گۆڕانی قۆناغ.. لێكدانەوەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و هەڵوێستی ئەعرەجی

:: PM:03:22:24/05/2026 ‌
لە چوارچێوەی سەردانە ستراتیجییەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا، كۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كرد، كۆبوونەوەكە دەنگدانەوەی زۆری لێ‌ كەوتەوە بەتایبەت كە پێشوازییەكە بە ئاڵای كوردستانەوە بوو لە ناوەڕاستی بەغدا و بە گەورەترین دامەزراوەی وڵاتەكەدا. 

بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئایار، لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی كۆبووەوە، پێشوازییەكەی ئەعرەجی بە ئاڵای كوردستان و بە پێشكەشكردنی چەپكە گوڵ، كۆبوونەوەكەی گەرموگوڕتر. 

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە وا دەبینرا زۆر دڵخۆشە بە بینینی ئاڵای كوردستان، خۆیشی لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی دووپات كردەوە كە ئاڵای كوردستان دەستوورییە و لە هەر شوێنێك بیبینم پێی دڵخۆشم. 

دوای كۆبوونەوەكەیش لە بەیاننامەیەكدا قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، دووپاتی لە گرنگیی كاركردن بە دەستووری عێراق و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ كردەوە.

ئەعرەجی دووپاتی لەوە كردەوە كە سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا، پەیامێكی گرنگە كە پشتڕاستی قووڵیی پێوەندییە نیشتمانییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەكاتەوە. دووپاتیشی لە گرنگیی كاركردن بە دەستووری عێراق و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ كردەوە، بە جۆرێك كە یەكپارچەیی وڵات و سەقامگیرییەكەی بەهێز بكات.

هەرچەندە ئاڵای كوردستان لە پرۆتۆكۆڵی كۆبوونەوەكاندا نامۆ نییە، بەڵكو لە ماوەی رابردوودا لە تەواوی سەردانەكانی بەرپرسانی كورد بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دانراوە، بەڵام ئەوەی رووی نوێگەریی تێدا بێ لەم جارەدا ئەوەیە، لە ناوەڕاستی بەغدا و لەناو گەورەترین دەزگای عێراق بە ریز ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای عێراقەوە دانرابوو. 

ئەو عەقڵییەتە بەتەواوی دەوڵەتی دامەزراوە بنیاد دەنێت، جیا لەوەی هەنگاوێكی گرنگە بۆ قووڵكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و قاسم ئەعرەجی كە هەردووكیان وەك بڕیاردەری گەورەی سیاسیی لە عێراق دەردەكەون. 

بە سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا، ئێستە خەڵك ناڵێن سەرۆكی حكوومەتی كوردستان لە بەغدایە، بەڵكو داهێنانی تر كراوە و دەڵێن، بڕیاردەری كوردستان لە عێراق كۆبوونەوەكانی دەكات. 

ئەو دەستەواژەیە دوابەدوای ئەوە سەری هەڵدا كە لە ماوەكانی رابردوودا، زۆر لەو شاندانەی تر كە دەچوون حزبی بوون و سەرۆك حزبەكان رۆڵیان تەنیا كۆبوونەوە بووە بەبێ‌ بڕیاری گرنگ و سیاسی. 

ئەوەی ئێستە لای خەڵكی كوردستان پرسیارە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانە و جیا لەوەیش قاسم ئەعرەجی كێیە كە بەمشێوەیە پێشوازیی لە سەرۆك وەزیرانی كوردستان كرد. 

قاسم ئەعرەجی ساڵی 1964 لە دایك بووە و سیاسەتوانێكی عێراقییە، لە سەردەمی حكوومەتی حەیدەر عەبادی پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراقی ھەبووە و ئەندامێكی دیاری ڕێكخراوی بەدر بووە.

 دوای ڕووخانی ڕژێمی لێخراوی بەعس، چەندان پۆستی لە حكوومەتی خۆجێی لە پارێزگای واست وەرگرتووە، كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆكی لیژنەی تەناهیی بووە لە ئەنجوومەنی پارێزگای واست. 

ساڵی 2010 لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا سەركەوتنی بەدەست ھێنا و بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان.

 لە مانگی تەمووزی 2020ەوە وەك ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كاری كردووە، دەیان جار سەردانی كوردستانی كردووە و پێوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كورد هەیە. 

ئەعرەجی لەناو سیاسییەكانی عێراقدا بەوە ناسراوە، بەردەوام هەوڵی نزیكخستنەوەی لایەنەكان دەدات، هەروەها لە سەردەمی رژێمی بەعسی لێخراودا بەرهەڵستكارێكی تۆكمە بووە.  




وشە - وشه‌