ئیڤان خالید یه‌كێكه له یاریزانه باشه‌كانی شاری هه‌ولێر و ساڵانێكی زۆر له یانه‌ی هه‌ولێر له هه‌موو ئاسته‌كاندا یاریی كرد، به‌ڵام ئه‌م وه‌رزه یانه‌كه‌ی جێ هێشت و پێوه‌ندیی به یانه‌ی كاره‌بای به‌غداوه كرد.
رۆیشتنی ئیڤان له هه‌ولێر، نائاسایی بوو، گومان و پرسیاری زۆری دروست كردووه، چونكه وه‌رزێك له گرێبه‌سته‌كه‌ی مابوو.
له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ وشه، ئیڤان هۆكاره‌كانی رۆیشتنی له تیپه‌كه‌ی پایته‌ختی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و په‌یامێكیش بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌نێرێت.
چۆن بوو یانه‌ی هه‌ولێرت جێ هێشت و چوویته یانه‌ی كاره‌با؟
راستییه‌كه‌ی من بڕیارم دا بوو، ئه‌گه‌ر راهێنه‌ر ته‌ها قادر وه‌ك راهێنه‌ر ده‌ستنیشان بكرێته‌وه، تیپه‌كه جێ بهێڵم، چونكه ئه‌و كه له دواههشت یاریی وه‌رزی رابردوو بووه راهێنه‌ر، هه‌لی یاریكردنی به من نه‌دا و دوو سێ یاری چه‌ند خوله‌كێك یارییم كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش گوتم با چاوه‌ڕێ بكه‌م، دواتر پێم راگه‌یاندرا، كه راهێنه‌ر منی ناوێت و داوای دوورخستنه‌وه‌ی كردووم، چوومه كارگێڕیی یانه و پرسیارم كرد، گوتیان راهێنه‌ر لیستێكی یاریزانانی داوه‌ته ئێمه، كه دیاره تۆ یه‌كێكی له‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی پلانه‌كانی ئه‌وی، منیش گوتم زۆر باشه، به‌ڵام هۆكار چییه، گوتیان به هۆكاری ئاستی هونه‌رییه، بۆیه منیش له یانه‌كه رۆیشتم.
ده‌گوترێت كێشه‌یه‌ك هه‌یه و لێكتێنه‌گه‌یشتنێك هه‌بووه، ئه‌مه چۆنه؟
ئه‌مه راسته، له ماڵپه‌ڕێك راپۆرتێك له‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر بڵاو كرابووه‌وه، گوایه من لێدوانم داوه و قسه‌م كردووه و گوتوومه ده‌ڕۆم و گرێبه‌ستم بۆ هاتووه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی من هیچ قسه‌یه‌كم نه‌كردبوو، ئاگام له‌و بابه‌ته هه‌ر نه‌بوو، كه‌سێكیش له ناو یانه‌ی هه‌ولێر، كه پێوه‌ندییشی به تیپه‌كه و كاری راهێنه‌ر نییه، هه‌ڵساوه لێكدانه‌وه‌ی خراپی بۆ راهێنه‌ر له باره‌ی منه‌وه كردووه، بۆیه ئه‌ویش به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت راستییه‌كان چیین، بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی منی داوه، راهێنه‌ر پێوه‌ندیشی پێوه‌كردم، گوتی ئه‌گه‌ر گرێبه‌ستت بۆ هاتووه ده‌توانیت بڕۆیت، راستییه‌كه‌ی منیش گرێبه‌ستم له یانه‌كانی ته‌ڵه‌به، نه‌جه‌ف و كاره‌با و زاخۆ بۆ هاتبوو.
باشه، گوتت بڕیارم دابوو ئه‌گه‌ر دكتۆر ته‌ها به راهێنه‌ر بمێنێته‌وه، تیپه‌كه جێ ده‌هێڵیت، بۆچی گه‌یشتبوویه ئه‌م بڕیاره؟
دكتۆر ته‌ها شتێكی به‌رامبه‌ر من هه‌یه، به‌ڵام نایدركێنێت، جورئه‌تی نییه نه به خۆم و نه به هیچ كه‌سێكی بڵێت، نازانم چییه، به‌ڵام ره‌نگه پێوه‌ندیی به‌و كاته‌وه هه‌بێت، كه لوئه‌ی سه‌ڵاح راهێنه‌ری هه‌ولێر بوو، ئه‌و بایه‌خی زۆری به من ده‌دا و یاریی به من ده‌كرد، به‌ڵام كه ئه‌و بووه راهێنه‌ر، من كه‌وتمه سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ، بۆیه ئه‌م بڕیاره‌م دابوو، چونكه من پێویستم به‌وه‌یه یاریی بكه‌م، من ئێسته یاریزانێكی كامڵم، كه‌ی یاریی بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ش گرێبه‌ستم وه‌رزێك مابوو، به‌ڵام ناچار بووم بڕۆم، بۆ ئه‌وه‌ی یاریی بكه‌م، من هیچم له یاریزانه‌كانی تر كه‌متر نییه، ئه‌گه‌ر باشتریش نه‌بم خراپتر نیم.
ئایا ئیداره‌ی یانه نه‌هاتنه ناو ئه‌م بابه‌ته و پرسیار بكه‌ن، مامه‌ڵه‌ی ئیداره‌ی یانه‌كه چۆن بوو؟
ئه‌وان ده‌ڵێن راهێنه‌ر سه‌رپشكه له بڕیاره‌كانی و له هێنان و به‌ڕێكردنی یاریزانه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ش راست نییه، چونكه من ده‌زانم یاریزان هه‌یه ئیداره ده‌یه‌وێت به‌ڕێی بكات، راهێنه‌ر نایه‌ڵێت، راستییه‌كه‌ی ئیداره بۆ من هاوكار نه‌بوون، ئه‌مه له كاتێكدا من كوڕی ئه‌و یانه‌یه بووم، له تازهپێگهیشتووانهوه ده‌ستم پێ كرد تا گه‌یشتمه تیپی یه‌كه‌م.
چۆن بوو یانه‌ی كاره‌بات هه‌ڵبژارد؟
له‌سه‌ر داوای راهێنه‌ر لوئه‌ی سه‌ڵاح چوومه یانه‌ی كاره‌با، یانه‌یه‌كی باش و پێشكه‌وتوون، ئیداره‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌یان هه‌یه، هیوادارم یانه‌كانی تریش له كاری راهێنه‌رایه‌تییدا وه‌ك ئه‌وان كار بكه‌ن، له شاری به‌غداش ئاسووده‌م، چونكه شوێنی ده‌ركه‌وتنی یاریزانانه، تاكه شتێك كه بۆ من ناخۆشه، ماوه‌یه‌كی كه‌مه باوكم كۆچی دوایی كردووه، نه‌مده‌ویست له ماڵه‌وه دووربكه‌ومه‌وه، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه ژیانی یاریزانه و ده‌بێت ئارام بگرین.
پێت وایه له‌وێ هه‌لی یاریكردنت به شێوه‌ی سه‌ره‌كی بۆ بڕه‌خسێت؟
من له‌سه‌ر داوای راهێنه‌ر چوومه یانه‌ی كاره‌با، دڵنیام هه‌لێكی باشم پێده‌دات، به‌ڵام پێویستیشه خۆم ماندوو بكه‌م و ئاستی خۆم بسه‌لمێنم، تیپه‌كه ئێسته له قۆناغی خۆئاماده‌كردندایه و هه‌وڵ ده‌ده‌م به شێوه‌یه‌كی باش له تیپه‌كه‌دا شوێنی خۆم بكه‌مه‌وه.
دوای ئه‌وه‌نده ساڵه یاریكردن له یانه‌ی هه‌ولێر، ئێسته چ په‌یامێكت بۆ یانه‌كه هه‌یه؟
ده‌مه‌وێت بڵێم، یانه‌ی هه‌ولێر موڵكی كه‌س نییه، یانه‌ی شارێكه، پێویسته رێز له یاریزانه‌كانی خۆی بگرێت، رێز له قوربانیدانی یاریزانه‌كانی بگرێت، ئێمه ساڵانێك به‌بێ پاره و له خراپترین بارودۆخدا له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا بووین، زه‌حمه‌تیی زۆرمان كێشا و تیپه‌كه‌مان جێ نه‌هێشت، ئێسته‌ش ماف و پاره‌ی زۆرمان له‌سه‌ر یانه‌كه ماوه، هیوادارم ئه‌م مافانه‌مان نه‌خورێت و بۆمان بگه‌ڕێننه‌وه.
پرۆفایل
ئیڤان خالید
له‌دایكبووی 1991
یاریزانی هێڵی ناوه‌ڕاسته
له 2005 پێوه‌ندیی به تازه‌پێگه‌یشتووانی یانه‌ی هه‌ولێر كردووه
له 2009 بۆ تیپی خولی كوردستانی یانه‌كه یاریی كردووه
له 2014 تا 2021 بۆ تیپی یه‌كه‌می یانه‌ی هه‌ولێر له خولی عێراقدا یاریی كردووه.
یه‌ك وه‌رز به خواستن بۆ یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت یاریی كردووه.
یه‌ك وه‌رزی تر به خواستن بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی كردووه.
له خولی پله یه‌كی عێراق وه‌رزێك بۆ یانه‌ی برایه‌تی یاریی كردووه.
بۆ یه‌ك وه‌رز گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌ی كاره‌با كردووه.