محەمەد رەمەزان كە یەك لە ئەستێرە زۆر گەورەكانی سینەما و گۆرانیی میسرە، گەیشتە بەغدا و لەوێوە رێكلام بۆ فیلمە نوێیەكەی بە ناوی "اسد- شێر" دەكات، لە لێدوانێكدا رای گەیاند، عێراق كاریگەریی هەیە بۆ دروستكردنی هونەرمەندی سەركەوتوو.
پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵی گەیشتنی محەمەد سەمەزانی بۆ بەغدا بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لەگەڵ گەیشتنی ئەو هونەرمەندە بۆ بەغدا و لە لێدوانەكەیدا گوتی، جەماوەر و سینەما لە عێراقدا زۆر پێشكەوتووە. عێراق یەك لە وڵاتە عەرەبییەكانە كە كاریگەریی هەیە بۆ دروستكردنی هونەرمەندی سەركەوتوو، هاوكات دەتوانی ئەو هونەرمەندە بكاتە ئاستێك داهاتی لە سینەمادا هەبێت و زیاتر پێش بكەوێت و سەكەوتوو بێت.
ئەوەشی گوت كە خۆشەویستی جەماوەری عێراق بۆ هونەرمەندان، وا دەكات هونەرمەند هەست بە بەرپرسیاریی گەورە بكات، بگاتە ئاستێك لەوە تێبگات لە ئاستی ئەو خۆشەویستییەیە كە جەماوەرەكەی پێ داوە، بۆیە زیاتر هەوڵی پێشكەوتن دەدات.
دواتریش محەمەد رەمەزان بۆ سەردانەی بۆ بەغدا و لەبارەی فیلمە نوێیەكەی "اسد- شێر" رای گەیاند، بڕیارە ئەو فیلمە لە 19 هۆڵی سینەما لە عێراق پێشان بدرێت. ئەم سەدانەی بۆ عێراق دوا سەردانی نابێت و بە دڵیاییەوە سەردانی تریش دەكاتەوە بۆ رێزی گەلی عێراق كە خاوەنی شارستانییە و پشكێكی زۆر گەورەی لە شارستانیی مرۆییدا هەیە.
محەمەد رەمەزان كە لەدایكبووی ساڵی 1988ی میسرە و لە وڵاتانی عەرەبی و لە بواری گۆرانی و نواندنی سینەماییدا، بە "نەمبەر وەن" ناو دەبرێت، خاوەنی دەیان گۆرانی و زیاتر لە 10 فیلمی سینەماییە، لەناو هونەرمەندە گەنجەكان لە میسردا بە دیارترینیان هەژمار دەكرێت كە تا ئێستە چەندان خەڵاتی گەورەی نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە.