردنی پیلانەكانی ئەو گرووپە و ئەوانەی پاڵنەری بوون بۆ دامەزراوە پێوەندیدارەكان بەجێدەهێڵین.


وشە - رامیار جەواد