له 14ی دیسێمبه‌ر تره‌مپ و ئه‌ردۆغان به ته‌له‌فۆن گفتوگۆیان كرد، تره‌مپ پێشوه‌خته هه‌میشه دووپاتی له‌وه ده‌كرده‌وه، كه پێویسته له دۆزه‌خی سووریا ده‌ربچین، منیش ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو ئه‌و قسانه به‌وشێوازه به ئه‌ردۆغان بڵێت، به‌ڵام ئه‌ردۆغان خۆی باسه‌كه‌ی كرده‌وه و داوای كرد كه ئه‌مه‌ریكا هاوكار بێ له پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا دژ به یه‌په‌گه و بزووتنه‌وه‌ی فه‌تحولا گیوله‌ن كه به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناك ناوی ده‌بردن.
گفتوگۆكان سه‌ره‌تا به دووباره تاوتوێكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هالك بانك ده‌ستی پێ كرده‌وه و تره‌مپ دڵنیایی به ئه‌ردۆغان دا كه نزیكبوونه‌ته‌وه له‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه بده‌ن و بڕیاره‌كه‌یش ئه‌رێنی ده‌بێت، ئه‌ردۆغان به زمانی ئینگلیزی زۆر سوپاسگوزاری خۆی ڕاگه‌یاند و پاشان چووه سه‌ر دۆسیه‌ی سووریا و گوتی، وه‌ك سه‌رۆك تره‌مپ ده‌زانێ، كه ویستی توركیا له سووریا چۆنه و یه‌په‌گه و تۆڕی فه‌تۆ چ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكن بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا، بۆیه پێشنیازی كرد، كه واشنتن هاوكاری توركیا بێ و پێوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كان زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ن.
ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی كورده‌كان به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو، چونكه ئه‌مه‌ریكا خۆی 30 تا 40 هه‌زار له هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی مه‌شق و ڕاهێنان پێ كردووه و ئێسته‌یش ناتوانێ بچێته به‌ره‌ی توركیا و ئه‌و هێزه‌ی كه پاره و توانای زۆری لێ خه‌رج كردن، وه‌ك ئه‌نكه‌ره به "تیرۆریست" ناویان ببات. هه‌رچه‌نده تره‌مپ به توندی و به ڕاشكاوی ئه‌مه‌ی بۆ ئه‌ردۆغان روون نه‌كرده‌وه، به‌ڵام من به ته‌واوی هه‌ستم به‌وه كرد، كه دژیه‌كی زۆر له نێوان بۆچوونی تره‌مپ و كاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع له سووریا بوونی هه‌یه.
تره‌مپ هیچ بایه‌خی به‌و خاڵه گرنگه نه‌دا و ئه‌ردۆغانیش دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه توركیا هه‌ماهه‌نگ و هاوكاری ئه‌مه‌ریكا ده‌بێ له له‌ناوبردنی تیرۆریستانی داعش و كورده‌كان له سووریا، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایش پێشنیازه‌كه‌ی به بایه‌خه‌وه سه‌یر كرد و دووپاتی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر توركیا بتوانێ و بڕیار بدات، ڕووبه‌ڕووی پاشماوه‌كانی داعش ببێته‌وه، ئه‌وا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌كشێنێته‌وه. ئه‌ردۆغان به‌ڵێنی دا و چه‌ند جارێكیش دووپاتی له به‌ڵێنه‌كه‌ی كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه، كه پێویستیان به كاری لۆجستی و سه‌ربازی هه‌یه، تا به ته‌واوی بتوانن بچنه ناوچه‌كه و كۆنتڕۆلی تیرۆریستانی لێ بكه‌ن، تره‌مپیش باسی له‌وه كرد، كه ئه‌مه‌ریكایش تاوتوێی كشانه‌وه له سووریا ده‌كات، تا ئه‌و كاته‌ی كه توركیا ئاماده ده‌بێ، ئه‌ركی له‌ناوبردنی تیرۆریستان بگرێته‌ئه‌ستۆ، پلان بۆ كشانه‌وه له ناوچه‌كه داده‌نێت.
هه‌میشه پرسیاری من ئه‌وه بوو، بۆچی له پێناوی هیچ سووریا ڕاده‌ستی وڵاتانی تر بكه‌ین
دوای دیداره‌كه تره‌مپ گوتی، پێویسته ده‌سبه‌جێ پلان دابنێن بۆ چۆنیه‌تیی كشانه‌وه له سووریا و پێوه‌ندی به ستیڤن منوچینه‌وه‌یش بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی هالك بانك نه‌رمی ته‌واوه‌تی بنوێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش سوپاسی ئه‌ردۆغانی كرد و به سه‌ركرده‌یه‌كی واقیعی ناوی برد. دووپاتی له‌وه‌یش كرده‌وه، كه پێویسته به‌ر له كشانه‌وه به‌یاننامه‌یه‌ك ئاماده بكه‌ین و كۆتایی داعش ڕابگه‌یه‌نین، ده‌یه‌ویست هه‌مان هه‌نگاوی ئۆباما هه‌ڵبگرێته‌وه، من به ته‌واوی دژی ئه‌و بۆچوونه بووم، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی.
دواتر پێوه‌ندیم به جێمس ماتیسی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا كرد و ناوه‌رۆكی گفتوگۆكانم بۆ باس كرد، ئه‌و به ته‌واوی تووڕه‌یی و بێزاری له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه ده‌ربڕی، له ڕاستیدا كار و به‌رنامه ستراتیجییه‌كانی من و پۆمپیۆ و ماتیس به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی تره‌مپ بوو، ئێمه له حوزه‌یران/یۆنیۆ به به‌رده‌وامی له دانیشتنه‌كانمان تاوتوێی چۆنیه‌تیی به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكامان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئاستێك ده‌كرد، كه هیچ هێزێكی ناوچه‌كه بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بێ، هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر هێزه‌كانمان و دیپلۆماتكاران و هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست بكات، به‌ڵام ئێسته تره‌مپ ده‌یه‌وێ ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه هه‌یشمانه به ته‌واوی له ده‌ستی بدات و جارێكی تر دوای عێراق، سووریایش بۆ ئێران چۆڵ بكات.
دواتر له‌سه‌ر ئه‌و پێشڤه‌چوونانه و ئه‌و ویسته‌ی تره‌مپ جارێكی تر كۆبووینه‌وه و به وردی تاوتوێمان كرد، هه‌رسێكمان له‌و بڕوایه‌دابووین، كه كشانه‌وه له سووریا و جێهێشتنی كورده‌كان له‌به‌رده‌م په‌لاماری توركیا، هانیان ده‌دا به ته‌واوی له ئه‌مه‌ریكا دوور بكه‌ونه‌وه و ببن به هاوپه‌یمانی ڕووسیا و ئه‌سه‌د، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هیچ متمانه‌یه‌كیان به ئه‌مه‌ریكا نامێنێت، بۆ مانه‌وه‌یان و ڕێگری له كۆمه‌ڵكوژی توركیا، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌سه‌دیش ڕێكنه‌كه‌ون، ئه‌وا ئێران وه‌به‌رهێنانیان له‌سه‌ر ده‌كات و ده‌یه‌وێ ناوچه‌كانیان بخاته ژێر ڕكێفی خۆی و كۆمه‌ك و هاوكارییان پێشكه‌ش بكات.
تره‌مپ سووربوو له‌سه‌ر كشانه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من و پۆمپیۆ و ماتیس دژی ئه‌و كاره بووین
له 18ی دیسێمبه‌ر، جاریكی تر من و ماتیس و ده‌نفۆرد و هاسپیل و پۆمپیۆ له پنتاگۆن له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته كۆبووینه‌وه، هه‌موومان هاوڕابووین له‌وه‌ی كه جێهێشتنی باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجییه به‌رانبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دووپاتیشمان له‌وه كرده‌وه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ كورده‌كان له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تی بێبه‌زه‌یییانه‌ی ئه‌ردۆغان جێ بهێلین، هاوڕابووین له‌وه‌ی ئامانجی توركیا زیاتر كورده‌كانه، نه‌ك داعش، ترسی زۆریشمان له‌وباره‌وه خسته‌ڕوو، كه به‌هۆی هێرشی توركیا هه‌زاران گیراوی داعش كه له به‌ندیخانه‌كانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی كورده‌وه‌بوون، دۆخه‌كه بقۆزنه‌وه و ڕا بكه‌ن و جارێكی تر مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی پێشوو دروست بكه‌نه‌وه و سه‌ركه‌وتنه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌سه‌ر تیرۆر بگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر خاڵی سفر.
تره‌مپ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگ بوو به هیچ شێوه‌یه‌ك كورده‌كان نه‌بوون، به‌ڵكو زیاتر ترسی له ڕزگاربوونی گیراوه‌كانی داعش بوو، بۆیه پێشنیازی بۆ ماتیس كرد، كه سه‌رجه‌م گیراوه‌كان بۆ گوانتانامۆ بگوێزرێنه‌وه، به‌ڵام ماتیس ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه، دواتر تره‌مپ داوای كرد كه زۆرترین فشار له‌سه‌ر وڵاتان دروست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گیراوه داعشیانه‌ی كه ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتانی تریان هه‌یه، له‌لایه‌ن وڵاته‌كانیانه‌وه وه‌ربگیرێنه‌وه و بخرێنه گرتووخانه‌وه. ئه‌مه‌یش بۆچوونێكی نا لۆجیكی بوو، چونكه چه‌ندان مانگ بوو هه‌موو فشاره‌كان چڕكرابوونه‌وه، به‌ڵام وڵاتان ئاماده نه‌بوون جارێكی تر داعشه گیراوه‌كان وه‌ربگرنه‌وه و بۆ وڵاته‌كانیان بیانگه‌ڕێننه‌وه.
گفتوگۆكان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه له كۆشكی سپی بێ هیچ ده‌رئه‌نجامێك كۆتایی هات و كۆشكی، پاشان جارێكی تر تره‌مپ ئه‌و بابه‌ته‌ی دووباره كرده‌وه و له ده‌نفۆردی پرسی چه‌ند كاتمان پێویسته تا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا به ته‌واوی ده‌كشێنه‌وه و هیچ شتێكمان له‌وێ نامێنێت و هه‌موو هه‌نگاوه‌كانیش به سه‌لامه‌تی جێبه‌جێ بكرێن، له وه‌ڵامدا ده‌نفۆرد گوتی، 120 ڕۆژ، دووپاتی كرده‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین به 48 سه‌عات ئه‌و كاره بكه‌ین.
له‌و گفتوگۆیانه من باسم له‌وه كرد، كه نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك ناوچه‌ی ته‌نه‌ف چۆل بكه‌ین، كه سێگۆشه‌ی سووریا – عێراق – ئوردن بوو، چونكه ئه‌وێ باكوری سووریا نییه و تاكه ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی ئێرانیشه بۆ گه‌یشتن به سووریا، كه ده‌یه‌وێ به به‌ستنه‌وه‌ی به‌غدا به دیمه‌شق بگاته ده‌ریای ناوه‌ڕاست، ماتیس له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش نه‌بوو، منیش هه‌موو كات سووربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاره بكرێت، هه‌رچۆنێكیش بێ، نابێ ده‌ست له ته‌نه‌ف به‌ربده‌ین و دووپاتم له‌وه كرده‌وه، كه بۆچی ئه‌و سنووره به‌رفره‌وانه بۆ وڵاتانی تر چۆل بكه‌ین، له پێناوی هیچ شتێك؟
ئه‌م هه‌نگاوه په‌یامێك بوو بۆ كورد كه ببن به هاوپه‌یمانی ئه‌سه‌د و ڕووسیا و ئێران