ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌كی نوێی بازاڕی بۆرسه، به‌های زیو‌یش رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه و جارێكی تر به‌رزترین نرخی له مێژوودا تۆمار كرد.
10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو به 48 دۆلار ده‌فرۆشرا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه و له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه، ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاند كه له 17ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ تۆمار كرابوو، ئه‌مڕۆیش به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی تری تۆمار كرد و نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو گه‌یشتووه‌ته 57 دۆلار و 80 سه‌نت.
ته‌نیا ئه‌مڕۆ دووشه‌م به‌های كانزاكه به نزیكه‌ی 4% به‌رز بووه‌ته‌وه، ئێسته كیلۆیه‌ك زیو له بازاڕه‌كانی دنیا به هه‌زار و 851 دۆلار ده‌فرۆشرێت.
به‌گوێره‌ی پێنوێنی جیهانیی selverprice نرخی هه‌ر كیلۆگرامێك زیو له چاو مانگ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر 200 دۆلاری تری هاتووه‌ته سه‌ر. زیو بووه‌ته كانزایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراو كه له ژێر كاریگه‌ریی به‌رزبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی داخوازیی كانزاكه بۆ بواری پیشه‌سازی، نرخه‌كه‌ی له هه‌ڵكشاندایه.
نرخی زیو به‌تایبه‌تی له ئه‌یلوولی 2022ه‌وه رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه، هه‌موو مانگێك كه‌مێك له نرخه‌كه‌ی هه‌ڵكشاوه و خه‌ریكه ده‌بێته كانزایه‌ك كه وه‌به‌رهێنه‌ری زیاتر روو له كڕینی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وێڕای پاراستنی سه‌رمایه‌كانیان، قازانجێكیش ده‌ست بخه‌ن.
له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2022 واته سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، نرخی هه‌ر كیلۆگرامێك زیو 600 دۆلار بوو، به‌ڵام ده‌بینرێت له‌و كاته‌وه نزیكه‌ی هه‌زار و 250 دۆلاری هاتووه‌ته سه‌ر.
زیو جگه له‌وه‌ی كه كانزایه‌كه هاوشێوه‌ی زێڕ له‌ناو ناچێت و متمانه‌پێكراوه، له هه‌مان كاتدا له پیشه‌سازی سوودێكی زۆری لێ وه‌رده‌گیرێت و كه‌رتی پیشه‌سازیی دنیا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه، زۆر زیاتر له پێشتر ئه‌و كانزایه به‌كار ده‌هێنێت و له به‌رهه‌مهێنانی كه‌ره‌سته جیاوازه‌كاندا سوودی لێ وه‌رده‌گرێت.
زیو هاوشێوه‌ی زێڕ عه‌یاری جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام باشترین جۆری زیو بۆ وه‌به‌رهێنان، ئه‌و زیوه‌یه كه عه‌یاره‌كه‌ی 999.9 و هاوشێوه‌ی زێڕی عه‌یار 24 له كانزا سه‌ره‌كییه‌كه پێكدێت.
زیو كانزایه‌كه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زیاتر له پیشه‌سازیی كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی خۆر سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌شێك له ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كانیش هه‌ر له زیو به‌رهه‌م ده‌هێنرێن.
به‌گشتی ئه‌و داخوازییه‌ی له ئاستی دنیا بۆ كڕین و به‌كاربردنی زیو هه‌یه، له‌چاو ئه‌و بڕه زیوه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌خرێته بازاڕه‌وه، زۆر زیاتره، بۆیه ئاوا به خێرایی نرخه‌كه‌ی له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی زیو له دنیادا له ساڵی 2014 و تا ئێسته، هه‌موو ساڵێك له نێوان 27 هه‌زار تۆن تا 29 هه‌زار تۆن بووه، به‌رهه‌مهێنانی ساڵانه‌ی به رێژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ زیاد نه‌بووه، كه‌چی به‌كارهێنان و سوودوه‌رگرتن له‌و كانزایه زۆر به خێرایی له به‌رزبوونه‌وه‌دا بووه كه به گرنگترین فاكته‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی داده‌نرێت.
شرۆڤه‌كارانی دامه‌زراوه‌ی BeatMarket دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر، پێشبینییان كردبوو نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو تا ساڵی 2030، له نێوان 55 تا 60 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه بكرێت، له خراپترین دۆخیدا تا 37 دۆلار داده‌به‌زێت و له باشترین پێشبینیشدا تا 80 دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه، نرخه‌كه خه‌ریكه زۆر زووتر له كاتی دیاریكراو به‌دی دێت، كه‌وایه كانزاكه شایانی ئه‌وه‌یه ریسكی بۆ بكرێت.
جگه له‌مه دامه‌زراوه‌ی Coin price Forecast پێشبینی كردووه نرخی هه‌ر ئۆنسێك زیو له سه‌ره‌تای ساڵی 2030، بگاته 69 دۆلار و تا كۆتایی ساڵه‌كه بگاته 79 دۆلار.
هه‌موو ئه‌و پێشبینییه باشانه له ژێر كاریگه‌ریی پێداویستیی پیشه‌سازیی دنیا، به كانزای زیوه كه بۆ بواری به‌رهه‌مهێنانی وزه و په‌ره‌سه‌ندنی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی به‌كار ده‌هێنرێت.