ئه‌مڕۆ هه‌ینی 23ی ته‌مووزی 2021، خولی یارییه وه‌رزشییه‌كانی ئۆڵمپیادی تۆكیۆی 2020 به ئاهه‌نگێكی جیاواز و سه‌رنجڕاكێش ده‌ستی پێ كرد، ئێمه‌ش وه‌ك كورد ته‌نیا له شاشه‌ی تی ڤییه‌وه سه‌یرمان كرد!
ئاهه‌نگه‌كانی كردنه‌وه‌ی ئۆڵمپیاد، له هه‌ر وڵاتێك كرابێت، هه‌موو كات جێی سه‌رنج و تێڕامانن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه خوله‌كه‌شی بۆ ساڵێك دواخست، زیاتر سه‌رنجڕاكێش بوو، چونكه ژاپۆنییه‌كان چاره‌سه‌ری ئاماده‌نه‌بوونی جه‌ماوه‌ر و به‌شداربووانی سه‌ر سته‌یج و ناو گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگ و نمایشیان، به ته‌كنه‌لۆژیا و ته‌كنیكی ره‌نگ و گرافیك و كرۆما "ڤێرچوال" و هه‌روه‌ها چه‌ند گوزارشتێك له مه‌ینه‌تییه‌كانی سه‌رده‌م "دووره‌په‌رێزیی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆپارێزی و ماسك" چاره‌سه‌ر كرد و رازییان كردین.
ئۆڵمپیاد گه‌وره‌ترین و به‌رزترین پێشبڕكێ و بۆنه‌ی وه‌رزشییه له دنیا و مێژووی وه‌رزشدا و ئه‌وانه‌ی له بایه‌خ و گرنگیی وه‌رزش تێده‌گه‌ن، ده‌زانن كه ئامانجی هه‌ر وه‌رزشوانێك له ژیانیدا، گه‌یشتن و به‌شداریكردنه له ئۆڵمپیاد، به‌ڵام لێره‌دا ده‌پرسم، ئێمه‌ی كورد له كوێی ئه‌و بۆنه گه‌وره‌یه‌ین؟ چیمان كرد بۆ گه‌یشتنی وه‌رزشوانانی ئێمه به ئۆڵمپیاد، به تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان و له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوویی حوكمڕانیی كوردیدا.
راستییه‌كه‌ی نه‌ك هه‌رێمی كوردستان، بگره عێراقیش وڵاتێكی شكستخواردووه له گه‌یشتن به ئامانجی وه‌رزشوانانی و گه‌یاندنیان به ئۆڵمپیادهكان، ئه‌وه‌تا له مێژووی هه‌موو ئۆڵمپیادهكاندا، ته‌نیا یه‌ك مه‌دالیای برۆنزی هه‌یه، كه وه‌رزشوانێك له ئۆڵمپیادی 1960 له رۆما به ناوی "عه‌بدولواحید عه‌زیز" له به‌رزكردنه‌وه‌ی قورساییدا به‌ده‌ستی هێناوه، ئه‌مجاره‌ش به بچووكترین شاند به‌شداره، كه ته‌نیا 4 وه‌رزشوانن و چاوه‌ڕێی هیچیشیان لێ ناكرێت.
له‌وه گه‌ڕێ كه ئێمه له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا هیچمان بۆ ئه‌وه نه‌كرد ئاستی وه‌رزشی كوردستان به‌رز بكه‌ینه‌وه و وه‌رزشوان بۆ به‌شداریكردن له ئۆڵمپیادهكان پێڕابگه‌یه‌نین، چونكه ئه‌مه بابه‌تێكی تره و دووباره ده‌بێت باسی نه‌بوونی ئه‌جێندا و رووئیای حكوومه‌ت و ده‌زگه وه‌رزشییه‌كان بۆ پێشخستنی وه‌رزش بكه‌ین، ده‌بێت سه‌ت باره‌ش باسی فاشیلبوونی لیژنه‌ی ئۆڵمپی و ده‌زگه وه‌رزشییه‌كان و یانه‌كان بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی زیاتر خه‌می لێ ده‌خۆم، ده‌بینیم ده‌یان وڵاتۆكه و دوورگه‌ی بچووك، كه هه‌ندێكیان پانتایی خاك و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌یان هێنده‌ی گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر نابن، كه‌چی به سه‌ربه‌رزی، به ئاڵا و به جلوبه‌رگ و كلتور و سروودی نیشتیمانیی خۆیانه‌وه له ئۆڵمپیاد به‌شدار ده‌بن و له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌دا خۆیان ده‌ناسێنن.
راستییه‌كه‌ی به‌شێكی دواكه‌وتوویی ئاستی وه‌رزشی كوردستان، پێوه‌ندیی به بارودۆخی سیاسی و ته‌ناهیی كوردستان و عێراقه‌وه هه‌یه به درێژایی سه‌ت ساڵی رابردوو، چونكه هه‌میشه و له هه‌موو سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراقدا، به ئێسته‌شه‌وه، رێگری له ئامانج و هه‌وڵی وه‌رزشوانانی كورد كراوه له‌وه‌ی بتوانن له ریزی تیپه عێراقییه‌كاندا ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن و بگه‌نه به‌شدارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئێسته‌ش ژماره‌ی یاریزانه كورده‌كان له تیپه عێراقییه‌كاندا كه‌مینه و ده‌گمه‌نه و به‌رده‌وامیش كێشه و گرفتیان بۆ دروست كراوه، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا بیانوو نییه و رووی ده‌مم له حكوومه‌تی كوردستان و ده‌زگه وه‌رزشییه‌كانی كوردستانیشه، كه كارێكی ئه‌وتۆیان نه‌كرد بۆ پێشخستنی وه‌رزشی كوردستان و دروستكردنی ژێرخانێكی ئه‌وتۆ، كه ببێته هه‌وێنی پێگه‌یاندنی وه‌رزشوانی باش و پیشه‌گه‌ر و پێشكه‌وتوو.
ئه‌و وشانه‌ی له‌م وتاره‌دا ریزم كردوون ، شتی نوێی تێدا نییه و ده‌یان جار نووسیومانه، به‌ڵام ناچارین هه‌موو جارێك ئه‌وه بخهینهوهڕوو، كه به راستی ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا، هیچ ستراتیژ و پلانێكمان بۆ وه‌رزش نییه و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌رزشیی ئه‌وتۆمان نییه، كه بتوانن خه‌ونی وه‌رزشوانان بێنێته دی، بۆیه ده‌ڵێم " به‌شداریكردنی كورد وه‌ك وڵات و وه‌رزشوانی كورد به ئاڵای كوردستانه‌وه له ئۆڵمپیادهكان، خه‌ونێكه و به‌دیهاتنی له مه‌حاڵ نزیكه".