یەكەمین پێشانگەی كتێبی كوردی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:22:24/05/2026 ‌
ماڵی وەفایی رای گەیاند، لە هەنگاوێكی نوێ و گرنگ بۆ بوارەكانی ڕۆشنبیری، كتێب و چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی، یەكەمین پێشانگەی كتێبی كوردی لە ڕۆژانی ٤–١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەناو پاركی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت.

ماڵی وەفایی كە ناوەندێكی رۆشنبری و كولتوورییە لە هەولێر بڵاوی كردەوە، ئەم پێشانگەیە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی چالاكییە ڕۆشنبیرییە كوردییەكاندا و پێوەست بە كتێبی كوردی، بەو ئاست و فراوانییە ڕێكدەخرێت، چاوەڕوان دەكرێت ببێتە یەكێك لە گرنگترین ڕووداوە ڕۆشنبیرییەكانی ساڵی ٢٠٢٦.

بەگوتەی ناوەندەكە، نزیكەی یان زیاتر لە ١٠٠ وەشانخانە، دەزگە و ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی لە باشووری كوردستان و دەرەوە بەشداریی پێشانگەكە دەكەن، بۆ پێشاندانی هەزاران ناونیشانی كتێب و بەرهەمی فكری و ئەدەبی و زانستی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تایبەتمەندیی ئەم پێشانگەیە تەنیا لە ژمارەی بەشداران و قەبارەی بەرهەمەكاندا نییە، بەڵكو لەوەدایە كە بۆ یەكەمجار هەوڵێكی هاوبەش و فراوان بۆ كۆكردنەوەی بوارە جیاوازەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی لە ژێر یەك چەتردا ئەنجام دەدرێت.

چاوەڕوان دەكرێت پێشانگەكە جگە لە خستنەڕووی كتێب و بەرهەمە چاپكراوەكان، ببێتە شوێنێك بۆ دیدار، گفتوگۆ، ناساندنی بەرهەمە نوێیەكان، پێوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر و بەهێزكردنی جووڵەی ڕۆشنبیری و خوێندنەوە لە كۆمەڵگەدا.

هەروەها بەڕێوەبەرانی پێشانگەكە هیوادارن ئەم هەنگاوە، ببێتە بناغەیەك بۆ دامەزراندنی نەریتێكی ساڵانە و گەشەپێدانی پانتاییەكی تایبەت بۆ كتێب و ڕۆشنبیریی كوردی.



وشە - سۆران عەزیز