وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە دەكات كە پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگانە كورتهێنانی تیادا نییە وەك باس دەكرێت و پارەی پێویست شەش ترلیۆن دینارە و پارەكەش دابین كراوە و كێشەی نییە، هەرچی گۆڕینی وادەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانە، تەنیا رێوشوێنێكی رێكخستنەوەیە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی كرد، بە ژمارەی و بەڵگەنامەی فەرمی دووپاتی دەكەینەوە كە خەرجیی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشین و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی بیڕەكەی دەگاتە شەش ترلیۆن دیناری مانگانە، ئەو ژمارەش لەگەڵ تێكڕای داهاتی وەرگیراو یەك دەگرێتەوە و یەكسانە.
وەزارەتەكە رەتی كردەوە بەوەی قەبارەی خەرجی مانگانەی پێویست بۆ مووچە 8.5 ترلیۆن دینار بێت، لە بەرانبەر شەش ترلیۆن دینار داهات، بەو پێیەی دوو ترلیۆن دینار كورتهێنان لە مووچە هەیە، كە ئەوەش لە رووی ژمێركاری و داراییەوە راست نییە، چونكە ئەو بڕە پارە داهاتی نەوتی پێوەست بە مووچەی مانگی داهاتووە و بەشێكە لەو پارەی دێتە سەر رەسیدی وەزارەتەكە نەك كورتهێنان وەك باسی كراوە.
سەبارەت بە وادەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، گوتی، دیاریكردنی دووی هەر مانگێك بۆ دابەشكردنی مووچەی ئەوان اەبری 17ی مانگ، ئەو پیشخستنە بەهۆی رێوشوێنی پێشووی رێكخستنەوە بووە، واتە بەر لە دەركردنی كارتی پارەدانی ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی خانەنشینان نەكەونە ناو قەرەباڵغی لەكاتی وەرگرتنی پارە لە بانكەكان.
بەپێی بەیاننامەكە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندی خۆی بە دابینكردنی مووچەی خانەنشینان دووپات كردەوە و رای گەیاند، تەواوی شایستە داراییەكانی دابین كراوە و هەر رێوشوێنێكیش بگیرێتە بەر لەپێناو بەرژەوەندیی رێكخستنی كاری دارایی و بەردەوامبوونی دابینكردنی پارەی مووچەیە.