بارزانی پیلانەكەی مالیكی تێكشكاند

:: PM:03:09:01/10/2016 ‌
سەردانەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، بووە هۆی تێكشكاندنی پیلانێكی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە دەیویست لە رێی متمانەسەندنەوە لە وەزیرەكانی حكوومەتی عێراق، شكست بە حكوومەتی عەبادی بهێنێت و پەرلەمانتارێكی كوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هاتنی بارزانی بۆ بەغدا رزگاركردنی حكوومەتی عەبادی بوو، هاوكات عەبادی ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

عەرەفات كەرەم پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نووری مالیكی دوای ئەوەی بە زەبری هێز نەیتوانی حكوومەتی عەبادی بڕووخێنێت، ئێستە هەوڵ دەدا یەك یەك متمانە لە وەزیرەكان بسەنێتەوە و لە كۆتادا متمانە لە حەیدەر عەبادی وەربگرێتەوە و ئینجا جارێكی تر خۆی دەسەڵات وەربگرێتەوە، بەڵام هاتنی سەرۆكی هەرێم بووە هۆی تێكشكانی ئەو پیلانەی مالیكی و  ئێستە عەماڕ حەكیم و موقتەدا سەدر و عەبادی و ئەیاد عەلاوی بە پشتیوانی بارزانی، مانەوەی حكوومەتی عەبادییان مسۆگەر كردووە.

هەروەها گوتی، مالیكی لە رێی ئەو پیلانەوە دەیویست رزگاركردنی مووسڵیش دوا بكەوێ و دژی ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا بەر لە دەست پێكردنی شەڕی مووسڵ، ئەمەش بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا نەبوو، جگەلەوەش مالیكی ئێستە سەرپەرشتی بەرەیەك دەكات كە دژی مافەكانی هەرێمی كوردستانن، ئەو حزبە كوردییانەش كە لەگەڵیدا هەر كەسێك دژی بارزانی بێ لەگەڵیدان، بیر لەوە ناكەنەوە ئەو كەسە تا چەند دژی مافەكانی خەڵكی كوردستان بڕیار دەدات.

لەبارەی بودجەی كوردستانیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی دا، دوای هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ئەو هەوڵەی كە هەبوو بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی كوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2017 كە ئێستە پەرلەمان خەریكیەتی، شكستی پێ دێت و بودجەی كوردستان وەك خۆی دەمێنێتەوە و هەوڵیش هەن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان لەبارەی بودجە و داهاتەوە.


وشە/باز ئەحمەد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د