هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا یەكێك لە سەركردە ناڕازییەكانی ناو یەكێتی مەحموود سەنگاوی بوو، بەڵام ماوەیەكی زۆرە بەبێدەنگی ماوەتەوە و پابەندە بە هەموو بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ ئەوەیشدا لە تەواوی سیاسەتی حزبەكەدا ناڕازییە.
مەحموود سەنگاوی كە پێشتر بەشێكی زۆری هێزە چەكدارەكانی یەكێتی بە دەستەوە بوو، بەڵام چەك كرا و تەواوی هێزەكەی لێ سەنرایەوە، پشتگیری مەلا بەختیار و سەركردە ناڕازییەكانی تری دەكرد، بەڵام دواتر بە پەیامێكی بافڵ تاڵەبانی لەو بەرە ناڕازییە هاتە دەرەوە و ئێستە بێدەنگ و چاوپۆش لە هەڵەكانی یەكێتی دانیشتووە.
"وشە" بەدواداچوونی لەسەر بێدەنگیی مەحموود سەنگاوی لەو كارانەی ئێستەی یەكێتی كرد و گەیشتە ئەنجامی ئەوەی، كە مانەوەی بەردەوامی مەحموود سەنگاوی لەناو ڕیزەكانی یەكێتی، سەرەڕای ئەو ناكۆكی و كاردانەوە توندانەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ڕوویان داوە، بەپێی زانیارییەكان هۆكاری سەرەكیی ئەم بێدەنگی و پابەندبوونەی ئێستەی سەنگاوی بە بڕیارەكانی سەركردایەتیی یەكێتی، پێوەستە بە كەیسی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی لە ساڵی 2013.
ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی لە ٥/١٢/٢٠١٣ لە كەلار تیرۆر كرا. لێكۆڵینەوەكان و بڕیاری دادگا ئاماژەیان بەوە كرد كە دوو كەس ئەو كارەیان ئەنجام داوە، بەشێك لە سەرچاوەكان و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان لەو كاتەدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، پەنجەیان بۆ مەحموود سەنگاوی ڕاكێشا و وەك پشتیوانێكی ڕاستەوخۆی تیرۆرەكە ناویان دەبرد، هەرچەندە سەنگاوی هەمیشە ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردووەتەوە.
لە كاتی لادانی مەحموود سەنگاوی لە ئەندامێتیی سەركردایەتیی یەكێتی لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی نێوخۆی یەكێتی، سەنگاوی چەندان لێدوانی توند و دژ بە یەكێتی داوە و دەربڕی نیگەرانی و ناڕەزایەتی بووە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی ڕوونی ئاراستەی سەنگاوی كردووە، بەشێوەیەك ئاگاداری كردووەتەوە كە ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر لێدوانە دژەكان و بێدەنگ نەبێت، ئەوا كەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی جارێكی تر لە دژیدا دەورووژێنرێتەوە و بەكار دەهێنرێت.
مەحموود سەنگاوی بە تەواوی پشتیوانیی لە بڕیار و هەڵوێستەكانی بافڵ تاڵەبانی دەكات. ئەم پشتیوانییە لە هەموو لایەنێكەوە دەردەكەوێت، جا بڕیارەكان "باش" بن یان "خراپ" بۆ ناوخۆی یەكێتی، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ترسی ناوبراو لە دووبارە ورووژاندنەوەی كەیسی گەرمیانی لێكدەدرێتەوە.