دیمهنی مووشهكێكی ئێران كه ئیسرائیل له كێڵگهیهكی سووریا خستوویهتییه خوارهوه
بۆ سێیەم جار لە ماوەی جەنگ و ململانێكان لە دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا سەركەوتوو بوو لە هەڵخەڵەتاندنی ئێران، ئەو تەڵەیەی بۆ تارانی دانابووەوە، جارێكی تر سەركردەكانی ئێران كەوتنە ناویەوە.
ئیسرائیل نایەوێ ئەمەریكا و ئێران بە ڕێككەوتن بگەن و جەنگ كۆتایی بێت، ئێران دەیەوێ ئەمەریكا لە سەروبەندی پاڵەوانیەتیی جامی جیهانی تۆپی پێ شەرمەزار بكات، بەڵام تەلئەبیب ڕاشكاوانە دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەیەوێ ئەمەریكا و ئیسرائیل دەست بە بۆردمان و هێرشەكان بۆ سەر ئێران بكەنەوە.
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستە سوپای ئیسرائیل ئامادەباشی تەواوی بۆ بۆردمانكردنی ئێران ڕاگەیاند، بەوهۆیەوە خوێندن و دەوام لە وڵات ڕاگیرا و نهۆمی سەرەوەی نەخۆشخانەكان چۆڵ كران، ئامادەكاری بۆ داخستنی فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن دەستی پێ كرد، هاوكات داوای لە هێزی یەدەگی ئاسمانی كرد بچنە خزمەتەوە بۆ بۆردمانكردنی ئێران و هێزی یەدەگی وشكاییش بانگهێشت كرا، تا بەردەوامی بە هێرشی وشكانیی لە لبنان بدەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مەعاریف" ئیسرائیلی، ئەمە هەنگاوە هەڵخەڵەتاندنێكی جەنگی بوو كە ترەمپ و نەتەنیاهۆ لەسەری ڕێككەوتن و ئێرانیش بە ئاسانی كەوتە ناو تەڵەكەوە. هاوكات پێگەی "رەجەب"ی سەربە هەواڵگریی سوپای پاسدارانیش دووپاتی لەو ڕاستییە كردووەتەوە، كە ئێران جارێكی تر بووەوە بە نێچیر و كەوتە تەڵەی ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە.
سەرچاوە سیاسییەكان بۆ ڕۆژنامەی "
مەعاریف" گوتوویانە، پلانی هەڵخەڵەتاندنەكە لە واشنتن دانرا و نەتەنیاهۆ هاریكاریی تەواوی خۆی بە جێبەجێكردنی دەربڕیوە، ئەمەریكییەكان هەستیان بەوە كرد كە ئێران گرەوی زۆر لەسەر ناكۆكییەكانی نێوان واشنتن و تەلئەبیب دەكات، بۆیە بڕیاریان دا ئاستی هەڵخەڵەتاندنیان زیاتر بەرز كردەوە و بەرەی توندڕۆكانی ئەمەریكا لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئەمەریكا هان دران كە زۆر توندتر دژی نەتەنیاهۆ قسە بكەن، بەوەی چاوەڕوانی دەرئەنجامەكانی دانوستانی ئاشتی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران ناكات.
بەگوێرەی سەرچاوەكان، ترەمپ بەم هەنگاوە باوەڕی بە سەركردایەتیی ئێران هێنا كە نازانن مامەڵە لەگەڵ كێ دەكەن، لەو باوەڕەدایە كە دەیەوێ ڕێككەوتن بە هەر جۆرێك لەگەڵ ئێران بكات، تا كاریگەریی لەسەر رەوتی یارییەكانی جامی جیهانی تۆپی پێ لە ئەمەریكا دروست نەكات، لە پەراوێزی جەنگ و ململانێ و گرژییەكان، چونكە جەنگ بەهەمانشێوە ئاهەنگەكانی یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریكای شێواند.
تاران سەركێش و لووتبەرزانە مامەڵە دەكات، وەك ئەوەی جەنگەكەی بردووەتەوە، بەڵام ئەوان ڕێبەری پێشوو و زۆرینەی ڕەهای سەركردەكانیان لە دەست دا، نیوە زیاتری جبەخانەی جەنگی و ژێرخانیان وێران بووە، گورزێكی تری كوشندە دەبێتە جۆرێك لە بەئاگاهێنانەوەی ئێران.
ئیسرائیل كەناڵی پێوەندی و هاوئاهەنگی لە رێی رۆن دێرمەری وەزیری پێشووی حكوومەتی ئیسرائیل و نێردراوی تایبەتی نەتەنیاهۆ لە واشنتن بە كراوەیی هێشتەوە، رۆن دێرمەر لەگەڵ براد كووپەری فەرماندەی گشتیی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هاوئاهەنگیدا بوو و بەیەكەوە پلانی ورد و ئامانجەكان دیاریكراون كە لە ڕێی بۆردمانەكانی ئیسرائیلەوە بكرێنە ئامانج، بۆیە كووپەر ڕەزامەندیی لەسەر نەك تەنیا بۆردمانی باشووری بەیرووت، بەڵكو لەسەر ئامانجەكان لە ناوخۆی ئێرانیش داوە.
كاتێك ئێران پێشنیازەكانی ترەمپیان بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن ڕەت كردەوە، ئەوكات ئەمەریكا دەستی ئیسرائیلی واڵا كرد، لەلایەكەوە ترەمپ داوای دەكرد كە ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران نەداوەتەوە و داوایشی لە تاران دەكرد چیتر مووشەك نەهاوێژێت، بەڵام سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ترەمپ لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ ڕەزامەندیی داوە، بە گورزێكی بێ ئامانج بەرانبەر گورزێكی بێ ئامانج وەڵام دەدرێتەوە، وەك ئاماژەیەك بەوەی ئیسرائیل شوقەیەكی چۆڵی لە بەیرووت بۆردمان كرد و هێرشەكانی ئێرانیش بۆ سەر ئیسرائیل هیچ زیانێكی لێ نەكەوتەوە، بەڵام بۆردمانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئامانجەكانیان بە وردی پێكاوە.
لەو كاتەی ئێران خەریكی هەڵدانی مووشەكەكانی بوو، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەرەو ئاسمانی ئێران فڕیون، لە كۆی ئەو مووشەكانەی كە لەلایەن ئێرانەوە هاوێژران، 24 مووشەك بوو، یەكێكیان لە ئوردن و یەكێكی تریش لە بەرەی ڕۆژئاوا لە فەلەستین كەوتە خوارەوە و ئەوانەی تریش سەرجەمیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل بێ هیچ زیانێك تێكشكێنران.
سەرەڕای ئەوەی دواتر ئێران وەستانی هێرشە مووشەكییەكانی بەرانبەر بە بۆردمان نەكردنی باشووری لبنان و بەیرووت لەلایەن ئیسرائیل ڕاگەیاند، بەڵام سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، تەلئەبیب ئەو مەرج و هاوكێشە نوێیەی ڕەت كردووەتەوە كە تاران دەیەوێ بیسەپێنێت.
سەرچاوەیەك لەوبارەیەوە گوتی، ئیسرائیل قبووڵی كۆتوبەندكردنی جووڵەكانی لە لبنان ناكات و مامەڵەیش لەگەڵ خواستی ئێران بۆ وەستانی هێرشەكان بۆ سەر حزبوڵا ناكات، لە بەرانبەر هەر هێرشێكی مووشەكی ئێرانیش دوو هێندە بەهێزتر وەڵامی هێرشەكانی ئێران دەداتەوە و بەردەوامیش دەبێ لەوەی بە ئازادانە جووڵە لە لبنان بكات.
ئەو هەڵوێستەی ئیسرائیل تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەكانی بۆ سەر لبنان نییە، بەڵكو بەمە دەیەوێ ڕێگریی لە گەیشتنە ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئیسرائیل بكات و بەردەوامیش كارتێكی گوشار و هەڕەشەیەكی ڕژدیش دەبێ بەسەر تارانەوە، بۆیە تەلئەبیب دەیەوێ بە هەر جۆرێك بێ جەنگ كۆتایی نەیەت و ئاگربەست هەبێ و ماوە ماوەیش گورز بوەشێنێت.