كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی رای گەیاند، ئەوەی تا ئێستە بە دڵنیاییەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای ئیبۆلا پێی گەیشتوون، 101 كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، هاوكات 550 كەسی تریش تووشی ئەو پەتایە بوون و چارەسەر وەردەگرن.
پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی ئەو وڵاتە وەرگرتووە و حكوومەتی كۆنگۆی دیموكراتی روونی كردووەتەوە، ئەو پەتایە لە وڵاتەكەدا بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، بەتایبەتی لە سێ كەرتی وڵاتەكە كە چەكدارانی میلیشیایی ئاستەنگ بۆ تیمەكانی تەندروستی دروست دەكەن ئەگەر بیانەوێ چارەسەری دۆخە تەندروستییەكە بكەن، بۆیە زۆربەی تووشبووان لەو سێ كەرتەدان.
لە 15ی مانگی رابردوو ئایار، پەتای ئیبۆلا لە كۆنگۆ بڵاو بووەتەوە، هاوكات بەرپرسانی بواری تەندروستی بەرانبەر بە چارەسەركردنی دۆخەكە بێ دەسەڵاتن و نەیانتوانیوە كۆنترۆڵی بكەن. ئەو سێ كەرتەی كە زیاتر پەتاكەی لێ بڵاو بووەتەوە و میلیشیاكان تێیاندا باڵادەستن، بریتین لە ئیتۆری و كیڤۆی باكور و كیڤۆی باشوور.
نوێترین راپۆرت كە لەوبارەیەوە بڵاو بووەتەوە، دوێنێ دووشەم بوو كە حكوومەتی كۆنگۆ رای گەیاند، 35 كەسی تر لە 24ی سەعاتی رابردوودا تووشی پەتاكە بوون، هاوكات 10 كەسی تریش بەهەمان دۆخ گیانیان لە دەست داوە. واتە پێشتر مردن بەهۆی پەتاكەوە 91 كەس بوو، ئێستە ژمارەكە گەیشتووەتە 101 كەس. هاوكات تووشبووان بە پەتاكە گەیشتووەتە 550 كەس.
دواتریش وەك ئامار ئاماژە بەوە دراوە، ئەوانەی تووشی پەتاكە بوون، لە 17 ناوچەی تەندروستی لە ئیتۆری، حەوت ناوچەی تەندروستیی كیڤۆی باكور و ناوچەیەكی تەندروستیی تریش لە كیڤۆی باشوورن.