ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی دەچنە شاخەوانی

:: PM:03:17:14/12/2020 ‌
ئەنوەر عەلی سەرۆكی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" دا ڕای دەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان بە ئامانجێکی جیاوازتر بە هونەر و فەلسەفەیەکی ترەوە دەگەڕێنەوە شاخەكان، بۆ ئەم مەبەستەش فیدراسیۆن و هەوڵی داوە كەسی شیاو پێ بگەیەندرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێبەریکردنی چالاکی شاخەوانی گرووپەکان و هەروەها دانانی ڕێسا و یاسای و ژێرخانی پێویست، ئێستە ژمارەی گرووپەكان زۆر زیاد بووە بەجۆرێك كە ساڵانە هەزاران گەشتی شاخەوانی ئەنجام دەدەرێت.

شاخەوانی كەی لە هەرێمی كوردستان پێگەی جێگیر بوو؟
لە ساڵی 2003 دوای ڕووخان و نەمانی ڕژێمی بەعس هەوڵەكان بۆ چوونە شاخ و دروستبوونی ئارەزووی شاخەوانی هەرچەند زۆر کەم بوو  دەستی پێ‌ كرد، لە داوی دروستكردنی فیدراسیۆنی شاخەوانی لە ساڵی 2005، دەتوانرێ بگوترێت شاخەوانی لە هەرێمی كوردستان ڕێڕەوێكی ڕاستەقینەی ئۆرگانی خۆی وەرگرت.

گرووپەكان گەشتە شاخەوانییەكان لەسەر چ بنەمایەك ڕێك دەخەن؟
پێویستە بگوترێ دروستبوونی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان ژێرخانێکە بەپێی كۆمەڵێك یاسا و ڕێسا و بنەمای شاخەوانیی جیهانی دروست بووە، هەموو گرووپ و کەسەکان لە داڕشتنی پلان و شیوازی کاردکردنیان ئازاد و سەربەخۆن. .

 ژمارەی ئەو گرووپانەی شاخەوانی بەفەرمی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون چەندە؟
بەشێوەیەكی فەرمی لە ساڵی 2012 هەوڵمان دا تۆماری گرووپە شاخەوانییەكان بكەین، دەستمان كرد بە دانانی ناوەندەكان، بەڵام لە سلێمانی بەهەر هۆكارێك بوو كارەكانمان ڕاگیران بەڵام لە ئاستی گرووپ بەردەوام بوون، دواتر دەستمان پێ‌ كردەوە و جگە لە سڵەیمانی 38 گرووپی شاخەوانی هەن کە هەفتانە چالاکی دەکەن و 33 گرووپ بە فەرمی مۆڵەتیان وەرگرتووە و سەرقاڵی كارەكانیان ئەم پرۆسەیەش لە پارێزگای دهۆک لە گەشەکردندایە.

گرووپەكانی شاخەوانی لە هەرێمی كوردستان هیچ ئاشنایەتییەكیان بە شاخەوانی دەرەوە هەیە یان هیچ گەشتێكیان كردووە؟
گەشتی بەردەوام بۆ دەرەوەی کوردستان هەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکە بەرزەکان، ئەو وڵاتانەشی بۆ ئێمە گونجاو بێت لە ڕووی مادی و تواناوە، ئەوا ئێران و توركیایە، ئێمە ئەو هەوڵانە لەسەر ئاستی كەسی و گرووپەکان بەردەوامی هەیە. لە سەر ئاستئ هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵبژاردەی کوردستان هەیە و هەموو ساڵێک کاری بۆ دەکرێ. بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاو گەشت و چالاکی شاخەوانی یاست بەرز بکات و لەم ڕیگایەدا هەوڵمان داوە دەرفەت بە کەسانی گەنج و بە توانا و بەهرەمەند بدەین بۆ دەرخستنی تایبەتمەندییەکانیان. 

بەربەستەكانی بەردەم سەركەوتن بۆ لووتكەی شاخە سەركەشەكانی دنیا چییە كە تووشی تیمێك یان شاخەوانێكتان بێت؟
سەرکەوتن بە سەر بەرزاییەکانی سەرەوە بە تەواوی جیاوازە، پێویستی بە توانایەكی زۆرە لە رووی زانیاری شاخەوانی و کەلوپەل و پیداویستیەکان، ئەزموون و ڕاهێنان، خواردن و خواردنەوەی گونجاو و ئامادەیی جەستەیی و دەروونی.

تا ئێستە هیچ شاخەوانێكی كورد توانیویەتی بەشداری بكات لە بەرزیی سێ‌ هەزار مەتر بۆ شەش هەزار مەتر كە بەسەركێشی شاخەوانی ناسراوە؟
بەڵێ‌ تا ئێستا جەندین گەشتی سەرکەوتوو لە بەرزاییەکانی ئاستی شەش هەزار و تەنانەت حەوت هەزار مەتریش هەووە کە زیاتر بە پێی پلانی کەسی یان گروپەکان ئەنجام دراوە .

گرووپەكانی شاخەوانیی بیانی سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان هەیە؟
چەندان گرووپی شاخەوانی بیانی بە شێوەیەکی فەرمی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەکان وەك شاخەوانانی توركیا و ئێران و بەشێكی ئەوروپییەكان، بەڵام کەم کورتی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەیە هیچ هەوڵێک  نەدراوە پەرەی پێ بدرێت، یەكێكی تر لە كێشەكان ئێستە ئەوەیە كەسی ڕاهێنراومان کەمە کە ڕێبەری گەشتەکان و تیمە بیانیەکان بکات.

هەڵوێست و بۆچوونی گرووپە بیانییەكان لەسەر شاخەكانی هەرێمی كوردستان چییە؟
شاخەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوی شاخەكانی ئەوروپان لە ئاستی بەرزی و تایبەتمەندی تەکنیکیان كە بەرزییەكەیان لە نێوان سێ هەزار بۆچوار‌ هەزار مەترە، ئەوەیش ئاستێكی زۆرباشە بۆفێربوونی شاخەوانی و بەرزکردنەوەی ئاست و شارەزایی  و ئەزموونی شاخەوانان ئەمەش وادەکات کە سەرنجیان بۆ گەشتکردن بۆ شاخەکانی کوردستان ڕابکێشێت.

چەندان ناوەندی ئەكادیمی لە زانكۆ و پەیمانگەكان هەن وەك بەشی گەشتیاری، بۆ داوای زیادكردنی بەشی شاخەوانیش ناكەن؟
هەموو هەوڵێكمان داوە و لەگەڵ بەرپرسانی هەندێ لە زانكۆكانیش قسەمان كردووە، بە فەرمیش نووسراومان ئاراستەیان كردووە کە پێویستە بەشی پەروەردەیی ڕێبەری شاخەوانی بۆ زانکۆکان زیاد بكرێت و كەسانێكی شارەزا بەپێی ڕێنوێنییەكان بۆ چالاکیەکانی شاخەوانی بە شیوەیەکی زانستی و ئەکادیمی ڕابهێنرێن.

مەترسیدارترین ئەو شاخانە كامانەن لە هەرێمی كوردستان شاخەوانی تێیدا مەترسیدارە؟
وشەی مەترسی لە کوێستان چەند واتای هەیە. هەندێک لە مەترسیەکان دەستکردن وەکو مەترسی کێلگەی مین، بوونی هێزی سەربازی، ململانێی چەکداری.  مەترسیەکانی تر سروشتین کە بە پێی جۆری شاخ، ڕێڕەو، وەرزی سەرکەوتن دەتوانێت جیاواز دەربکەوێت بۆیە شاخێکی دیاریکراو بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەی پێ ناکرێ بەڵام هەندێک لە شاخەکان لە وەرزی زستان بە هەموو شێوەیەک دەتوانن جێی مەترسی و زیان گەیاندن بن وەکو چیخی دەرێ، هەڵگورد، سەکران، پیرەمەگروون ...

دەتوانرێ خەمڵاندنێك بكرێت بۆ ئەوی بزانرێ ساڵانە چەند هاووڵاتی لەگەڵ ئەو گرووپانە دەچنە شاخەكان؟
دەتوانم بڵێم ساڵانە هەزاران هاووڵاتی لە چوارچیوەی گەشتی شاخەوانی بە تاک و بە گرووپ سەردانی شاخاکان دەکەن بەڵام هەر گەشتکردنێک یان چوونە ناو سروشت بە گەشتی شاخەوانی هەژمار ناکرێت.
كەسانێكی زۆر بۆ خۆشیی خۆیان دەچنە شاخەكان، ئەوانە پێیان دەگوترێ شاخەوان؟
شاخەوانی پێناسەی تایبەتی خۆی هەیە کە پێی هەندێ ڕیسا و یاسا و لە سەر پلان و ئامنجی دیاریکراو بە مەبەستی سەرکەوتن بە سەرلووتکە شاخێک یان چالاکیەکی تایبەتی شاخەوانی، ئەنجام دەدرێت بۆیە هەر گەشتکردنێک بۆ ناو سروشت شاخەوانی نیە و هەوموو هەشتیارێکی ناو سروشت شاخەوان نیە.



وشە - رامیار جەواد