وێڕای سوودە زۆرەكانی بیبەری تیژ.. هۆشداریی لە زێدەڕۆیی دەدرێت

:: PM:03:24:06/12/2025 ‌
لە توێژینەوەیەكی نوێدا دەركەوتووە كە بیبەری تیژ ئەگەر بە زێدەڕۆیی نەخورێت، سوودی زۆری بۆ دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێن هەیە، بەڵام ساسی تیژ كە لە ئاوی تەماتە و بیبەری تیژ دروست دەكرێت و هاوكات سوێرە، خواردنی ئەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە. بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك هۆشداریی لە خواردنی زێدەڕۆی ساس دەدەن.

پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "ڤێری وێڵ هێڵس" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی سوود و زیانەكانی بیبەری ژیر و ساسی تیژ، قسەیان بۆ پێگەكە كردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن كە ئەگەر بیبەری تیژ زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت، سوودەكانی زۆرن و بەتایبەتی بۆ دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێن، بەڵام ساسی تیژ پێچەوانەی سوودەكانی بیبەری تیژە.

باس لەوە دەكەن مادەی "كابسیسین" كە رۆڵی هەیە بۆ تیژبوونی بیبەر، ئەوەیە وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێن داببەزێت، بەو مەرجەی زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت. هاوكات مادەی كابسیسین ئۆكسید نیتریك بەرهەم دێنێت كە ئەوەیش رۆڵی هەیە لە كرانەوەی دەمارەكان و وا دەكات خوێن ئاسانتر هاتوچۆ بەناو دەمارەكاندا بكات.

هاوكات پسپۆران ئاماژە بەوەش دەدەن، بیبەری تیژ كە كابسیسین بەرهەم دێنێت، رۆڵی ئەو مادەیە دژە هەوكردن و ئۆكسیدە، ئەویش وا دەكات تەندروستیی دەمارەكان بپارێزێ و رێگە نەدات دەمارەكان تەسك ببەنەوە و هاوكات پاڵەپەستۆی خوێن بەرز نەبێتەوە. هەروەها ئەو مادەیە رۆڵ لە دابەزاندنی كێشیش هەیە.

ئەوەیش دەڵێن كە ئەوانەی ئارەزووی خۆراكی تیژ دەكەن، ئەوانەن كە حەز ناكەن خواردنەكەیان سوێر بێت، هەر ئەوەیشە وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێنیان بەرز نەبێتەوە. بۆیە ئامۆژگاری خواردنی بیبەری نوێ و وشككراوەیش دەكرێت، نەك بەرهەمە سوێرەكان، نموونە بە ساسی تیژ كراوە كە لە ئاوی تەماتە و بیبەری تیژ دروست دەكرێت و دەخرێتە شووشە یان قوتووەوە، ئەوەیش سوێر دەكرێت تا ماوەكەی درێژ بكرێتەوە.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی بیبەری تیژ و زیانەكانی، ئامۆژگاری دەخەنەڕوو و دەڵێن، هەموو ئەوانەی هەست دەكەن كێشە بۆ هەرسكردنیان دروست دەكات، كەمتر بەكاری بێنن. هەروەها ئەوانەی بە خواردنی بیبەری تیژ هەست دەكەن لێدانی دڵیان بەرزتر دەبێتەوە یان ئارەق دەكەن و تووشی دڵەڕاوكێ دەبن، پێویستە لە خواردنی بوەستن و لێی دوور بكەونەوە.

دواتریش دەڵێن ئەو نەخۆشانەی دەرمانیان هەیە و دژی بیبەرە، وەك دەرمان و حەبی پاڵەپەستۆی خوێن، باشترە لە خواردنی بیبەری تیژ دوور بكەونەوە.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د