نامەیەك لە فەرماندەیەكی یەكێتییەوە بۆ هێزەكانی یەكێتی

:: PM:01:55:02/12/2025 ‌
فەرماندەیەكی باڵای یەكێتی نامەیەك بڵاو دەكاتەوە و تێیدا چەند زانیارییەكی گرنگ بۆ ئەفسەر و كادرانی یەكێتی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، یەكێتی ماوەیەكی زۆرە لە هەڵەیەكی گەورەدایە و بەردەوام هەڵەی زیاتر دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم دووی كانوونی یەكەم، "ح، م" لیوای خانەنشینی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە یەكەی 70 دەڵێت، بەڕێزان هێز و پێشمەرگە و قارەمان و كوڕی هەژار و نەداری حزبەكەم، ئاسایش و پۆلیس و هاووڵاتییانی دڵگەرمی حزبەكەم، تەنیا ئەم نامەیەم بخوێننەوە با وەك تڕی بن گۆم نەڕۆن بۆ مانەوەی ئەم فیرعەونانە.

لە نامەكەیدا دەڵێت، یەكێتی ماوەیەكی زۆرە لە هەڵەیەكی گەورەدایە و بەردەوام هەڵەی زیاتر دەكات، ئێستە و دوای ئەم هەموو فاوڵەی وەك تیرۆركردنی هاوكار جاف و موراد كانی كوردەیی و ئاكام عومەر و ڕاونانی دنیایەك فەرماندە و كارەساتی لالەزار و دواتر كۆرمۆر، ئێستە هاوپەیمانان داوا لە یەكێتی دەكەن هێزەكانی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە بكات و بكرێت بە فیرقە، هێز لە دەستی خەڵكدا نەمێنێت و بە هەوەسی خۆیان خەڵك بگرن و خەڵك بكوژن.

روونی كردووەتەوە، یەكێتییەكەی ئێمە و ئێوە زیانمەندە، بەڵام دەركەوت هێزەكانی یەكێتی ماوەیەكە بە لاڕێدا دەڕوات و هەموو گیانیان موخالەفەیە، هەم لە ڕووی پلەی نایاسایی و هەم لە ڕووی كەسی تێكەڵبوو بە تاوان و داواكراوی نێودەوڵەتی.

ئاماژە بەوەش دەكات، ئێستە دوا وادەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیە و ئەمەریكا چاودێری یەكگرتنەوەی هێزەكان دەكات و ئێرانیش ڕێگرە لەو هەنگاوە، یەكێتی كۆماندۆ و دژەتیرۆی پێ تەسفیە دەكرێت و دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لەو حاڵەتەدا وەهاب و فەرماندەكانی دژەتیرۆر چارەنووسیان دیار نییە، دیار عومەر و هاوڕێكانی پلەكانیان ڕاست نییە و دەكرێنەوە بە ئەفسەری ئاسایی و شمولی پۆستی فەرماندەیی ناكەن.

بە گوتەی ئەو ئەفسەرە خانەنشینە، بەم یەكگرتنەوەیە ئێران و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەم سنوورە لاواز دەبن و دەچنەوە ژێر هەژموونی یاسای سەروەری هەرێمی كوردستان و عێراق، هێز دەگەڕێتەوە قاڵبی یاسایی خۆی، بەم شێوەیە شار ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە و كارمەندی هێزی تەناهی ناتوانێت بە دەمانچەوە بچێ چا بخواتەوە و چایچی بكوژێت، دەسەڵات و یاسا دەگەڕێتەوە بۆ پۆلیس و ئاسایش.

لەبارەی ئەو رێگرییانەی لەو هەنگاوە دەكرێت دەڵێت، ئێران لە ڕێگەی یەكێتی و سەرۆكی یەكێتییەوە دەیەوێت ڕێگری لەم هەنگاوە بكات، یەكێتی و سەرانی سەرلێشیواوی حزبەكەم دەیانەوێت هەر چۆنێكە شەڕێك دروست بكەن، چەند گەنجێكی نەزان و كوڕە هەژار بدەن بە كوشت و لە ڕێگەی میدیاكانەوە، هەوڵی نانەوەی شەڕێكی ناوخۆ دەدەن بۆ ئەوەی حاڵەتی لە ناكاو ڕابگەیەنن و ڕێگە لەم گۆڕانكارییە یاساییە بگرن.
 
لە نامەكەیدا هاتووە، تكایە ئێوە گەنجی خوێنگەرمی ئەم وڵاتەن و من ئەزموونی 40 ساڵ خەباتم لەگەڵ جەنابی مام جەلال و شەڕی ناوخۆ هەیە و تا ئێستەش بەردەوامم لە یەكێتیبوونم، تكام وایە بە قسەی ئەم حزب و كەسانە مەخەڵەتێن و جەرگی دایك و باوكتان مەسووتێنن.
 
لە كۆتایی نامەكەیدا هاتووە، گەمەكە گەورەترە لەوەی ئێمە مووچەی 30 مانگمان فەوتاوە و ئەمانیش بە دەستی وڵاتانی دەرەوە دەیانەوێت بماندەن بە كوشت، بە وتاف و دڵگەرمی و سۆز، مێژووی 40 ساڵی پێشووم ئەزموونە كە هەر خەڵكیان داوە بە كوشت و خۆیان ماونەتەوە، وەك فیرعەون ژیاون و دایك و خوشك و باوك و برای هەزارانی وەك ئێوەم بینی ئێستە نۆرەی دوور و درێژ دەگرن، بۆ شەهیدانەی كوڕەكەیان یان براكەیان كە شەڕی ناوخۆ بە فیكەیەكی فەرماندەكەیان ڕۆیشتن و جەنازەكەیان هاتەوە.



وشە - رامیار جەواد