ئاژانسێكی ئەڵمانی: یەدەگی دراوی بانكی ناوەندیی عێراق كەمی كردووە

:: AM:10:31:09/06/2026 ‌
ئاژانسی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی ئاشكرای دەكات، یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی عێراق كەمی كردووە، لە 111 ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 97 ملیار دۆلار. ئاژانسەكە دووپاتیشی دەكاتەوە ئەگەر بارودۆخی دارایی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا عێراق پێویستە قەرزی زیاتر بكات.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، ئاژانسی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، بارودۆخی دارایی عێراق لە مەترسیدایە و ئەگەر بارودۆخەكەیش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ناچارە قەرز بكات. 

ئاژانسی دۆیچە ڤێلە باس لەوە دەكات كە هۆكاری خراپبوونی باری دارایی عێراق، بۆ كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە كە لە مانگی ئایار زیاتر لە سێ‌ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمە كەمترە لە هەناردەی رۆژێكی بەر لە جەنگ.

هەروەها وەك بەڵگەیەك بۆ خراپبوونی دارایی عێراق ئاماژە بۆ ئەو لێدوانەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەكات كە بۆ كەناڵی شەرقیە چەند رۆژێك لەمەوبەر دایبوو. فوئاد حوسێن ئاشكرای كرد عێراق 25 ترلیۆن دیناری چاپ كردووە، واتە نزیكەی 19 ملیار دۆلار.

ئاژانسە ئەڵمانییەكە باس لەوەیش دەكات، عێراق بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی تر دەبێت قەرزی زیاتر لە بانكەكانی ناوخۆ بكات، ئەمەیش لەسەر حیسابی یەدەگی بانكی ناوەندی دەبێت، ئەویش بۆ 97 ملیار و نیو دابەزیوە، بە بەراورد بە 2023 كە ئەوكات 111 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بوو.

راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، هۆكاری سەرەكی وەك ئێستە دەردەكەوێت، كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراقە بە هۆی داخستنی گەرووی هورمزەوەیە، بەڵام هۆكاری راستەقینە كەڵەكەبوونی سیاسەتی حكوومەتەكانی پێشووە، چونكە كێشە ئابوورییەكان بە تێپەڕبوونی ساڵان كەڵەكە بووە، لەو ماوەیەش هەوڵ نەدراوە عێراق لە وڵاتێكی پشتبەستوو بە داهاتی نەوت بگۆڕێت بۆ خاوەن داهاتی جۆراوجۆر.

وائیل مونزیر ئابووریناس لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسە ئەڵمانییەكە باس لەوە دەكات، دۆخی ئێستە بۆ ماوەیەكی كورت زۆر مایەی نیگەرانییە، بە هۆكارێكی زۆر سادە ئەویش مانگانە نۆ ترلیۆن دینار بۆ مووچە خەرج دەكرێت و ئەمەیش بانكی ناوەندی ناچار دەكات قەرزی بۆ بكات تا دابینی بكات.

بەگوێرەی لێدوانی حەیان عەبدولغەنی وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، بەر لە جەنگ وەزارەتی نەوت رۆژانەی چوار ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، كەچی دوای جەنگ رۆژانە بۆ كەمتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل دابەزیوە. هەر بەگوێرەی لێدوانەكەی عەبدولغەنی، عێراق بە رێژەی 90% لە دابینكردنی بودجەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل